بڕگە دەستکاریکراو زیادکراوەکانی پرۆژەیاسای بودجە لە لیژنەی دارای پەرلەمانی عێراق،زۆر ئاماژەی تێدایە کە ئەمانەن
# ئەو پرۆژە یاسایەی لیژنەی دارای پەسەندی کردوە، دەرخەری ئەوەیە کە بەشێك لە هێزە شیعیەکان بە نوێنەرایەتی ئێران نیگەرانن لە پارتی و پەیوەندیەکانیان وەك پێویست باش نین، چونکە یەکێتی بەتەنها ناتوانێ ئەو هەنگاوانە دژی پارتی هەڵگرێت لە بەغداد، کەلە ڕاستیدا گەرێکیتری فشارن لەسەر پارتی و حکومەتی هەرێم.
بۆ مبێکی تەوقیتکراوە بۆ بەتەواوی پەرتکردن و لاوازکردنی هەرێم وپرسی مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکان دێنێتە ئاراوە
#یەکێتی بەتەنیشت گفتووگۆکانیەوە لەگەڵ پارتی و بەشداریکردنەوەی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، گفتووگۆ و کۆبونەوەکانی لە بەغداد بەردەوام بوون بەتایبەت لەگەڵ لایەنە نەیارەکانی پارتیدا، بۆ ئەوەی بەغداد ببێتە فشارێکی جدی لەسەر دەسەڵاتەکانی پارتی تا کاریگەری لەسەر خواستە نێوخۆییەکانی هەرێم دابنێ بە ئاراستەی هاوسەنگردنەوەی دەسەڵات
#ئەوەی یەکێتی کردویەتی گەر سەر بگرێت و وەك خۆی تێپەڕێت، کودەتایە بەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێمدا کە پارتی نوێنەرایەتیان دەکات(سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم)، لە بڕگەیەکی پرۆژەیاساکەدا هاتووە: (پارەی فرۆشتنی نەوت دەخرێتە سەر ژمارە حسابیەك کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە ڕەزامەندی وەزیری نەوتی عێراق دەتوانێت لەو پارەیە خەرج بکات) ئەم بڕیگەیە پێگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بچوك دەکاتەوە بۆ خوار دەسەڵاتی وەزیرێکی عێراق، ئەم بڕگەیە ئەگەرچی وا دەبینرێت کە لێدانە لە پێگەی مەسرور بارزانی، بەڵام لە ڕاستیدا لێدانە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێگەی سەرۆکی حکومەتەکەی، ڕاستە ئێستا پارتی سەرۆکی حکومەتە بەڵام دەکرێت سبەی پارتی نەبێت و ئەم ئاوەی ئێستا لە بەغدا دەڕژێت بۆ بێ بایەخکردن درێژەی دەبێت، لیرەدا پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی حیزبەکانیتر کورسی سەرۆکی حکومەت وەك تاپۆکراوی پارتی تەماشا دەکەن و لێدان لە سەرۆکی حکومەت دەبەستنەوە بە لێدان لە پارتی؟ ئەمە نیشانەی ئەوە نیە کە بێ هیوان لەوەی هەرگیز سەرۆکی حکومەت بێتەوە لای خۆیان؟ ئەگەر سەرۆکی حکومەت کە پارتیە دەسەڵاتی بێتەوە خوار دەسەڵاتی وەزیرێکی حکومەتی عێراقی، ئەی دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی حکومەت کە قوباد تاڵەبانیە و یەکێتیە نایەتەوە ئاستی بەڕێوبەرێکی گشتی لە بەغداد؟
پرۆژە یاساکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، کودەتایە بەسەر دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستاندا
#لە بڕگەیەکیتردا دەڵێت(ئەگەر حکومەتی هەرێم داهاتە نانەوتیەکانی وەك گومرگ و باجەکانی ڕادەستنەکرد، ئەوا شایستە داراییەکانی هەرێم نانێرێت) ئەم بڕگەیە ئەگەرچی فشارە لەسەر هەرێم بەڵام نەناردنی شایستەی دارایی هەرێم چ سودێکی بۆ خەڵكی هەرێم تێدایە؟ جگە لە باڵا دەستی عێراق، خۆ نەوتراوە شایستەداراییەکانی هەرێم ڕادەستی حکومەتی هەرێم ناکرێت و راستەوخۆ عێراق سەرپەرشتی دەکات و دەیداتە خەلکی هەرێم تا ئێمە دڵخۆشبین بەم بڕگەیە، چ هەرێم پارە نەداو چ بەغداد هەر گیرفانی خەڵک خاڵیە.
#لە پرۆژەیاساکەدا هاتوە(حکومەتی هەرێم پابەند دەکرێت بە دانەوەی بڕی ٪١٠ی مانگانەی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم) ئەم بڕگەیە گەر جێبەجێ بکرێت ئەوا لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمە و داواکاری چەندین ساڵەی خەڵکی ناڕازیە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەندە کۆدو بەند دانراوە بۆ جێبەجێنەکردنی ئەم پرۆژە یاسایە و بەشە بودجەی هەرێم، ئەوا نەك ئەمە جێبەجێ ناکرێ بەڵکو مووچەی ئێستاش دەکەوێتە بەردەم مەترسی، گەر لایەنەکان جدی بونایە لە پرسی پاشەکەوتی موچەدا ئەوا لە پرۆژە یاساکەدا ئەوەیان جێ دەکردەوە کە ئەگەر حکومەتی هەرێم پابەندی دانەوەی پاشەکەوت نەبێ بەو ڕێژەیە ئەوا لە بەشە بودجەی هەرێم دەبڕێت و حکومەتی عێراق خۆی راستەوخۆ دەیداتەوە بە موچە خۆران(دەستوریە یان دەستوری نیە قسەیەکیترە)، لە ڕاستیدا ئەم بڕگەیە تەنها بۆ دلخۆشکردنی خەڵك و شاردنەوەی بڕگەکانیترە، چونکە دەبێت هەموو پرۆژە یاساکە جێبەجێ بکرێت ئەوکات ئەم بڕگەیە، ئەوەش زۆر زەحمەتە
#لە پرۆژە یاساکەدا هاتوە( ئەگەر پارێزگایەك ناڕازی بوو لە بەشە بودجەی خۆی لەلایەن هەرێمەوە ئەوا ڕاستەوخۆ لە پشکی هەرێم دەبڕڕیت و بۆ پارێزگاکە دەنێرێت) ئەم بڕگەیە یەکێتی بۆ باڵای خۆی دووریویەتی و لە پێناویشیداهەندێك بڕگەیتری تێپەڕاندوە وەك دانوستان، چونکە ئەم بڕگەیە بەتەواوی یەکێتی لە ڕووی داراییەوە لە ژێر چنگی پارتی دەردەکات و پێویست ناکات لە پێناو بەشە بودجەی پارێزگاکانیدا هیج سازشێك بۆ پارتی بکات، ئەم بڕگەیە راستە بۆ یەکێتی دەستکەوتە، بەڵام بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان بۆ مبێکی تەوقیتکراوە بۆ بەتەواوی پەرتکردن و لاوازکردنی، چونکە ئەو کات پرسی مامەڵەکردن لەگەڵ پارێزگاکان دێتە ئاراوە و جێبەجێ دەکرێت، هەرێم بەتەواوی پەرت دەبێت، لە راستیدا ئەم بڕگەیە لەیەك کاتدا جێگای دڵخۆشی بوو ئەویش ئەوەیە کە یەکێتی هێزێكبێ لە پێناو بەرژەوەندی خەلكدا یان شەری قوتی خەڵکی کردبێ یان پێشتر گرفتی نەبوونی پارەی هەبووبێ، کەمن پێموایە ئەم بڕگەیە سەریش بگرێت و یەکێتی بەشە بودجەی سلێمانی و هەڵەبجە بهێنێت هیچ لە دۆخەکە بۆ خەڵك ناگۆڕێت، بۆچی مەگەر ئەو پارەیەی بەغدا ئەگەر بێت نایەتەوە لای قوباد تاڵەبانی و ئەو سەرپەرشتی ناکات؟ ئەی مەگەر نێچیرڤان بارزانی بە ڕەزامەندی و هەماهەنگی قوباد تاڵەبانی بەناوی پاشەکەوتەوە موچەی خەڵکیان نەبڕی؟ چەندین مانگ خەڵکیان بێ موچە نەکرد؟ قوباد تاڵەبانی دوای چەندین جار داواکردن تەنانەت ئامادە نەبوو یەك جارێش ئەو مامۆستاو فەرمانبەرە ناڕازیانە ببینێت کە چەند سەد مەترێك لەولای نوسینگە و ماڵەکەیەوە داوای قوتی خۆیان دەکرد و زیاتر لە پێنج ساڵ خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، ئاخر کەسێك ئامادە نەبێت خەڵکی نارازی شارەکەی خۆی ببینێت و زیاتر لە پینج ساڵ شەقامەکان پڕبن لە خۆپیشاندان و چەندین جار دەستگیربکێن و شەهید بکرێن بەخەیاڵیا نەیەت، دەتوانی دڵتخۆشکەی بەوەی مووچەکەت لە بەغدادەوە دێتەوە دەستی؟ ئەی مەگەر هەموو داهاتی سنوری سەوز لای یەکێتی نیە ئێستا؟داهاتی سنوری زەرد و زیاتریش لای پارتی، بێگومان بەڵێ، من باوەڕم وایە پارتی بەرپرسی یەکەمی ئەم دۆخەیە وەك سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و زۆرترین دەسەڵات، یەکێتیش بەرپرسی یەکەمی ئیدارەکەی خۆیەتی کە زۆنی سەوزە و لە ئاستی هەرێمی بەرپرسی دووەمە، بۆ یە پێویستمان بە هیوا هەڵچنینی بێ بنەمانیە، ئەوەی هەیە شەڕی بەرژەوەندیەکانی خەڵك نیە، شەڕی فشاری دەرەکی و هاوسەنگردنەوەی دەسەڵات و دابەشکاریە ناوچەییەکان و بەرژەوەندیە نەك هیچیتر
لە کۆتایدا پێموایە ئەوەی یەکێتی لە بەغداد کردویەتی تۆڵەکردنەوەیە لە سیاسەتی پارتی لە هەرێم کە بەتەواوی تەنگی بە یەکێتی هەڵچنیوە، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە ئەم ململانێ و تۆڵەکردنەوە و دەستشکانەوەیە هیچ لە بەرژەوەندی خەڵك نیە و بۆ فەرمانبەران و موچەخۆران هیچ جیاوازیەك نیە قوتی لای پارتی بێت یان یەکێتی، چونکە ئەوان پێشتر وەك برا ئەم دۆخەیان دروستکردوە و قوباد تاڵەبانی لە نێچیرڤان بارزانی زیاتر بەرگری لەوە دەکرد کە قوتی خەلکیان بڕیەوە لەبەر ئەوەی موچە نیە، یەك ڕۆژیش ناڕەزاییمان نەبیستوە و نەبینیوە لەسەر قوتی بڕاوی خەڵك، بۆیە لێکەوتەکانی ئەم دەستشکانەوەیە بە سلبی بۆ خەڵك دەشکێتەوە و بە ئیجابی بۆ ئەو هێزانەی عێراق کە ئەوانیش وەك ئەمان لێوان لێون لە گەندەڵی و خراپ ئیدارەدان و هیچ خاڵێکیشیان لە بەرژەوەندی من و تۆی هاوڵاتی پێ نیە، ئەم باسوخواستە تاو ئەوکاتە بەردەوامە کە پەیوەندی نێوان پارتی و هێزە عێراقیەکان و ئاراستە دەرەکیەکان ئاسایی دەبێتەوە لە پشتی پەردەوە.
عوسمان عبدللە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق