گرفتە داهاتوییەکانی بەردەم ڕێککەوتنی هەرێم و بەغداد

ليست هناك تعليقات


ئامادەسازیەکانی هەرێم لە بەرامبەر وەستانی نەوتی هەرێم و کاردانەوە خێراکان و گەشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسە، توانی بۆ ماوەیەکی کاتی هەرێم لە قەیرانی قوڵبونەوەی گرفتەکان لەگەڵ بەغداد بپارێزێت، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە بەراورد بە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد زۆر سەرەتایی و مەودا تەسکە، کە دەکرێت بڵێی بۆ هەرێم تەنها دەرچەی خۆ پارێزی بوو لە لێکەوتە خراپەکانی بڕیاری پاریس و وەستانی نەوت، بۆ بەغدادیش هەنگاوی سەرەتایی جێبەجێکردنی خەونەکانی بوو، بژاردەی خێرای لێکتێگەشتن لەگەڵ بەغداد و گەشتنە ڕێککەوتن لەسەر نەوت تێگەشتنبوو لە زەرورەتی خۆپارێزی و فراوان نەبوونی ناکۆکیەکان لە ئێستادا، ئەگەرچی ئەم ڕێککەوتنە پێناچێ لە ئاست ئەو هیوایەدابێ کە هاوڵاتیان و هێزەکانیش لەسەریان هەڵچنیوە، هەر بۆیە داهاتووی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەبەردەم ئەم گرفتانەدایە.

دیوی پشتەوەی سیاسەتی بەغداد لە ئێستادا ئەوەیە کە بەغداد و هەرێم پێویستیان بەڕێککەوتن و هاوسەنگی نیە، بەڵکو هەرێم پێویستە بچوکبکرێتەوە و لە قاڵب بدرێت، ئەمە بیرکردنەوە خەتەرەکەیە

یەکەم/ سیاسەتی ئێستای بەغداد و بڕیاربەدەستەکانی و ئاراستەی بەهێز ئەوەیە کە بەغداد و هەرێم پێویستیان بەڕێککەوتن و هاوسەنگی نیە، بەڵکو پێویستە هەرێم بچێتە ژێر بڕیار و فشارەکانی بەغداد بە ئەندازەی لە قاڵبدان و بچوککردنەوەی هەرێم، چونکە خەونی ئێستای بڕیاربەدەستانی بەغداد هەرێمێکی لاوازی داخراوی ڕوو بە مەرکەزێکی خاوەن بڕیاری بەهێزە، بە پێچەوانەی بڕیاربەدەستانی هەرێم(پارتی) کە خواستیانە بە تەنیشت چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدادەوە هەرێمێکی بەهێزی خاوەن بڕیار هەبێت و لەوە زیاتر پاشەکشە لەو نیمچە سەربەخۆییە نەکات کە لە واقعدا زیاترە لەو فیدراڵیەی کەلە دەستوردا هەیە، هەر بۆیە ئەم دوو خەونە و ئەم دوو تێروانینە بۆ چارەسەر، گرفتی گەورەی داهاتووی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدادە، چونکە بۆ ئەمە بەغداد یەك لە دوای یەك خواستەکانی دەخاتە ڕوو بۆ جێبەجێکردنی خەونەکانی تا ئەوئاستەی کە هەرێم تێدەگات ئەوەی بەغداد دەیەوێت چونە ژێر باری بەغدادە نەك ڕێککەوتن و لێکتێگەشتن، لێرەوە گرفت بۆ ئەو ڕێککەوتنە سەرەتاییەش دروست دەبێت کە لەسەر نەوت کراوە.

دووەم/ پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق و جێبەجێکردنی بە قازانجی بوژانەوەی زیاتری هەرێمە، ئەمەش پێچەوانە دەبێتەوە لەگەڵ خەون و پلانی بڕیاربەدەستانی بەغداد و ئەو ئاراستە سیاسیە ناوچەییەی کە هەیە، هەر بۆیە ئیمکانی جێبەجێکردنی ئەم بودجەیە وەك خۆی قورسە و پێناچێ بێ گرفت بێت، هەربۆیە پرسی وروژاندنی تەسفیە حساباتی ساڵانی ڕابردووی هەرێم و پابەند نەبوونە داراییەکانیتری هەرێم و پرسی داهاتە ناوخۆییەکان لەو گرفتە ئامادانەن کە بەغداد لە هەر تەوقیتێکدا دەتوانێت بیانورۆژێنێت و حساباتێکیان لەگەڵ بکات لەگەڵ بوودجەی بڕیار لێدراو بۆ هەرێم.

سێهەم/ چاوی بەغداد لەسەر کۆرمۆر و خورمەڵە و ناوچەی غازی سروشتی هەرێم و کردنی بە کەیسی دادگایی، یەکێکیترە لە گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، ڕەنگە بە غداد بۆ ئەمەیان تواناکانی خۆی بخاتە گەڕو میکانیزمی گەڕانەوەی دەسەڵاتی بۆ ئەم ناوچانە بە کرداری جێبەجێ بکات و پەنا نەباتە بەر رێککەوتن و نەیەوێت پرسی غازی سروشتی بەدەردی پرسی نەوت بڕوات، ئەمەش خاڵێکیتری ئاستەنگەکانی نێوان هەرێم و بەغدادە، بەتایبەت ئەم ناوچەیە لە سنوری زۆنی یەکیەتیدایە وئەمەش گرفتێکیترە بۆ پارتی.

چوارەم/ ناکۆکی نێوان یەکیەتی و پارتی و دوورکەوتنەوەی زیاتر و نەگەشتنە ڕێککەوتن یەکێکیترە لە گرفتەکانی بەردەم هەرێم و بەغداد، چونکە فراوانبونی ناکۆکیەکان و نەگەشتنە ڕێککەوتن وایکردوە یەکیەتی لە بەغداد نزیکتر و لە هەولێر دوورتر بخاتەوە، ئەمەش وا دەکات هەنگاوەکانی بڕیار بەدەستانی بەغداد لە لاوازکردنی هەرێم خێراتر بکات، چونکە ناکۆکیەکانی پارتی لەگەڵ یەکیەتی وادەکات ئەم دوو هێزە بە جیا ڕوو بکەنە بەغداد، لەمەشدا یەکیەتی دەبێتە فشارێکیتر لەسەر پارتی و لێکەوتەکانیشی ئەوەیە کە پارتی وزەیەکیزیاتری دەوێ بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد و دەبێت زیاتر بدات و کەمتر بەدەست بهێنێت، رێك بە پێچەوانەی یەكدەنگی و پێکەوەبونی هێزە کوردیەکان کە دەتوان بە کەمترین بەخشین زۆرترین بەدەست بهێنن، لێکەوتەی ئەم ناکۆکیانەی نێوان پارتی و یەکیەتی کاریگەری لەسەر داهاتووی قەوارەی هەرێم دادەنێت! گەر ناکۆکیەکانی یەکیەتی و پارتی بەردەوامبن ئەوا لە داهاتوودا گرفتیش بۆ رێککەوتنەکان بێتە پێش ئەوا ئەو هەنگاوەی حکومەتی هەرێم ڕوو بە بەغداد هەڵی هێنایەوە، لە داهاتوودا یەکیەتی نایگێڕێتەوە و دەستکراوە دەبێت بۆ هەر جۆرە رێککەوتن و مامەڵەیەك لەگەڵ بەغداد.

 هەر جۆرە قوڵبونەوەیەکی ناکۆکیە نێوخۆییەکان چ لە بەغداد و چ لە هەرێم، کاریگەریان لەسەر بەهێزی ئەویتریان دەبێت

پێنجەم/ یەکێکیتر لە گرفتەکان پرسی تەعدیلی دەستوری عێراق، کە لەهەر دۆخێکدا دەکرێت گرفتە گەورەکە بێت، چونکە عێراقیەکان پێیانوایە دەستوری عێراق بە ڕوونی پێگەی بەهێزی ئەوکاتەی کوردی پێوە دیارە و ئەمە بۆ ئێستا قبوڵکراو نیە و هەرێم شایەنی ئەو هەموو مافە نیە کە لە دەستوردا جێی کراوەتەوە و جێگیر کراوە و بەشێکیان لە کاتی تەعدیلیشدا گرفتی گەورەن، واتە لاوازکردنی پێگەی کورد لە دەستوردا یەکێکیترە لە خەونەکانی بەغداد، کە دەکرێت لە وروژاندنی پرسی تەعدیلی دەستوری عێراقدا نێوان هەولێر و بەغداد بباتەوە سەر خاڵی سەرەتا.

لە کۆتایدا هەر جۆرە قوڵبونەوەیەکی ناکۆکیە نێوخۆییەکان چ لە بەغداد و چ لە هەرێم، کاریگەریان لەسەر بەهێزی ئەویتریان دەبێت، چونکە ناکۆکیەکان تەنها لە نێوان بەغداد و هەولێردا نین، بەڵکو هێزە عێراقیەکانیش بەهۆی ناکۆییە نێوخۆییەکان و جەمسەر بەندی و وابەستەییان بە دەرەوە و هەوڵی باڵادەستبونی هەریەکێکیان دەکرێت گرفتەکان بە جۆرێك بۆ عێراق زیاتر بکات کە بەسودی هەرێم بشکێتەوە.

خاڵێکیتر کە دەکرێت خەونی باڵادەستی بەغداد لاواز بکات بوونی ئەو بۆ شاییە گەورەیەیە لە نێوان ژیانی هاوڵاتیانی عێراقی و بڕیاربەدەستاندا دروستبوە، کە دەکرێت لە هەر دۆخێکدا هەژاری و بەرزی رێژەی بەتاڵە ببێتە مەترسی لەسەر بڕیاربەدەستانی عێراق و ناوچەکە ڕووبەڕووی ناڕەزایی فراوان بکاتەوە، خۆ ئەگەر ناڕەزاییەکە نەپەڕێتەوە بۆ هەرێم ئەوا بەسودی دەشکێتەوە و خەونی ناوەندێکی بەهێز بۆ ماوەیەك دوادەخات، سروشتی ئەم جۆرە پەیوەندیانەی لە نێوان هەرێم و بەغدادداهەیە پەیوەندیەکی پێچەوانەیە (لاوەندێکی بەهێز و هەرێمێکی لاواز)، بە پێچەوانەشەوە، چونکە دواجار ئێرە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە ئەوەی ڕۆڵی تێدا دەبینێت مەنتقی هێزە نەك هیچیتر.

عوسمان عبدڵلە گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif