ڕۆمەکان لە کوردستان: خەڵکێکی بەهرەمەند و پەراوێز خراو

ليست هناك تعليقات


 
شادی غەفور
-
مەبەست لە دەستەواژەی (ڕۆم) لەم وتارەدا، ئەو خەڵکانەیە کە کە لە زمانی کوردیدا بە (دۆم) ناسراون. نوسەر بەهۆی هەستکردن بە کەنۆتەیشنی ڕەگەز پەرستانە، لەبەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەدور دەکەوێتەوە و لەجیاتی ئەوە، دەستەواژەی (ڕۆم) یان (ڕۆمەکان) بەکاردەهێنێت کە لە ئەکادیمیای ئینگلیزیدا بەربڵاوە، هاوکات پێشنیار بۆ خەڵکانی پسپۆڕ دەکات کە وەک پێویستییەکی ئەکادیمی، دەستەواژەیەکی کوردی گونجاو بۆ ئەو خەڵکانە دابڕێژن.

هۆکاری کۆچ کردنی ڕۆمەکان بۆ عێراق و کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شوێنێکی گرنگ بووە لەڕووی ئابووری و ڕۆشنبیرییەوە


ڕۆم گروپێکن لە خەڵکی گەڕۆک کە لە هیندستانەوە سەرچاوەیان گرتووە و دابەشبوون بە سەرجیهاندا بەتایبەتی لە کیشوەری ئەوروپا و ئەمریکادا. ڕۆمەکان خاوەنی کلتور و داب و نەریتیتایبەت بەخۆیانن و دیارترین تایبەتمەندیشیان کۆچەری بوونە، هەرچەندە ئەو تایبەتمەندییە لە ئێستادا تاڕادەیەک کاڵ بووەتەوە و ئەوانیش هەندێکیان جێگیر بوون. بەگشتی ژمارەی ڕۆمەکان لە جیهاندا، (١٥) بۆ (٢٠) ملیۆن کەس دەبن. ڕۆمەکان لە هەموو پارچەکانی کوردستانیشدا بوونیان هەیە بە ژمارەی جیاواز، بۆ نموونە: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زیاتر لە ( 745000 ) كەس دەبن، لەباکوری کوردستان ( 15000 ) كەس دەبن، لەڕۆژئاوای کوردستان (45000) كەس دەبن، لەباشووری کوردستانیش نزیكەی (30000 ) كەس دەبن و دابەشبوونە بەسەر هەر چوار پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک.

هۆکاری کۆچ کردنی ڕۆمەکان بۆ عێراق و کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شوێنێکی گرنگ بووە لەڕووی ئابووری و ڕۆشنبیرییەوە لە سەردەمانی پێشوودا و شوێنێکی خۆشبووە و خەڵکی زۆر کۆچیان بۆ کردووە و تێیدا نیشتەجێ بوونە. هەر ئەوکاتەش ڕۆمەکان خاوەنی هیچ ناسنامەیەک نەبوونە و لە نێوچادر و ڕەشماڵەکاندا ژیاون بە کاتی و بەردەوام لە کۆچ و گەڕاندا بوونە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر و لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، ئەمەش لە دەرئەنجامدا بووەتە هۆی ئەوەی کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەستەیەكی گەورە دروستبکەن، كە لە حەوت كۆمەڵ پێكدێن و لە شەش وڵاتدا بە شێوەی جێگیر دەژین لە رۆژی ئەمڕۆدا، وڵاتەکانیش هەریەکە لە: میسر و ئێران و عێراق و توركیا و سوریا و لوبنانن. بەشیک لەو گروپە کۆمەڵایەتیانەی کە ڕۆمەکان خۆیانیان تیدا ڕیکخستووە بریتین لە: هەلب، نور، غوربەتی، لولی، زەت، مهتار، کراتچی، یەرک، بەراکی، مەزنوق)، ڕۆمەکانی کوردستان بە زۆری لە کۆمەڵی (زەت)ن.

کاری ڕۆمەکان لە هەموو جیهان لە یەکەوە نزیکە. لە کتێبی بیرەوەریەکانی قەرەجێکی ئەمریکیدا، (ئۆکسانا مارافیۆتی)باسی ژیانی تایبەتی خۆی دەکات کە بنچینەکەی لە خێزانێکی ڕۆمەوە سەرچاوە دەگرێت و لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشووەوە بۆ لۆس ئەنجلۆسی ئەمریکا کۆچیان کردووە، ئۆکسانا کلتور و کاری ڕۆمەکان ڕوندەکاتەوە کە خەڵکانێکن پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە، خەلکانی زیرەک و بەهرەدارن بە تایبەت لە مۆسیقا ژەنین و گۆرانی وتندا، بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە لە وانەیە هەندێک لە ڕۆمەکان کاری تاوانکاری بکەن وەک دزی و فاڵگرتنەوە و دەرمان فرۆشی، بەڵام لەدەرەوەی کۆمەڵگەی ڕۆمێشدا خەڵکانێک هەن کە پەنا بۆ ئەو کارە تاوانکارییانە دەبەن.

ڕۆمەکان لە کوردستان بە زمانی کوردی قسە دەکەن و زۆربەشیان پەیڕەوی لە ئاینی زۆرینە دەکەن کە ئیسلامە. تایبەتمەندی ڕۆمەکان لە کوردستاب بریتییە لە ڕەنگێکی ئەسمەر، خێزانی گەورە، کەسابەتی فرۆشتنی مافور و دەستماڵ و پارچە قوماش و گۆرانی گوتن و مۆسیقا ژەنین دەکەن. ڕۆمەکان لە هەموو بوارەکاندا لە پاڵ کۆمەڵگای کوردیدا ژیانیان کردووە و بەشیک بوونە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و مێژووی و ئابوری و هونەری لە کوردستاندا. ڕۆمەکان بەشیک بوونە لە وزەی تێکۆشان و تەنانەت قوربانی سیاسەتی ئینکار و ئەسیمیلاسیۆنی ئیتنیکی دژی گەلی کورد. هەر له‌ كۆنه‌وه‌ ڕۆمەکان به‌ لێهاتوویی له‌ كاری ده‌ستی وسوودبینین له‌ چه‌رمی ئاژه‌ڵ و دارتاشی و دروستكردنی پێداویستییه‌كانی ناوماڵ بەتایبەت مافور و کورسی و میز و لانکلێهاتوو بوونە‌. به‌ ده‌گمه‌ن ماڵی کورد هه‌یه‌ کە بەرهەمی دەستی ڕۆمەکانی بەکارنەهێنابێت و سودی زۆری لییان وەرنەگرتبێت.

ئەگەرچی لەبەرامبەر خزمەت و بەهرەمەندی ڕۆمەکاندا، کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە بە گیانی هاو خاکی لەگەڵیاندا ژیانی کردووە و وەک بەشیک لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی قبوڵی کردوون و تەنانەت لە ڕۆژی ئەمرۆدا خاوەن ناسنامە و بەڵگەنامەی فەرمین، وەک هەر هاوڵاتییەکی تری کورد کە لە دەرئەنجامدا وای کردووە هەمان ماف و هەمان ئەرکیان لەسەر شان دروست بێت وەک تاک، بەڵام لە ئاستی کەمینەی ڕەگەزیدا وەک پێویست ماف و ئازادییە بنچینەییەکانیان فەراهەم نەکراوە. ئەم پێكهاتەیە زۆر تێكەڵ بەكارو چالاكی سیاسی ‌و كۆمەلایەتی و‌‌ ئاینی نەبوونە، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە بواری بەشداریكردنیان زۆر بۆ نەڕەخسێنراوە.بەپێی یاسایی هەڵبژاردنەکانی عێڕاق کە لە (٥٠) ماددە پێکدێت،لە ماددەی (١٣)دا دەڵێت: ئەنجومەنی نوێنەران لە (٣٢٩) کورسی پێکدێت، کە (٣٢٠) کورسی گشتییە و (٩) کورسی کۆتاش بۆ پێکھاتەکانە. پێکھاتەی مەسیحی (٥) کورسی و پێکهاتەی سابیئەی مەندانی (١) کورسی. ھەریەک لە پێکھاتەکانی یەزیدیو شەبەک لە نەینەوا و فەیلی لە واسیت (١) کورسییان دەبێت. لەبەرئەوەی ڕۆمەکان، وەکو پێکهاتەیەکی دیاریکراو ئاماژەیان پێنەکراوە، ناتوانرێت لەژێر ڕۆشنایی ئەم ماددەیەدا وەک پێکهایەتیەکی کۆتاکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش وادەکات کە ڕۆمەکان تاڕادەیەک جیا بکرێنەوە لە پێکهاتەکانی تری کۆمەڵگا و مافی خۆکاندیدکردنن و هەڵبژاردنیان نەبێت.

ڕۆمەکانی کوردستان پیکهاتەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی گرنگی ئەم وڵاتەن و پێویستە نەک هەر لەسەر ئاستی تاک، بەڵکو لەسەر ئاستی گروپیشدا ماف و ئازادییەکانیان فەراهەم بکرێت لە شێوەی بەشداری سیاسی و مەدەنی و خزمەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری و کلتوری. لە بواری مەدەنی و سیاسیدا، ڕۆمەکان هانبدرێن بۆ پیکهێنانی دەستە و گروپی سیاسی یان بەشداری لەپێکهاتە و گروپە سیاسیەکاندا بکەن بۆ گەیشتن بە پۆستە سیاسی و کارگێڕییەکانی وڵات. لە بواری کۆمەڵایەتیدا، ڕۆمەکان پێویستە زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگای کوردیدا تێکەڵاو بکرێن بۆ نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی، بەڵام ڕێگەیان پێبدرێت کە تایبەتمەندییەکانی خۆیان بپارێزن لە زمان و کلتور و کار..هتد. لە بواری ئابوریدا، هەوڵی فەراهەمکردنی دەرفەتی کار بدرێت بۆیان، یان هانی بە کارسازیکردنی بەهرەکانیان بدرێت لە ڕێگەی ناوەندی تایبەت بە کار و توانای بەرهەمهێنان. لە بواری کلتوریدا، هانی ڕۆمەکان بدرێت بۆ ڕێکخستنی زیاتری خێزان و پرۆسەی منداڵ بوون و پەیوندی کۆمەڵایەتی و پرۆسەی خوێندن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان و کردنەوەی ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری تایبەت بە خۆیان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif