دەستەى دەستپاکیى عێراق فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ شەش بەرپرسی گومرگى باشوور و بەرپرسێکى دیوانى چاودێریى دارایی بە تۆمەتى "دزینى" 92 ملیار دینارى سپاردەى دارایی گومرگ دەرکرد.
رۆژی پێنجشەممە، 18ـى ئایارى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریى "دزینى" ئەو 92 ملیار دینارەى بڵاوکردەوە، کە پارەى سپاردەى دارایی گومرگى باشوور بووە لە پارێزگاى بەسرە، کە لەنێوان ساڵانى 2015 بۆ 2016 بردراون.
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاماژەى بەوەداوە، بەهۆى ئەو دۆسیەوە فەرمانى دەستگیرکردن و رێگرى لە گەشتکردن بۆ شەش بەرپرسی گومرگى باشوور و بەڕێوەبەرى پێشووى دیوانى چاودێریى دارایی بەسرە دەرکراوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو 92 ملیار دینارە بەگوێرەى نووسراوى رێگەپێدانى گومرگ و بریکارنامەى ساختە براون و نووسراوێک لەلایەن ناوەندى گومرگى بەندەرى ئوم قەسرى باکوورەوە دەرکراوە، کە گوایە سەرجەم نووسراوەکانى پێشینەى تایبەت بە سپاردەى دارایی گومرگ بەهۆى خۆپێشاندەرانەوە لەو شارە سووتاون، بەبێ ئەوەى لەم ماوەیەدا هیچ ئاگرکەوتنەوەیەک روویدابێت و 75 رێگەپێدانى گومرگى گەیشتوونەتە ناوەندى گومرگى ئوم قەسەر بە نووسراوى وردبینیکردنى لەلایەن دیوانى چاودێریى داراییەوە کە گوایە هەموو مەرجەکانى وەرگرتنى ئەو پارەیەى تێدایە و دواتر دەرکەتووە هەموو نووسراوەکان ساختەن.
بەگوێرەى لێکۆڵینەوەکانى دەستەى دەستپاکى، سەرۆکى پێشووى دیوانى چاودێریى دارایی پارێزگاى بەسرە بەشێوەیەکى نایاسایی فەرمانێکى دەرکردووە، کە تێیدا خۆى راسپاردووە بە وردبینیکردنى لە 315 نووسراوى رێگەپێدان و خۆى نووسراوەکەى رادەستى بەڕێوەبەرایەتیى گومرگى ناوچەى باشوور کردووە، لەکاتێکدا دەبوو تیمى دیوانى چاودێریى دارایی بۆ ئەو کارە لانیکەم لە سێ کەس پێکبهاتنایە و بڕیارى خەرجکردنى ئەو پارانە لەلایەن هەردوو بەڕێوەبەرى پێشووى لەگەڵ پێشووترى گومرگى ناوچەى باشوور دەرکراون.
لەو شەش بەرپرسەى کە لەو دۆسیەیە گلاون، بەڕێوەبەرى پێشووى دیوانى چاودێریى دارایی بەسرە و یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى هۆبەى یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتیى گومرگى ناوچەى باشوور دەستگیر کراون.
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاماژەى بەوەشداوە، کە ئەو بڕە پارەیەى تائێستا ئاشکرا بووە و براوە، بڕى کۆتایی نییە و لێکۆڵینەوە و وردبینیکردن لەو دۆسەیەیە بەردەوامە و دواتر تێکڕاى ئەوپارانە رادەگەیێندرێت کە براون.
ساڵى 2022، زیاتر لە 3.7 تریلیۆن دینارى پارەى هەژمارى سپاردەى دارایی بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى باج لە عێراق لە بانکى رافیدەین برا، کە لە رێگەى پێنج کۆمپانیاوە لەنێوان ئابى 2021 و ئەیلوولى 2022 لەو بانکە براون و دزییەکەش بە "دزیى سەدە" ناوى دەرکرد.
تاوەکو ئێستا بەگوێرەى ئەوەى حکومەتى عێراق و دەستەى دەستپاکى رایانگەیاندووە، نزیکەى 186 ملیار دینار لەکۆى 3.7 ترلیۆن دینارەکە گەڕێندراونەتەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق