بەپێی بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە کاراکردنەوە و هەڵبژاردنەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کە رۆژی سێشەممە لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، پێکهاتەی نوێی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن لە پێنج ساڵی وادەی یاسایی، تەنیا ساڵێک و شەش مانگی ماوە.
رۆژی دووشەممە، 22-5-2023، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کاراکراوەتەوە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دان بە بڕیارەکەدا نانێت و بە نایاسایی دەزانێت.
بەپێی بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن، وادەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی 23-12-2019ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 23-12-2024 بەردەوام دەبێت، چونکە ماوەی یاسایی کۆمیسیۆن بۆ پێنج ساڵە، وەک لە یاسای کۆمیسیۆندا هاتووە.
بژار کۆچەر، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێنج ساڵە، بۆیە ئەو کاتەی کە رۆیشتووە لە وادەی یاسایی ئەنجوومەنی نوێ زیاترە لەوەی ماوە، بەو پێیە بێت، ئەنجوومەنی نوێ دەتوانێت یەک هەڵبژاردن بکات و لە رۆژی 23-12-2024 وادەی یاسایی بەسەردەچێت."
کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک رۆژێک پێشتر بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە، پارتی دەڵێت لە کۆبوونەوەکە کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە و یەکێتیش رەتیدەکاتەوە.
ئەندامانی کۆمیسیاران پێکدێن لە هەندرێن محەممەد ساڵح، سەرۆک- پارتی، عەلی ساڵح مەحموود -پارتی (سوێندی یاسایی نەخواردووە)، نەهرۆ سەلیم حەنا -یەکێتی، سلێمان مستەفا حەسەن -یەکێتی، رێزان حەمەڕەشید کەریم -گۆڕان، عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا -گۆڕان، شێروان زرار نەبی -کۆمەڵ، ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقادر -یەکگرتوو و، کامەران نەشئەت بەکر -تورکمان (سوێندی یاسایی نەخواردووە).
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق