سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا رایدەگەیێنێت، هەوڵدەدەن توانای رووسیا بۆ فرۆشتنی ئەڵماسی وڵاتەکەی سنووردار بکەن، ئەمەش وەک هەوڵێکی نوێ بۆ بڕینی سەرچاوە داراییەکانی مۆسکۆ.
رۆژی هەینی، چارلز میشێل، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ئێمە بازرگانی بە ئەڵماسی رووسیا سنووردار دەکەین و ئەڵماسەکانی رووسیا بۆ هەمیشە نیین. ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتیی ئەوروپا ئامادەکاری دەکات بۆ پێشنیازکردنی سنووردارکردنی بازرگانی ئەڵماس لە کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی G7.
بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێن، بەرهەمهێنانی ئەڵماس پیشەسازییەکی فرە ملیار دۆلارییە بۆ رووسیا، سنووردارکردنی دەتوانێت کاریگەریی گەورەی هەبێت لەسەر سنووردارکردنی توانای رووسیا لە کۆکردنەوەی سامان بۆ پارەدارکردنی شەڕەکەی لە ئۆکراینا.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرایناوە لە مانگی شوباتی 2022ـدا، کۆمەڵەی وڵاتانی G7 لە رێگەی کۆمەڵێک رێوشوێنەوە بازرگانییان لەگەڵ رووسیادا کەمکردووەتەوە، بەڵام هێشتا پشت بە رووسیا دەبەستێت لە پێویستییە سەرەکییەکانی وەک گازی سرووشتی و پەینی کیمیایی.
سنووردارکردنی هەناردەکردنی ئەڵماس دەتوانێت رێگەیەک بێت بۆ کەمکردنەوەی توانای رووسیا لە شەڕی ئۆکراینا بەبێ ئەوەی زیان بە ئابووریی وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵەکە بگەیێنێت.
کاریگەریی سزاکان بەندە بەوەی تا چ ئاستێک وڵاتانی دەرەوەی کۆمەڵەکە پێوەی پابەند دەبن، چونکە رووسیا دەتوانێت خۆی لە سزاکان دەربازبکات و بەردەوام بێت لە هەناردەکردنی ئەڵماس لە رێگەی وڵاتانی سێیەمەوە.
میشێل دەڵێت، یەکێتیی ئەوروپا میکانیزمێک پێشنیاز دەکات بۆ بەدواداچوون و شوێنپێهەڵگرتنی بازرگانیی ئەڵماس تاوەکو بازرگانیی ئەو کاڵا گرانبەهایە لەگەڵ رووسیا نەکرێت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق