کورد بوون نەفرەت یان شانازی

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی 

کورد بوون ئەو چەمکەیە لە مێژوودا ملیۆنەها مرۆڤی بەش مەینەت بۆی ژیان و بە هەزاران بە عیشقەوە بۆی بوون بە قوربانی بۆ ئەوەی بمێنێتەوە وەک شوناس، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئێستا لێرەو لەوێ دەنگێک دەبیستی نەفرەت لە کورد بوون دەکات، دەشتوانم بڵێم ئەو دەنگانە دەنگی کەسانی خۆفرۆش نین، بەڵکو دەنگی کەسانێکن زۆر قوڵ باوەڕیان بە کورد بوون هەبووە، بەڵام ئەو هەلومەرجە سیاسیەی کوردستان وایلێکردووە. بۆیە ئێمە نابێ بڵێین بۆ وادەڵێن؟ دەبێ بپرسین بۆ وایان لێهات؟ ئەمە هەنگاوی چارەسەرە. 

لەڕاستیدا ئەو هەلومەرجەی کوردستان و ناوماڵی کوردستانی تێدایە تەنها دوژمن پێی خۆشحاڵە، چونکە گەشتووەتە ئاستێک دنیای کوردی و پەیوەندیەکانی ناو خودی کورد بەرەو داڕزان دەڕوات. ئەمەش سەرچاوەکەی بۆ نەبوونی پەروەردەی سیاسی دروست دەگەڕێتەوە، ئێمە لە بری ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو شەڕە کەلتوری و زیهنیەی بەرامبەرمان دەکرێت هاتین هەموو هیواکانمان و ئامانجەکانمان هێنایە خوارەوە تەنها لە سڕینەوەی یەکدیدا کورتمان کردەوە. 

لێرەوە دەسکاری ئومێدی خەڵکمان کرد، بۆیە نائومێدی هەتا ئەو ئاستە باڵی کێشاوە، کە خەڵک هەبێت ڕقی لە کورد بون بێت. من نە ڕەشبینم نە نائومێدم بەڵام واقیع بینم، لە ناو ڕۆحی شەقامدام دەزانم چی باسە، بۆیە پێویستە لەم هەلومەرجە تێبگەین ئەوەی لەسەر شانی سیاسییەکان و ئەو ژمارە زۆر کەمەی ڕۆشنبیرە دەبێت ترسناکی ئەم نائومێدییە ڕایانچەڵەکێنێت بزانن، کە لە مێژوودا چەندان جار کورد سەرکوتکراوە، بەڵام هەستاوەتەوە، چونکە باوەڕ و ئومێد هەبووە ئەوەی دەمەوێ بیڵێم لە هیچ هەلومەرجێکدا ڕۆحی کوردی نەگەشتووەتە ئەو ئاستەی خۆزگە بە دەسەڵاتی دوژمن و داگیرکەر بخوازێ، بەڵام سەرەڕای هەموو کەموکوڕییەک نابێ نەفرەت لە کوردبوون بکەین بەتایبەتی بۆ گەنجە ئازیزەکان من لەخەمەکانتان باش تێدەگەم، بەڵام داواکارم ئەم خەمانەتان واتان لێنەکات نەفرەت لە خەونەکانتان بکات، چونکە کورد بوون خەونی گەورەی ئێوەیە. کورد بوون موڵکی هیچ حزبێک و هیچ کەسێک نیە کورد بوون مێژووە. کورد تەنها نەتەوەیە لە بەرامبەر ئەو هەموو ستەمکاری و گەلە کۆمەکییەدا توانیویەتی خۆی ڕابگرێت. بۆیە کورد بوون نەفرەت نیە شانازییە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif