ماجد خلیل
-
چیرۆکنوس و نوسەری خانەقینی خاتو ئەحلام مەنسوور، ژنێکی ئازاو و نوسەرێکی ڕچەشکێن و ڕۆماننوسێکی ڕاشکاو بوو، لەم ساڵانەی دووایدا دەرس و دەوری درابوویەو لە بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانیدا ساڵانێک وانەی وتەوە. ماوەیەکیش بەڕێوەبەری کتێبخانەی کۆلێژی زانستەمرۆڤایەتییەکان بوو. ئێمە تازە ببووینە یاریدەدەری توێژەر، ئیتر ئەبوو کارەکانی کتێبخانە و کتێبی خوێندکاران ڕاپەڕێنین. ئەو ئێمەی ئەبینی، جددی و جیاواز، پێکەنینی بە عەقڵمان ئەهات، ئەیزانی و لەو سەرەوە ئەهاتەوە، زۆرجار زەمی زۆرکەسی دەکرد، دەهات و قاوەیەکی تاڵی تێدەکرد و جگەرەیەکی پێدەکرد. خەیاڵێکی هارو هونەرێکی جوانی لە گێڕانەوەدا هەبوو، سیحرێکی سوریالیانە لە قسەکانیدا دەڕژا. ڕۆژێکیان وتی:
-ئەو پەنجەرانە داخەن، کتێب مەدەنە هیچ تەلەبەیەکی تڕکەن. ئاوەرن سەگبابینە. ئەرێ ئێوە بیر ناکەنەوە؟ یانی نەهاتووە بەسەرتانا بێ هۆکار هاوارێک بکەن؟ یانی دڵتان لێنادا ئەو ڕیزە کتێبە تێکووپێک بدەن؟
دانەیەکی مەعقول لەوێ بوو، ئەوانەی بچنە داوای هەر کچێ بێ یەکو دوو دەیاندەنێ، وتی: ئاخر ئەحلام خان، بێ سەبەب بۆ؟ ئەی نازانی پێکەنینی بێ سەبەب، کار دەکاتە سەر ئەدەب.
ئەحلام سەیرێکی کردو دەمزانی هیچ ناڵێ...
هەندێ هونەری ژیان هەیە، خاڵی هاوبەشی زۆرێک لە خەڵکین، هیچ نەبێ نوقتەی نەریتی جیلێکی جێماوی وەک ئێمەن.
بۆنموونە، کاتێ کتێبێک دەخوێنیتەوە، دەبینی دڵتگرتوویەتی، زوو زوو سەیری پەڕەکانی کوتایی دەکەی، دەتەوێ دنیایەک پەڕەی پێوە مابێ.
هەر خۆت لەماڵێی، دەچییە بەردەم ئاوێنەیەک، ئەتەوێ بزانی چۆنیت و چۆن نیت، هەروا هەندێ هەڵسوکەوتی سەیر دەکەی، دەتەوێ بزانی چیت، چەناکەت دەهێنی و دەبەی، زوانت ڕادەکێشی، یەک دوو جارێ هەڵدەقونی، چەند هەنگاوێ بە کوڕیی دەڕۆی، قاچێکت دەخشێنی بەشوێن خۆتدا، خێرا دەڕۆیت و لەپڕێکدا دەوەستی. دەبێ هەبێ واینەکردبێ؟ دەبێ هەبێ لەبەردەم ئاوێنەدا، هەندێ کردەی کاراتی ئامێزی ئەنجامنەدابێ؟
مەرج نییە لەبەردەم ئاوێنەدا، جاری وا هەیە لە تەوالێتێکدا، جۆرێک جموجوڵی جنۆکەئاسا ئەکرێ. جاری وا هەیە لە میوانییەکی ڕاقی و ڕازاوەدای، نوبەلاو نەجیبزادە دانیشتوون، دەچییە دەستشوویی، کە دەرگاکە دادەخەی و لە کۆت و بەندی بابەتی ئەتەکێت ڕزگارت دەبێ، دوورنییە لەبەردەم ئاوێنەکەدا هەندێ هەڵسوکەوتی سەیر نەکەیت.
نازانم، ئەبێ هەر من وابم، یان یارۆ و فڵان و فیساریش وان؟
تۆ بڵێی مەسولێکی تڕزلیش، کە کۆشکێکی داوەتەبەر، کە نۆ ڕۆژ نۆرە بگری جا دەیبینی، ئەویش وابکات؟
نازانم چون بیڵێم، بۆنموونە غازی عەجیل یاوەر بۆخۆی قژی خۆی تێکدابێ، یان لە ژوورێکی چۆڵدا چۆکی دادابێ و نەختێ ڕێی کردبێ؟
ئەدی یاسر عەرەفات و سەددام و ئەم تڕکەنانەی ئەم سەردەمەی خۆشمان، ئاخۆ وەختێ دەنگێکیان لێوە دەردەچێ، کاتێ هەڵامەتیانەو لوتیان لێوەی دەڕژێ، لەو کاتەدا هەستدەکەن هەروەک من و تۆن؟ ئەبێ کاتێ لە تەوالێتدا تینیان بۆ هاتبێت، ئەبێ نێزەکی نقەنقیان چەندە بەرزبێ، ئەبێ بیرکەنەوە بایی چەندن؟
یان وەختێ دەپژمن دەبێ وێنەی خۆیان بێتە پێشچاویان.
تۆ بیرکەرەوە، مەلایەکی دوانزە عیلم، لەشوێنێکی چۆڵدا پشتی بخورێ و دەستی نەگاتێ، تۆ بڵێی بشتی بێنێ بە کۆڵەکەیەکی ڕوشدا؟ ئەدی ئەگەر شوێنێکی نەخوازراوی خورا چۆن دەکا؟
یانی یادەوەریم لەگەڵ لۆژیکێکی لاباودایە، لە ژوورێکی چۆڵدایت، وەک دەڵێ دێت بەسەرتدا، باڵت ڕادەوەشێنی، یەک دوو هەنگاوی زل دەنێیت و دەوەستی، لەسەر پاژنەی چەپت سوڕێ دەخۆیت، یان جاری واهەیە دڵنیایت کە چۆڵەوانییە، چی تێدایە، تینت بۆ هاتووە، کاتێ دەستت لەخۆت بەردەدەیت و خۆت خاڵی دەکەیتەوە، لەگەڵ دەنگەکەدا حەرەکاتێکی سەیر وەک ئەوەی کۆنفۆیەک بیت، بەدەستەکانت دەکەیت.
وێنەکان زۆرن، زۆر و زەبەند، تەنانەت تەڕحی ئەم بابەتە زیاتر زەمینەی هەڵسوکەوتی هەیەجانئامێزی نێوان نازونوکی ژن و مێرد و دوو دانە عاشق دیاریی دەکەن. لەوێوە لوتکەی قسەی لەتوکوت و کاردانەوەی کۆیلەڕەنگ و ڕازی ڕووشاو دەوەشێتەوە. مرۆڤ کاتێ بیر لەو مەشهەدانە دەکاتەوە، وەک ئەوە وایە تەماشای هەڵپەڕکێیەکی خۆی بکاتەوە کە تۆمارکراوە، پێم وانییە کەسێک هەڵپەڕینی خۆی تەماشاکاتەوەو تێر تەریق نەبێتەوە.
هەڵبەتە بۆخۆم، کاتێ ئەفەنییەکی ئەتەکێتدار ئەبینم، ئەوەی لۆچی چاکەتەکەی و چرچی تەوێڵی هێندەی یەک تیژ و توڕەن، لەدەستم دەرناچێ. زۆرجار بەڕێوەبەری وام هێناوەتە پێشچاوم، بەمەرجێ پێنج دانە سەعات نۆرەم گرتووە تا بیبینم، بەڵام هەر کەچوومەتە ژوورەوە، ئەو لەپشت مێزەکەیدا بەحساب واژۆی نوسراوەکان دەکات، عادەتەن دوای پێنج دەقە سەر هەڵدەبڕن، یان هەر سەرهەڵنابڕن و دەڵێن ها بیڵێ.. خەمتان نەبێ، بۆخۆم بە ئەنواعو ئەشکاڵ ئەیانهێنمە پێشچاوم. قاتەکەیان یان هەرچییان لەبەردایە دای دەکەنم و بە مەیلی خۆم جلێکی گونجاویان بۆ گیردێنم، ئەوجا ئەزانم ئەوجی ئەتەکێتیان چۆنە و وەختێ واو وا دەکەن چۆنن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق