کۆمەڵی دوای بڕیارەکە!

ليست هناك تعليقات


عوسمان گوڵپی
-
*لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا لە پرۆسەی سیاسی هەرێم بکێشەتەوە بە جۆرێك کە ئەو هێزە هیچ وابەستەییەکی نەمێنێ بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە چ هەڵبژێراو و چ جێبەجێکرد، ئەگەرچی کاری سەرەکی هێزی سیاسی بەشداریە لە کایە سیاسیەکان و نوێنەرایەتیکردنی خەڵكە بە ئەندازەی متمانەی بەدەستهاتوو، بەڵام کاتیك کایەی سیاسی و دامەزراوەکان ماوەیان بەسەردەچێت بە هەر هۆکارێك بێت، ئیدی دەبنە ئاوێکی مەنگ کە نە ئاویتری دێتە سەرو نەلەبەری دەروات بەمەش تا کات زیاتر تێپەڕێ ئاوەکە زیاتر لیخن دەبێت.

بەم بڕیارە، کۆمەڵ دەستی بۆ کارتێك برد کە هێشتا نەسوتابوو.


*هەر چەند ئەم بڕیارەی کۆمەڵ دەتوانرا زۆر زووتربدرێت و درەنگ کەوت، بەڵام بەو درەنگ کەوتنەشەوە هێشتا دەبێتە یەکەم هێزی سیاسی بەشدار لە حکومەتە خۆجێیەکان کە بڕیارێکی لەو شێوەیی دابێت هاوشان بە کشانەوە پەرلەمانیەکەی لە ئەنجومەنی پارێزگاو حکومەتی خۆجێیش کشایەوە، هەربۆیە دەتوانی بڵییت کۆمەڵ دەستی بۆ کارتێك برد کە هێشتا نەسوتابوو.

*بڕیارەکە بۆ هێزێك کە بانگەشەی ئۆپۆزسیۆن بوون بکات دروسترین بڕیاربوو، چونکە ناکرێت هێزێك بەرگی ئۆپۆزسیۆنی بەبەری خۆیدا بکات بەڵام لە حکومەتی خۆجێیدا پشکداربێت بە تەنیشت حیزبی دەسەڵاتدارەوە، چۆن دەبێت بە تەنیشت بایکۆتی پەرلەمان و بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنیەوە لە سەرۆکایەتی هەرێم پێشوازی لە میوانەکانی سەرۆکی هەرێم بکەی وەك فەرمانبەرێك، ئەم جۆرە مامەڵانە دەکرێت دەستکەوت و ئامانجی شەخسی تێدا تەحقیق بکرێت بەڵام دواجار دەبنە لەکەیەك بە بەرگی ئۆپۆزسیۆنبونەوە، بە جۆرێك زۆری هەڵەکان وادەکات هاوڵاتیان نەزانن تۆ وەك هێزێکی سیاسی لە کوێی پرۆسەی سیاسیدای، هەر ئەمەش وادەکات وێنەکەت بشێوێت، ئەوکات نەیارەکانت وێنەکەت بەو جۆرە دادەڕێژنەوە کە خۆیان دەیانەوێ، دواتریش کاتێکی زۆری دەوێ تاوێنەی خۆت ڕوون دەکەیتەوە.

*ئەوەی گرنگە بۆ کۆمەڵ ئەوەیە کە بیرکردنەوە و ئامانجێکی ورد لە پشت ئەم بڕیارەوە بێت، دواتر ئەم بڕیارە بکاتە خاڵی جیاکەرەوەی لە نێوان ڕابردوو داهاتویدا، جوانیەکانی خۆی بهێنێتەوە ئەمدیو خاڵەکە و ئیدامەیان پێ بدات و کەم و کورتیەکانیشی لەو دیو خاڵەکەوە بەجێ بهێڵێت، ئەمەش تەنها بە تیمی بەبیرکردنەوە دەبێت، ئەو کات دەتوانێت خۆی وێنەکەی دابڕێژێتەوە بەو جۆرەی کە هەیە، ڕاستیەکەی بۆ هێزی سیاسی زۆر گرنگە وێنەکە خۆیبێ و پێی بناسرێیتەوە، نەك ئەوانیتر وێنەی بکێشن.

*کۆمەڵ دەتوانێت لە بەردەم ئەم جۆرە هەڵوێستانە کە هیچ جۆڕە فێڵ و دووڕووییەکی سیاسیانەی تێدا بەدیناکرێت، پلانی خۆی بۆ داهاتوو دابڕێژیتەوە، بە جۆرێك کە داڕشتنەوەی سیاسەتی ئۆپۆزسیۆنانە بە مانای گۆشەگیری و خۆ پەراوێز خستن نەیەت، بەڵکو بەمانای ئەوەی کاتێك هێزێك دەبێتە ئۆپۆزسیۆن هەموو جومگە و هەڵوێستەکانی لە خزمەت ئۆپۆزسیۆن بوونەکەیدا بن کە خودی ئۆپۆزسیۆن بوونی ڕاستەقینەش بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتیە، پێچەوانەکەشی دروستە.

* بۆ هێزێکی وەك کۆمەڵی دادگەری کە تا ئێستاش پێگەی جەماوەریەکەی ئەگەرچی لاوازیش بوبێ بەڵام لەدەستی نەداوە، گرنگە کە جارێکیتر خۆی رێکخاتەوە و هەرگیز نەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش ئەم بڕیارەی و بیکاتە خاڵی وەرچەرخانی خۆی، بەبێ ئەوەی سڵ بکاتەوە لە شکانی شوشەی پەنجەرە شەخسیەکان، چونکە هەمیشە بەرژەوەندیە شەخسیەکان مەترسین لەسەر بەرژەوەندیە گشتیەکان، بەمەش گوتارو کردار هاوتەریب ڕێدەکەن و کەمترین بەریەککەوتن ڕوودەدات و دەبێتە سەرەتای گەڕانەوەی متمانە بۆ هەرهێزێکی سیاسی، کە ئەوەی دەیلێ و بانگەشەی بۆ دەکات هەمان ئەو هەنگاوە کرداریانەبێت کە دەیاننێت و جارێکیتر ڕێگە نەدات لە نێوان گوفتار و کرداریدا دژیەکی دروستبێتەوە، کە پێموایە کۆمەڵی دادگەری زۆر ئاسان دەتوانێت ئەمە بکات و بەمەش نەك متمانە لەدەستچوەکان بگێڕێتەوە بەڵکو متمانەی زیاتریش بەدەست بهێنێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif