پاشەکشێی کورد بێ دەنگییەکی ترسناک

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی
-
هەرێمی کوردستان لەدوای 2003 و ڕوخانی ڕژێمی بەعس، چووە قۆناغێکی سەرکەوتنی خێراو بوژانەوەیەکی بەرچاوی ئابوری و سیاسی دەستی پێکرد، هەتا ئەو ڕادەیەیی کۆچی پێچەوانە دەستی پێکرد لە تاراوگەوە بۆ کوردستان. 


لە ڕووی سیاسی و گەشەی دیموکراتی، هەرێم ببووە جێگای ئومێدی کوردو هەموو ئازادیخوازانی جیهان، کە لێرەوە کەلتوری دیموکراتی و ئازادی پەرەبسێنێ بۆ هەموو ناوچەکە. کورد دەڵێ: (ئەوەی دۆستە دەمگریەنێ، ئەوەی ماستاو چییە یا دوژمنە پێم دەکەنێنێ )ئەوەی دۆستی ئەم هەرێمەیە کە واقیعەکە دەخوێنێتەوە هەموو شت پێچەوانە بوەتەوە، با زۆر قوڵ نەبینەوە ئێمە لەچی پاشەکشەیەکداین، تەنها لەماوەی شەش مانگدا هەرێم بەر چەند گورزی کەمەر شکێن کەوت، کە پاشەکشەیەکی سیاسی و ئابووری یەکجار ترسناکی بە هەرێم کردووە.

لەوگورزانە ( بڕیارەکەی دادگای فەرەنسا لەسەر مەسەلەی نەوت، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، یاسای بودجە، کێشەی کۆمسیۆن و هەڵبژاردن)، ئەمانە لای دڵسۆزانی ئەم وڵاتە جێگای نیگەرانی قوڵن، کەچی حزبەکان بێ باکن وهیچ لەخۆیان ناگرن پێشتر کە کێشەیەک دەبوو لە چەند لاوە دەسپێشخەری دەکرا یان مەترسییەک لەسەر هەرێم هەبوایە کەسی یەکەمی حزبەکان کۆدەبونەوە بۆ ڕێگری لەو مەترسیە هیچ نەبوایە دەرەدڵێکیان دەکرد بەڵام ئێستا لە پاشەکشەیەکی بەردەوام و ترسناکداین و هیچ هێزو لایەنێک خۆی تێناگەیەنێت و لەبێ دەنگیەکی ترسناکدا دەژین! چونکە هیچ حزبێک لەم پەڕی چەپ بۆ ئە و پەڕی ڕاستەوە بەخەلەفی وسەلەفی یەوە ، لەم کاتەدا جیهانبینییەکی ڕونیان نیە هیچ پرۆژەیەکی بۆدەربازبون لەم مەئزەقە نیە ئەمەش ترسناکترین هەلومەرج دێنێتە پێش کەلەناو کێشەکاندا پرۆژەیەکت نەبێت بۆدەرباز بوون هۆکارەکەشی بەرەنجامی ئەو کێشە و بەرژەوەندیانەی ناو حزبەکانە کە لە سەرووی بەرژەوەندی نیشتیمانەوە دایانناوە. ئەگینا لە دوای ساڵی (1992)ەوە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە لەبەردەم مەترسی هەمەلایەنەدا نەبووە. 

بۆیە پێویستە هەموو لایەک لەم خەوی کەمتەرخەمییە بەخەبەربێن و بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەن بە قوربانی بەرژەوەندی گشتی و خەڵک ئاشتکەنەوە چونکە کەخەڵک نیگەران بو ئەواحیزب و حکومەتیش چەکی نەوەویشیان پێبێت توانای بەرەنگاری نابێت و ئەم پاشەکشەو سەرەو لێژبونەوەیەش دەگاتە جێگایەک ئیتر توانای هیچ چارەسەرێکمان نامێنێ، بۆیە پێویستە ئێمەی کورد ئەم پرسیارانە لەخۆمان بکەین، چۆن و بەچی ئامرازێک ڕوبەڕوی ئەم هەلومەرجە ببینەوە؟ چۆن ململانێی جەمسەرەکانی ناوچەکە بخوێنینەوە؟ چۆن تێبگەین ئەوان بە لۆژیکی داشی شەترەنج ئیدارەی گەمەکە دەکەن و لەهەر جوڵەیەکدا لە ڕێگای یاساوە گورزێکمان تێ دەسرەوێنن، هەتا دەمانگەیەننە ئەو خاڵەی پێمان دەڵێن (ئێمە براوەین و ئێوە دۆڕاو فەرمون لێرەدا واژویەک بکەن). بۆ ئەوەی نەگەینە ئەو دۆخە هێشتا کات ماوە بەمەرجێ واز لە ڕق و ئەنانیەت و بەرژەوەندی خواز ی بهێنین، ئەگینا دەبێ وەک ئەوەی لە مێژوودا ڕویداوە هەر بیڵێینەوە ئەم کارەساتە لە ئەستۆی کێدایە؟ بەدڵنیاییەوە مێژوو دەڵێ لە ئەستۆی حیزبی کوردیدایە .


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif