عێراق بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی مادەی 140 پێکبهێندرێت

ليست هناك تعليقات


کۆماری عێراق بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکانەوە پێکبهێنێت و داوایکرد کاری جیددی بۆ جێبەجێکردنی ئەو مادەیەی دەستوور بکرێت. سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "لە سەردانەکەماندا بۆ بەغدا لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و وەزیر کۆبووینەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی باش بۆ گێڕانەوەی ماف بۆ جووتیارانی کورد و تورکمان دەکەین."

رۆژی سێشەممە، 11-7-2023، سەرۆککۆماری عێراق لەگەڵ بابەکر سدیق، ئەندامی لیژنەی باڵای مادەی 140ـی دەستووری عێراق کۆبووەوە و بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆککۆمار لە دیدارەکەدا جەختی لەسەر "کارکردنی جیددی بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور بەشێوەیەک کە ماف بگێڕێتەوە بۆ خاوەن ماف و چارەسەری بڕیارە ستەمکارانەکانی رژێمی پێشوو بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی" کردووەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بۆ گرنگی و بایەخی پەیوەندیی و کاری هاوبەشی نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەکو وەزارەتی داد، کشتوکاڵ و بەرگری کردووەتەوە بۆ بەدواداچوونی مادەی 140، لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆککۆمار بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی تایبەتی لە سەرۆکایەتیی کۆمار بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 لەلایەن وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەرکرد.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کە ئەم هەفتەیە سەردانی بەغدای کردبوو، لەبارەی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسان بە گوت: "لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی دەزگا و وەزارەتە گرنگەکانی عێراق کە پەیوەندیدارن بە جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوور و چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک کۆبووینەوە، چاوەڕوانین بڕیارەکانی پێشووتر کە لە بەرژەوەندیی ئەو مادەیە دراوە، جێبەجێ بکرێن و ئەو بڕیارانەشی لە دژی خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچەیە دراون هەڵبوەشێنرێنەوە."

زیاتر لە 40 رۆژ دەبێت جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک خۆپێشاندان دەکەن و مانیانگرتووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی سەردەمی بەعس دەکەن.

بەپێی دەستووری عێراق کە ساڵی 2005 بە زۆرینەی دەنگی خەڵکی عێراق پەسند کرا، دەبووایە تاوەکو 31-12-2007 مادەی 140 جێبەجێ بکرێت، کە لە سێ قۆناخ پێکدێت، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و گشتپرسی، بەڵام دوای 18 ساڵ تەنیا بەشێکی قۆناخی یەکەمی ماددەکە جێبەجێ کراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif