رۆژی ٢٤ی تەموزی ٢٠٢٣ لە گوندی گوڵەخانەی شارەزوور، لە هۆڵی میوانخانەی ئاشتی، دیداری گوڵەخانە بۆ یادی سەد ساڵەی پەیماننامەی (لۆزان) ئامادەو سازکرا، بە ئامادەبونی کۆمەڵێکی زۆر لە چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵکی کوردستان لە (ئەکادیمی و ڕۆشنبیران و کەسایەتی ئاینی و مامۆستایانی زانکۆ و عەشایر و کەسانی نیشتمان پەروەر و نەتەوەیی کورد) و چەند کەسایەتی سیاسی و شۆرشگێری پارچەکانی تری کوردستان بەشدار بون.
دیدارەکە بە مەبەست و ئامانجی هەڵسەنگاندن و توێژینەوە لەسەر (پەیماننامەی لۆزان و هەلومەرجەکەی و دەر ئەنجامەکانی ) لە ڕوی مێژویی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە بەڕێوەچو، ئەو پەیماننامەیەی کە لە ڕۆژی ۲٤ی تەموزی ۱۹۲۳ ڕێککەوتنی لەسەر کرا.
لە دیدارەکەدا زنجیرەیەک پانێڵ و گفتوگۆی زانستی و ئەکادیمی لە بارەی ئەو پەیماننامەیە ئامادەکراو تێیدا پێشکەش کران.
بابەتەکان گفتوگۆی چروپری لێکەوتەوە، بە ووردی باس لە رێکەوتنی سایکس پیکۆ و پەیمانی سیڤەر و کۆنگرەی ئاشتی پاریس و پەیمانەکانی تری پەیوەست بە مەرامەکانی لۆزان قسەیان لە سەر کرا، جگە لە باسی سەر لەنوێ دابەشکردنەوەی ناوچەکە و سامان و رێگە وشکانی و دەریاییەکانی گەلانی رۆژهەلاتی ناوەراست، نەفرەت لەو زوڵمە گەورەیەکرا کە لەو گەمە سیاسیەدا لەکورد کرا و بێبەشکرا لە مافە رەواکانی و لەو رۆژە وە بەزۆر نەتەوەی کورد لە مێژوو دوور خرایەوە، هەروەها بوێرانە باس لە خۆخۆری حالی کورد کرا وەک کارەساتێک وێنا کرا و نەفرەتی لێکرا و بەراورد کرا بەحالی ئەمرۆی هێزەکانی کوردستان.
لە کۆتاییەکانی دیدارەکەدا، بەکۆی دەنگ داواکرا کە دیدارەکە بکرێتە خاڵیکی جوڵانەوە بۆ زیاتر بوژاندنەوەی هەستی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری و بەرنامەیەکی گونجاو بۆ ئەو مەبەستەو جیبەجێکردنی ئەرکەکانی دەولەت سازی بکرێتە شاڕێی تەقەلایەکی هوشیارانەو هەمەلایەنە. لە ئەنجامدا لیژنەیەکی کارا پێشنیارکرا بۆ تەواوکردنی هەنگاوەکانی دیداری گوڵەخانە.
دیدارەکە هەڵوێستێکی جوامێرانە و بوێرانەی گرتەبەر و ئامادەبوان هاوڕابون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی کاتی و بڵاوکردنەوەی بەلاغێکی سەرەتایی بۆ تەواو کردنی نەخشە رێگایەک بۆ ئایندە و بە دواداچون، تا کۆدەنگی و یەکهەڵوێستی سەرجەم خەڵکی کوردستانی تێدا بەرجەستە بکرێت کە لەم چەند خاڵەی لای خوارەوە کورت کراونەتەوە:
1 - (دیداری گوڵە خانە) بەردەوام دەبێت کە ئامانجی ئاشتی و تەبایی و یەک ڕیزی گشت هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانە .
2 – بانگەواز و بانگهێشتی ئاشتی لە ناوچەکە بە تایبەتی و جیهان بەگشتی و پێداگری لە ئاشتی دەکرێت تا بە ئاشتیانە چارەسەری گشت ململانێ و ناکۆکیەکان بکرێت و کۆتاییان پێ بێت .
3 – دیداری گوڵە خانە داوا لە هەمو چین و توێژەکانی کوردستان دەکات بۆ ئاشتبونەوەی کۆمەڵایەتی لە نێوان خەڵکی کوردستان تا لە رێی ئاشتیەوە یەکریزی نەتەوەیی و نیشتمانی بگەرێنرێتەوەو بهێنرێتە ئاراوە .
4 – داوا دەکرێت لە سەرجەم دامو دەزگا (دادوەری و یاسایی و ئەنجومەنە دادوەرییەکان) داڕشتنەوە و صیاغەی داواکارییەکی یاسایی دابرێژن بۆ داواکردن و گەرانەوەی مافە رەواکانی گەلی کورد کە بەر لە سەد ساڵ لە پەیماننامەیەکی شەرمەزاری دژ بە مافەکانی مرۆڤ لە کوردستاندا و بەسەر خەڵکی کوردستاندا سەپێنراوە و هەڵبوشێنرێتەوە.
5 – هەر لە ( دیداری گوڵە خانەدا) پێشنیار کرا بۆبانگەوازێکی گشتگیر و نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهانی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە سەرجەم ئۆرگانەکانیەوە و هەمو ئەو رێکخراوانەی کۆمەڵگای مەدەنی لە ناوخۆی کوردستان و ناوچەکەو جیهان بۆ پشتیوانی و هەماهەنگی لە مەڕ داخوازییە رەواکانی گەلی کورد و پێدا چونەوە بەسەرجەم ئەو پێشێل کاریانەی دەرهەق بە خەڵکی کوردستان کراوە و بە هانای نەتەوەیی کوردی زوڵملێکراوەوە بێن و کۆدەنگیەکی یەکگرتوانە پێک بهێنرێت.
6 – لە سەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە( دیداری گوڵە خانەدا ) زۆر راشکاوانە پەنجە خرایە سەر نارەزایەتی خەڵکی کوردستان لەو بارو دۆخە نائارام و ناسەقامگیریانەی کە رۆژ لە دوای رۆژ بونەتە بارگرانی و ترس و دڵەراوکێ لە مەڕ لە دەست چونی ئەو قەوارە سیاسیەی کە لە دوای راپەرینی بەهاری ساڵی 1991 هاتۆتە ئاراوە و ئێستاش بە هۆی ناتەبایی و ململانێی لایەنە سیاسیە باڵا دەستەکانەوە مەترسی خسۆتە سەر چارەنوسی خەڵکی کوردستان.
7 – پەرەدان وفراوان کردنی ئەم لیژنە کاتیەی کە لە دوا ( دیداری گوڵەخانەوە ) دامەزراوە و گشتگیرکردنی لە روی زیاتر کۆکردنەوەی هێزی نیشتمانی و کەسانی ئەکادیمی و رۆشنبیر و لاوان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی لە پیاوانی ئاینی و عەشایر و کەسایەتیەکانی تری ناو کۆمەڵگای کوردەواری.
8 – دانانی نەخشە رێگە و پلانی تۆکمە و ورد بۆ جێبەجێ کردنی ناوەرۆکی ئەم بەلاغەو ئەنجامەکانی(دیداری گوڵەخانە) و پەرە پێدانی بۆ دیدارەکانی ئایندە کە ساز بکرێت .
9 – بانگەواز بۆ خەڵکی کوردستان لە پێناو هۆشیاری و کۆدەنگی نیشتمانی و نەتەوەیی و کۆکردنەوەیان لە ژێر چەتری ئاشتی هەمیشەیی و پێکهێنانی هێزێکی فشاری ئاشتیانە بۆ جێبەجێ کردنی ئەو خاڵانەی لەم دیدارەدا بڵاوکراوەتەوە .
10 – ئامەدەکردن و داڕشتنەوەی رەشنوسێک وەک پەیماننامەیەکی ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و خۆ سازکردن بۆبەستنی دیدار و کۆنگرەیەکی ئاشتی لە پێناو دروست کردنی (کۆنفدارسیونێک ) یا ئەنجومەنێک یاخود تەشکیلێک لە ژێر هەر ناونیشان و ناوێکدا بێت، تا وەک سەرچاوە و بازنەیەکی مەرجەعیەتی سیاسی ئاشتیانە بۆ بریارە چارەنوسسازە نەتەوەییەکان بە ئەرکی گەیاندنی پەیام و خواست و مافەکانی نەتەوەی کورد لە سەرانسەری جیهاندا خزمەت بکات.
لە کۆتاییدا چاوەروانی هیمەتی دڵسۆزانە و نیشتمانیانە و نەتەوەییانەی گشت لایەکین کە بێن بەدەم ئەم بانگەوازەوە تا بگەیەنرێتە ئامانجە پیرۆزەکانی و لە ئاشتی سەرتاسەریدا بەرجەستە ببێتەوە.
بژی کورد و سەرفرازی بۆ خەڵکی کوردستان سەروەری بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای رزگاری .
لیژنەی کاتی دیداری ئاشتی گوڵەخانە
۲۷ـی تەموزی ۲٠۲۳
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق