ناوەندی ئاماری ئێران دەڵێت لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا، 27 هەزار و 448 کچی خوار تەمەن 15 ساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ژیانی هاوبەشییان پێکهێناوە و بە شوو دراون.
ئامارەکەی ناوەندی ئاماری ئێران باس لە سەرەتای ساڵی 2022 تاوەکو تشرینی یەکەمی 2022 دەکات.
میدیای ئێران دەڵێت، بەشوودانی کچانی خوار تەمەن 18 ساڵ لە ساڵی 2017ـەوە بەرەو کەمبوونەوە چوو، بەڵام لە ساڵی 2019ـەوە زیاد بووەتەوە.
لە ساڵی 2019ـدا 28 هەزار و 472 کچی خوار تەمەن 15 ساڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شوو درابوون، یان ژیانی هاوبەشییان پێکهێنابوو، بەڵام ئەو ژمارەیە لە 2021ـدا بووەتە 32 هەزار و 655 کچ.
ئێران، یەکێک لە وڵاتە دەگمەنەکانی جیهانە کە تێیدا هاوژینیی کچانی خوار تەمەن 15 ساڵ رێگەی پێدراوە.
بەپێی یاسای ئێران، کچان دەتوانن لە تەمەنی 13 ساڵییەوە ژیانی هاوبەش پێکبهێنن و کچانی تەمەن کەمتر لە 13 ساڵیش بە مەرجی رەزامەندیی باوک یان دادگە، دەکرێ ژیانی هاوبەش پێکبێنن.
ئەوە لەکاتێکدایە، کچ و کوڕانی خوار تەمەن 18 ساڵ بە منداڵ هەژمار دەکرێن و پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش بۆ ئەوان وەک پێشیلکردنی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی منداڵ لە قەڵەم دەدرێت.
بەپێی راپۆرتە فەرمییەکان، لە یەک دەیەی رابردوودا 400 هەزار کچی خوار تەمەن 15 ساڵ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە شوو دراون، یان ژیانی هاوبەشییان پێکهێناوە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق