ڕەووف محەمەد ئالانی
لەناوپرۆسەی پەروەردەوبەشەکانیدا، چەند ساڵێکە هەست بە ستەملێکردن دەکرێت لە بەشێکی گرنگی توێژی مامۆستایان، هەرپرسێک وشێوازێک بێتە ئاراوە بەمەبەستی گۆڕانکاری ودیاریکردنی ئاست وپلەوپۆستە پەروەردەییەکان، ئەم جیاکاری وبێبەشکردنەهەستی پێدەکرێت وگەیشتۆتە کۆنگرەوبڕیارە پەروەردەییەکانیش.
هەندێکجار بڕیار دەرکردن وڕاسپاردە ئاراستەکردن، ئەگەربەووردی وخەمخۆری وبەدواداچوون وشەنوکەوکردن نەبێت، پێچەوانە دەبێتەوەوزیانی زۆرتردەبێت لە سوود.
ماوەی چەند ساڵێکە پرۆسەی پەروەردە بەگشتی خەریکی بێبەشکردن وپەراوێزخستنی بەشێکی زۆری مامۆستایانی خۆیەتی، لەم ماوەیەدا چەند مامۆستایەک پەیوەندیان پێوەکردوم وسکاڵای خۆیان لەلا باسکردم، منیش بەڵێنم پێدان کە ئەم گرفتە لەوتارێکدا بخەمەڕوو، تا وەزارەتی پەروەردە وئەنجومەنی وەزارەت چاوێک بەم زوڵمەدا بخشێننەوەوچارەسەری بکەن، چونکە بەچارەسەرنەکردنی گرفتەکە گەورەدەبێت ودەبێتە لایەنی شکست ودواکەوتن وڕۆچوون بەناوغەدرێکی پەروەردەیی کە کاردانەوەی دەروونی وکۆمەڵایەتی وزانستی لێدەکەوێتەوە.
هەرکاتێک نادادی خۆی بخزێنێتە ناوهەرکاروپڕۆژەیەکەوە، وەک کرم چۆن لە درەختێک دەدات وکرمۆڵی دەکات ودرەختەکەش تەمەنی کورت دەبێت، کاتێ بەوماوە کورتە وێرانەیەک دروست دەکات، بەڵام بەپێچەوانەوە، دادپەروەری وڕاستی تەمەنی پرۆسەکە درێژ دەکەن، بۆئەم مەبەستە خەلیفەی موسوڵمامان (عەلی کوڕی ئەبی تالیب) وتوێتی:( دۆخی نادادپەروەری ساتێکە، بەڵام دۆخی حەقیقەت وڕاستی تا ڕۆژی دواییە).
دێمە سەروتنی ڕاستی ئەوبێبەشکردنەی بەرامبەرمامۆستایان دەکرێت و کراوە، لەبڕیاروڕاسپاردەپەروەردەییەکاندا، ئاماژە بەمەرجەکانی وەرگرتن وبەشداریکردن لەوبەشوپۆست وپلانەدا دەکرێت، زۆربەیان ئاماژەبەبوونی بڕوانامەدەدرێت کە پێویستە بەکالوریوس بێت، بەبروای من غەدرەکە لێرەوە دەست پێدەکات،چونکە ئەومامۆستایانەی هەڵگری بڕوانامەی (بەکالوریوس)ن زۆرکەمترن لەئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی (دبلۆم)ن، بەپێی یاساودیسپلینی پەروەردەیی وبەشەکان لەباخچەی ساوایان تاقۆناغی پێش زانکۆبۆهەربەشێکیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، دەکرێ کەسێک بڕوانامەی باڵاشی هەبێت لە هەربەشێکیان پیشەی مامۆستایی بکات، لەم چەندساڵەی ڕابردوودا ویستویانە لەپەروەردەکاندا چەندکورسیەک بۆسەرپەرشتیاران دابنێن، هەرچەندە بۆکاری سەرپەرشتیکردنی قۆناغی بنەڕەتیش بووە، هەرداوای بڕوانامەی بەکالوریۆس کراوە، یان لە بڕیارەکانی کۆنگرەی پەروەردەیی چەند خاڵ ومەرج دانراون تەنانەت بەڕێوەبەری قوتابخانەوخوێندنگە مەرجە هەڵگری بڕوانامەی بەکالوریوس بێت، من لێرەوە ئەوهەڵەیە بۆ ئەوکەسانە ڕاست دەکەمەوە، کەناكرێت ونابێت بەهیچ جۆرێ لە ناوپرۆسەی پەروەردەدا بۆ پلەوپۆستێک ىڕوانامە بکرێتە مەرج چونکە ئەگەروەزارەتی پەروەردە دان نانێت بە بڕوانامەی دبڵۆم چۆن وبەچ یاسایەک ئەوکەسانەی دامەزراندوە بە پیشەی مامۆستایی؟
لەلایەکی ترەوە دەرچووی ئەو پەیمانگەیانەی بڕوانامەی دبلۆمیان هەیە باشتروچاکتروگونجاوترن بۆ مامەڵەی کاری پەروەردەیی چونکە ئەوانە چەندسآڵێک دەروونزانی گشتی ودەروونزانی مناڵ وهەمووشیوازەکانی وانەوتنەوەیان خوێندوەوڕاهێنراوون، ناکرێ وناشێ ئەوانەی ڕۆڵی گەورەیان هەبووەوهەیە لەناوکایەوپرۆسەی پەروەردەدا پەراوێزبخرێن.
بەپێی توێژینەوە زانستیەکان وکەسە پسپۆڕوشارەزاوتایبەتمەندەکانی بواری گەندەڵی، بەتەنها بەهەدەردانی سامان وپێگە گەندەڵی نین، بەڵکونادادپەروەری وستەمیش هەردەچنەخانەی گەندەڵیەوە، لەم بارەوە نوسەری ناودار(نەجیب مەحفوز)بەباشی جۆرەکانی گەندەڵی دەستنیشان کردووەو بەم جۆرە دەڵێت:( گەندەڵی زانایان لە بێباکییەوەیە، گەندەڵی دەسەڵاتداران لە نادادپەروەرییەوەیە، گەندەڵی هەژاران لە دووڕووییەوەیە).
ئەو بەشانەی کە بڕوانامەی دبلۆمیان لێوەرگیراوە، ئەم شوێنانەن(پەیمانگەی مەڵبەندی مامۆستایان(تێکەڵ)، پەیمانگەی هونەرەجوانەکان، پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی کوڕان، پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایانی کچان) ئەم شوێنانە بەباشی کاری خۆیان کردومامۆستایانیان بەجوانترین شێوە پێگەیاند، جگە لەبەشە پیشەییەکان (ئامادەییەکانی کشتوکاڵ وبازرگانی وپیشەسازی) کەبەپێی هەلومەرج وپێویستی بەپیشەی مامۆستا دامەزراون، دیارە ئەمانیش هەر بێبەش دەکرێن لەو پلەوپۆستەپەروەردەییانەی لەم کاتانەدا دادەنرێن.
لای زۆربەی پەروەردەکاران وشارەزایانی فەلسەفەی پەروەردە، ئەو پێوەرەی ئێستای وەزارەتی پەروەردە، جێی نابێتەوە لەناو کایە دروستەکەوپلانە زانستیەکاندا، چونکە ئەو مامۆستایەی زیاد لەدە ساڵ خزمەتی پەروەردەی کردبێت، هێندەی دووجار بەرتەقای بڕوانامە ئەزموون وشارەزایی پەیداکردوە، جگە لە خواست وحەزوویست کە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن بۆ بەرزکردنەوەی تواناولێهاتوویی کەسەکە، مامۆستای سەرکەوتووڕۆڵی گەورە دەگێڕێت لەکایەی پرۆسەکەدا، لەم ڕووەوە، نوسەروکەسایەتیەکی وەک (عەبدوڵڵا عەبدولکەریم السعدون)دەڵێت: (مامۆستایەکی سەرکەوتوو گرنگترین پایەی بنیاتنانی پەروەردەیەکی سەرکەوتووە).
دەکرێت وەزارەتی پەروەردە چەند پێوەرێک دیاری بکات بۆ دانان یان وەرگرتن لەوپۆست وپلە پەروەردەییانەدا مەرج نیە بڕوانامە بێت، دەکرێ گرنگی زیاتر بە(ئاستی خزمەت و شایستەی زانستی وهەڵسەنگاندنەکان وسزاوسەرپێچییەکان وڕێزوسوپاس)بدریت، من ئەمانەم وەک ئەنکێت و شێوازی داخوازیەکە پۆلێن نەکردوە، تەنها ئاماژەن بۆ گرنگیدان بەمانە کارەکە باشتروسەرکەوتووتر دەکات.
هەموو ئەوخاڵانە دەکرێت نمرەی لەسەر دابنرێت، نموونە مامۆستایەک سزاونەهاتووی هەیە خاڵی لێدەشکێت، یان ڕێزوسوپاسی هەیە خاڵی بۆ زیاد دەکرێت، لەسەر ئەم پێوەرانە دەتوانرێت باشترین مامۆستای خاوەن ئەزموون لەو شوێنانە دابنرێن.
ناکرێ وەزارەتێک بەشێکی گرنگ وگەورەی خۆی بخاتە پەراوێزەوە، تەنها لەبەرچەند هۆکارێکی لاوەکی و دوور لەبنەمازانستییەکان، ناکرێ ئەوانەی لەڕۆژە سەخت و گرانەکاندا لەگەڵ نیشتمان وگەلەکەیان بوون ئێستا بخرێنە لاوە.
ئەوەندەی من بەچاوی زانستی و پەروەردەی هاوچەرخ سەیری پرۆسەی پەروەردە دەکەم، کاری خراپەکاران ، هاوشێوەی ستەمکار بەسەر دنیای پڕ خەون وئاواتەکانی ئەم نەتەوەیەوەیە، بەداخەوە نادادی دەبەخشرێتەوە، کە بۆ دڵسۆزان بۆتە مۆتەکەیەکی گەورە،(ئەفلاتونی فەیلەسوف) وتوێتی:( گەورەترین خراپە جگە لە ناعەدالەتی ئەوەیە کە ستەمکار باجی نادادپەروەرییەکەی نادات).
بەپێی ئەزموون و کارمان لەناو دنیای جوان وپاک وبێگەردی پەروەردە، هەچی ببینین وبەباشی بزانین، دەست خۆشی دەکەین وئەوانەشی جێی سەرنج وڕەخنەن، بێگومان دەبێ هەڵوێستەیان لەسەربکەین بەمەبەستی خستنەسەر ڕێگە ڕاست ودروستەکە، چاوەڕوانی هیمەتی دڵسۆزانین تا ئاوڕ لەم نادادیە بدەنەوەونەیهێڵن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق