دوای ئەوەی دوایین خولی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیای بردەوە، ئێستا ژمارەیەک کار و کێشە لە چاوەڕوانیی رەجەب تەیب ئەردۆغاندان، لە قەیرانی ئابوورییەوە تا دەگاتە ناکۆکیی دیپلۆماسی لەگەڵ بەشێک لە هاوپەیمانەکانی.
ئەمانەی خوارەوە بەشێکن لەو کارانەی کە دێنە بەردەم ئەردۆغان
هەڵاوسان
گرانییەکی سەخت بووەتە هۆی ئەوەی دانیشتووانی تورکیا و باکووری کوردستان نەتوانن بە ئاسانی پێداویستییەکانیان بکڕن. مانگی رابردوو، هەڵاوسان گەیشتە 44٪.
نرخی کەلوپەل بەهۆی سیاسەتێکی نوێی حکومەتی تورکیاوە زیاتر ناسەقامگیر بوو کاتێک کە پەنای بردە بەر کەمکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی، بەو ئامانجەی لەو رێگەیەوە هەڵاوسان دادەبەزێت، بەڵام ئەو سیاسەتەکە کاریگەریی پێچەوانەی هەبوو و نرخی بەرزترکردەوە.
حکومەتی تورکیا پێی وابوو، رێژەی بەرزی سوودی بانکی دەبێتە هۆی هەڵاوسان. بۆیە بانکی ناوەندیی تورکیا چەند جارێک رێژەکەی کەمکردەوە، بەڵام لە بری ئەوە، بەهای لیرە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی و بووە هۆی زیادبوونی ئەو گرانییەی لە بازاڕدا هەیە.
لیرە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، زیاتر لە نیوەی بەهای خۆی لەدەستداوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەک دۆلار بە سەرووی 20 لیرەی تورکی مامەڵەی پێوە کرا. برێندان ماک کێنا، شرۆڤەکاری بازاڕی دراوەکان سەر بە بانکی وێڵس فارگۆ لەو بارەیەوە دەڵێت، " دوای بردنەوەی ئەردۆغان، رەشبینی لەسەر بەهای لیرە دروستبووە."
ماک کێنا پێیوایە بەهای یەک دۆلار بەرامبەر لیرە لە کۆتایی چارەکی دووەمی ئەمساڵ بەرزدەبێتەوە بۆ 23 لیرە.
هەوڵی سوێد بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ
هاوپەیمانەکانی تورکیا لە نێو ناتۆ لە سیاسەتی ئەنقەرە نیگەرانن و داوای لێ دەکەن دەستبەرداری ڤیتۆی دژی بەئەندامبوونی سوێد بێت بۆ نێو هاوپەیمانییە سەربازییەکە.
لە ساڵی 2022، دوای ئەوەی کە رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکراینا، هەریەکە لە سوێد و فینلاندی دراوسێی داوای بەئەندامبوونیان لە هاوپەیمانییەکە کرد.
بەڵام ئەنقەرە ئامادە نەبووە بێ بەرامبەر رێگە بەو هەنگاوە بدات، بەڵکو داوای کرد، هەردوو وڵات ئەو کەسانەی رادەستبکەن کە گوایە ئەندامی پەکەکە، یەپەگە و بزووتنەوەی خزمەتی فەتحولا گولەنن.
تەنانەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی نوێ، دەرکردنی یاسای "دژە تیرۆر"ی نوێ، چەسپاندنی دەستووری نوێ و گفتوگۆی دیپلۆماسیی ئاستبەرز، سوێد نەیتوانیوە رەزامەندیی تورکیا بەدەستبێنێت.
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، لە چەند رۆژی داهاتوودا لە ئۆسلۆ کۆدەبنەوە، بەو هیوایەی کە پرسەکە چارەسەر بکەن پێش ئەوەی لە مانگی تەممووز لووتکەی ناتۆ لە لیتوانیا بەڕێوەبچێت.
ئەمساڵ، تورکیا کۆتایی بە دژایەتیکردنی بەئەندامبوونی فینلاند هێنا و وڵاتەکە بووە 31ـەمین ئەندامی هاوپەیمانییەکە.
ئاشتبوونەوە لەگەڵ سووریا
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سووریا دوای ئەوە تێکچوون کە ئەنقەرە لە شەڕی نێوخۆی سووریادا دەستی بە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری حکومەتی دیمەشق کرد.
هەروەها لە ساڵی 2016، ئەنقەرە یەکەمین لەشکرکێشیی خۆی بۆ نێو سووریا ئەنجامدا و شاری جەرابلووسی کۆنتڕۆڵکرد، کە تاوەکو ئێستاش لێی ماوەتەوە، دوای ئەوەش چەندین هێرشی دیکەی سەربازی کردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و بەشێکی کۆنترۆڵکرد.
حکومەتی تورکیا لەم مانگانەی دواییدا هەوڵیداوە لەگەڵ دیمەشق ئاشت بێتەوە، بەڵام گفتوگۆکانیان کە بە نێوەندگیریی رووسیا بەڕێوەدەچن، سەرکەوتوو نەبوون لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، تەنانەت لە کاتێکدا کە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی، دوای دوازدە ساڵ، کۆتاییان بە پەراوێزخستنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا هێنا.
وەک مەرجێکی پێشوەخت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، ئەسەد داوای کردووە تورکیا هەموو هێزەکانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە و دەست لە پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکان هەڵگرێت.
تورکیا هەروەها هەوڵدەدات پەناخوازانی سووریایی کە ژمارەیان سەرووی سێ ملیۆن کەسە، بگەڕێنێتەوە بۆ سووریا.
حکومەتی تورکیا ئەم مانگە پلانێکی خۆی ئاشکراکرد بۆ دروستکردنی سەدان هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەوەی بە گوتەی خۆیان، ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی "ئارەزوومەندانە"ی لانیکەم یەک ملیۆن کەس بکەن.
شەوی رابردووش، دوای مسۆگەربوونی بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ئەردۆغان جەختیکردەوە کە "گەڕانەوەی سەلامەت" مافی هەر پەناخوازێکی سووریاییە.
بونیادنانەوە لەدوای بوومەلەرزە
ئەو بوومەلەرزە 7.8 پلەیەی کە 6ی شوبات روویدا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا و زیانی گەورەی بە ژێرخانی بەشێک لە شارەکان گەیاند.
ئێستا کە چوار مانگ بەسەر کارەساتەکەدا تێپەڕیوە، ئەو ئاستەنگە ئابووری و کۆمەڵایەتیانەی بە هۆیەوە دروستبوون، هێشتاش بە گەورەیی ماونەتەوە.
سەدان هەزار رزگاربووی بوومەلەرزەکە ئاوارە بوون و ژمارەیەکی زۆریان هێشتا لە نێو چادر و شوێنی دیکەی کاتیدا دەژین.
بەشێکیان پشت بە یارمەتیی مرۆیی دەبەستن بۆ دەستکەوتنی پێداویستییەکانی وەک خۆراک، ئاو، جلوبەرگ و دەرمان.
قەبارەی زیانەکان بە فەرمی بە زیاتر لە 100 ملیار دۆلار خەمڵێنراوە؛ بونیادنانەوەش هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدایە.
مانگی ئادار، یەکێتیی ئەوروپا میوانداریی کۆنفرانسێکی کۆکردنەوەی یارمەتیی دارایی کرد و 7.5 ملیار دۆلاری بۆ تورکیا و سووریا کۆکردەوە.
بانکی گەشەپێدانی ئەوروپا پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی تورکیا لەم ساڵەدا کەمکردوونەتەوە، کە بەشێکی بەهۆی کارەساتە سرووشتییەکەیەوە، چونکە بە شەو و رۆژێک، سەدان هەزار کەس بژێوی ژیانیان لەدەستدا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق