ساڵڕۆژی یەکێتی و یەکێتی بەرەو کوێ؟

ليست هناك تعليقات


مەلا بەختیار
-
ئەمڕۆ (٤٨)ساڵ بەسەر دامەزراندنی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تێدەپەڕێت، لەو (٤٨)ساڵەدا، یەکێتی (١٥) ساڵی بەشۆڕش بردە سەر. شۆڕشێک، لایەنی پۆزەتیڤی گەلێ زۆرە. خۆڕاگری و درێژەپێدانی شۆڕش هەتا دەگاتە راپەڕین، سەرەڕای پیلانەکان، کارەساتەکان، رێککەوتنی دەوڵەتان، کیمیاباران و ئەنفالەکان. لەبەرامبەر ئەو هەموو روداوانە یەکێتی کۆڵی نەدا، کۆڵنەدانیش، پێناسەیەکی شۆڕشگێڕانەیە لەمێژوودا، بەر هەموو هێزێک نەکەوتووە.

هەروەکو چۆن، دامەزراندنی یەکێتی، لەدوای خیانەتنامەی جەزائیر، بەرووداوێکی چاوەڕواننەکراو دەژمێردرێ. هاوکات، داهێنانی فرەلایەنیش لەناو کوردایەتیدا، لە دامەزراندنی کۆمەڵەوە، هەتا هەنوکەش (سەرەڕای غەدری مێژوویی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵە) لەخەسڵەتە گەشەکانی سەدەی رابردووی کوردایەتییە.

یەکێتی، هەروەکو هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکانی دونیا، لەخەبات و بەرگری سەرکەوتن، بەڵام لەدامەزراندنی حکومەتێکی دادپەروەر و سیستەمێکی هاوچەرخ و پاراستنی جیاوازییە چینایەتی و فەلسەفەی سیاسیدا، بەکردەوە، نەک هەر سەرنەکەوتن، بەڵکو پاشەکشەیەکی ترسناک روویداوە.

ئێستا کە (٤٨) ساڵ بەسەر یادی یەکێتیدا تێدەپەرێ، بەداخەوە، بەهۆی شکستی پرۆژەو ژێرخانی ئابورییەوە، لەپێشەوەدا، پرۆژەی سەربەخۆی نەوت و گاز؛ دەوڵەتی خۆشگوزار؛ دەستەبەری کۆمەڵایەتی؛ مافە راستەقینەکانی ژنان؛ ژیانی شایستە بەکرێکار و جوتیاران؛ پێگەیاندنی سەردەمیانەی لاوان؛ بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی حوکمڕانی؛ زیاترکردنی متمانەی ئەزمونی هەرێم لەلایەن پشتیوانانی نێودەوڵەتی؛ جێبەجێکردنی مادەی (١٤٠)؛ پاراستنی یەکپارچەیی نیشتمانی هەرێم؛ یەکخستنی هێزەکانی چەکدار؛ دابینکردنی موچەی مانگانە؛ چارەسەرکردنی کێشەی پاشکەوتی موچە؛ چاکسازی رێگاوبان؛ کارەبا، ئاو، نەخۆشخانەکان، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، رێگرتن لە گەندەڵی، سزادانی چەتەکانی بازاڕ و نەوت و گاز…تاد.

لەتەواوی ئەو جومگە چارەسەرنەکراوانەو ئەرکەکانی خزمەتگوزاری، حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی دەڤەری سەوز، شکستیخواردووە.

یەکێتی، لەدۆخێکدا یادی (٤٨) ساڵەی دەکاتەوە، لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی عیراق و پەرلەمانی کوردستاندایە. هەوڵدرا هەڵبژاردن هەڵپەسێردرێ و ماوەیەک دواشخرا، بەڵام دادگای فیدراڵی عیراق، بڕیاری پەرلەمانی کوردستانی هەڵوەشاندەوەو حزبەکانی حومکڕانی کوردستانی خستە بەردەم دۆخێک، کە ئیتر تێبگەن، ئەمانیش ملکەچی دەسەڵاتی دادوەرین.

هێشتا نە کێشەی نەوت، سەرەنجامی بڕیارەکەی پاریس چارەسەرکراوە؛ نە پەیوەندی بەغدادو هەرێم، خراوەتە سەر رێچکەی ئاسایی.. بڕیاری دادگاکانی فیدراڵیش سەبارەت بە نایاسایی درێژکردنەوەی پەرلەمانیشی چووەسەر!

یەکێتی، سەرەڕای ئەوەی لەپارەوە، بەچڕی هەوڵیداوە وای پیشانبدات کە غەدر لە سلێمانی دەکرێ، بۆیە دۆخی ئابوریی و سیاسی دەڤەری سەوز خراپە، بەڵام ئەم هەوڵ و پاساوە، هەستی رایگشتی سەبارەت بە پێگەی یەکێتی، خراپتر نەکردبێ، چاکتر نەکردووە.

لەناو ئەو هەلومەرجەدا، کۆی ژیانی حزبایەتی یەکێتی و چارەنوسی سیاسەتەکەی، لەهەڵبژاردنداو لەناو هاوکێشەکاندا، کەوتۆتە ژێر پرسیارو دەرونی زۆرینەی ئەندامان و ئۆرگان و جەماوەری دەنگدەری یەکێتی، لێوانلێوە لەنیگەرانی و ناڕەزایی، کە چیکە ئەو دۆخە مەترسیدارە، بەپینەوپەڕۆ، یان بەسازدانی فێستیڤاڵی “دیدار” و بەڵێنی بریقەدار و گۆڕینی دەمامکەکانی، ئەم دۆخەی یەکێتی راناگیرێ. بۆیە یەکێتی پێویستی بە:

یەکەم: ئاشتەوایی گشتییە.. ئاشتەواییەک هیچ کێشەیەک لەدەرەوەی یەکێتیدا هەڕەشە لەیەکێتی نەکات.

دووەم: کۆنگرەی نائاساییە. کۆنگرەیەک پێشوەخت جومگە بە جومگەی گەڵاڵە کرابێ و رێککەوتنیان لەسەر کرابێ.. ئیتر کۆنگرە وەکو ژووری نەشتەرگەری بەشی زۆری نەخۆشییەکانی یەکێتی چارەسەر بکات.

سێهەم: داڕشتنەوەی پرۆژەی گوتاری یەکگرتووی ستراتیژی قۆناغەکەیە، هەتا کوردستان و هەرێم، لەکێشەکانی ئێستا سەرفراز دەکرێ و لەمەترسییەکانی دوای جەنگی ئۆکراینا و ئەگەرە مەترسیدارەکانی جیهانی و ئیقلیمی، دەرباز دەکرێ.

چوارەم: رێککەوتنی سیاسی لەسەر ریشەکێشکردنی گەندەڵی بکرێ، ئەمەش پێویستی بەدادگای تایبەتی هەیە. هەم بۆ نەمانی گەندەڵی و هەم بۆ سزادانی گەندەڵکاران.

لامانوایە، ئەو چوارخاڵە، خاڵی بنچینەیی ئەم هەلومەرجەن، کە هەوڵمداوە، بۆ خوێنەر، وەڵامی ناونیشانی وتارەکە لە ساڵڕۆژی یەکێتی و یەکێتی بەرەو کوێ؟ بدەمەوە. کە دڵنیام، ئەو خاڵانەی پێشنیازمکردوون، جێبەجێ نەکرێن، دۆخی یەکێتی دەگاتە رۆخی دۆخی مەترسیدار.

لەکۆتایدا دەڵێم: ئەم وتارە پەیامی بەندەیە. لەوپەڕی پەرۆشیمەوە نوسیومە، ئەوەی تێدەگات خزمەتی یەکێتی پێدەکات، ئەوەی تێشی ناگات، لەیادی ئاڵتونی (٥٠) ساڵەی یەکێتیدا، ئیتر ئیرادەی چارەسەرکردنی کێشەکانی یەکێتی لەدەستدەدرێت!!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif