بە تەنیشت هۆکارەکانی پەیوەندیکردن بە «پارتی» و «پارتیبوون»ەوە

ليست هناك تعليقات


 د.موئمین زەڵمی
-
پارتیبوون یان بوونە پارتی، چەمکێکە لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشەوە هەبووە و کەم تا زۆر لە ئێستادا زیاتر رەنگ دەداتەوە، ئەم چەمکە بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە حزب و پێگەی حزبی خۆیان دەگۆڕن و لە حزبەکانی دەرەوەی پارتییەوە سەنگەر دەگوازنەوە بۆ ناو ریزەکانی پارتی، تا ئێرە مافێکی ئاسایی و بەشێکە لە ئازای بیروڕا و هەڵوێست و بژاردەی سیاسی، بەڵام چەند شتێک دۆخەکە تەواو نائاسایی و شپرز دەکەن؛

یەکەم؛ باوەڕبوون بە بنەما و پرۆگرام و هەڵوێستی و سیاسەتی پارتی، بەڵام درێژەدان بە ئەندامێتی لە حزبێکی دیکەدا، هاوڕێیەک دەیوت؛ «ئەندامانی سەرکردایەتی پارتی لە حزبەکانیتردا زۆرترن تا لە ناو پارتی خۆیدا»، ئەمە کاریگەری خراپی لەسەر ئەو دیموکراسییە هەیە کە دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی بۆ دەکات، هاوکات متمانە بە حزبیبوون و سیاسەتکردن لەم کۆمەڵگەیەدا زیاتر لەق و کەچ دەکات.

دووەم؛ گواستنەوەی سەنگەر و خەبات بۆ ناو پارتی، ببێتە هۆی پەشیمانی لە هەنگاو و ئەندامێتی و کارو پرۆژەی ڕابردوو لە حزب و ڕەوتیتردا، بە دڵنیاییەوە تفکردنە رابردوو، نەفرەتکردنێکی هێواشە لە ئێستا و داهاتووی ئەو کەسە و ئەو حزبەی هەڵیدەبژێرێت.

سێیەم؛ گواستنەوەی سەنگەر بۆ ناو پارتی و پارتیبوون، ببێتە هۆی بەدەستهێنانی پلەی باڵا و بەرپرسیارییەتی حزبی و حکومی لە ماوەیەکی کەم یان راستەوخۆ پاش پارتیبوون، ئەمە گەورەترین ستەمە کە پارتی لە ئەندام و کادیرانی خۆی دەیکات و لە ڕابردوو، ئێستا و داهاتووشدا کاریگەری خراپی دەردەکەوێت.

چوارەم؛ زۆرینەی ئەو کەسانەی پۆست و پلەی حکومییان لە حکومەتی هەرێم بە تایبەت لە کابینەکانی پێشوودا وەرگرتووە، زۆر بە خێرایی رابردووی خۆیان لەبیردەکەن و پشت لە حزب و دەنگدەر و هەوادار و بیرکردنەوەکانی ڕابردووی خۆیان دەکەن و دەبنە پارتییەکی لەسەرخۆ، قسەیەک هەیە دەڵێت؛ «زۆربوون ئەوانەی بە کڵاشی هەڵەبجەوە چوونە هەولێر و بە وەنەوشەی پارتیشەوە ئامادەنین بە سەردانیش بگەڕێنەوە هەڵەبجە»، ئەمەش دیسان هەم مەترسیە بۆ سەر دیموکراسی، هەم مەترسییە بۆ سەر سیاسەتی حوکمڕانی و هەم دژی هەموو ماف و ئازادییەکی هەڵبژاردنە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک حزبێکی کوردی بە دڵنیاییەوە مافی خۆیەتی هێز و پێگە و ئەندامانی خۆی زیاد بکات و دەرگا بۆ ئەندامانی حزبەکانیتر بکاتەوە و لە خۆیان بگرێت، بەڵام زۆر خراپ دەکات، ئەگەر رێگە بەو کەسانە بدات نەفرەت لە رابردووی خۆیان بکەن، چونکە بوون و گرنگی و ڕەونەقی هەرێمی کوردستان بە فرە حزبیی و ئازادی بیروڕاوە بووە و نابێت ئەم پرەنسیپە پایەماڵ بکرێت، ئەسڵەن خودی ئەو ئیدۆمەی کە دروست بووە «هەمووان پارتیبوونێک قەرزارن» دژی بنەماکانی فرەحزبی و دیموکراسییە، هەروەک گلێرکردنەوەی هەمووان لە چوارچێوەی پارتی دا، نە مانا دەداتە دیموکراسی، نە چوارچێوەیەک بۆ ئازادی بیروڕا و ئازادی بیرکردنەوە دەهێڵێتەوە، چونکە تەنانەت ئەوکاتەش دیکتاتۆرییەت دەچەسپێ و یەک حزبی حوکمڕان و حزبڕانی رەنگ دەداتەوە، دیسان نابێت فرە حزبی لە کۆمەڵگەی کوردیدا قەدەغە بکرێت و تەسک بکرێتەوە.

لە کۆتاییدا ئەم پرسە ئەرکی حزبەکانیتر بە تایبەت یەکێتی و ئیسلامییەکان قورستر دەکات و خەباتی یەکێتی بۆ دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین دەخاتە ژێر پرسیارەوە، کە ئایا یەکێتی چۆن کۆمەڵگەی دیموکراسی لەم پرسە دەپارێزێت، و ئایا ئیسلامییەکان کوردستان چۆن خۆیان لەگەڵ ئەم دۆخەدا رادەهێنن، چونکە ئەگەر بڕیار بێت ئەوان هەر کادیر دروست بکەن و کە پێگەشت ببێتە پارتی، کەواتە خەڵک بەرەو تونێلێک ئاڕاستە دەکەن کە ئەوسەری دیارە!


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif