عێراق نزیکەی 90 قوللـە و قەڵای سەربازی لەسەر سنووری تورکیا و ئێران دروستدەکات
گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق رایگەیاند، بۆ رێگری لە دیاردەی دزەکردنی نایاسایی و قاچاخ، بەردەوامن لە دروستکردنی قوللـە و قەڵا لەسەر سنووری تورکیا و ئێران، تاوەکو ئێستا 49 قوللەی سەربازیی لەسەر سنووری ئێران و حەوت قەڵاش لە سنووری تورکیا و ئێران لە ژێر دروستکردندان، پێشنیازی دروستکردنی 30 قەڵای دیکەش کراوە."
رۆژی یەکشەممە، 30-7-2023، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەکی ھێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق، راگەیاند: "هێزەکانمان بەردەوامن لە دروستکردنی قوللە و قەڵای سەربازیی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ تورکیا و ئێران، تاوەکو ئێستا 49 قوللەی سەربازیی لە سنووری لیوای 21ـی پاسەوانی سنوور لە پەروێزخان لە سنووری ناوچەی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی دروستکراون."
عەقید کاروان خۆشناو ئاماژەی بەوەدا لە دروستکردنی رێگە و قەڵای سنووری و کردنەوەی رێگە لەسنووری عێراق لەگەڵ ئێران و تورکیا بەردەوامین، دروستکردنی 7 قەڵا لە سنووری نێوان عێراق لەگەڵ هەریەک لە ئێران و تورکیا لە تەواوبووندایە، شوێنی دروستکردنی 30 قەڵا دیکەش لە سنوورەکان لەگەڵ ئێران و تورکیا پێشنیازکراون و لە داهاتوودا دروستدەکرێن."
بەپاساوی بوونی چەکدارانی پەکەکە، تورکیا بە قووڵایی سەدان کیلۆمەتر هاتووەتە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و 65 بنکە و سەربازگەی دروستکردوون و ئێرانیش لەساڵی رابردوودا بەپاساوی بوونی چەکدارانی هێزەکانی رۆژهەڵات زیاتر لە شەش جار بۆردوومان و تۆپبارانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی کرد. چەند جارێکیش کەمپەکانی پەنابەران و بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لە سنووری هەولێر، سلێمانی و کەرکووک مووشەکباران کردووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق