هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دیدارێکی میدیایدا باسی لە چەندین دۆسێی پەیوەست بە رەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن و گرفتەکانی هەولێر و بەغدا کرد.
هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان
بە گوتەی هێمن هەورامی، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی زۆری دەنگ و کورسییەکانی پەرلەمان بەدەستدەهێنێت و دەڵێت، "سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەموو شتێک گرنگترە بەلامانەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پارتی زۆرینە بەدەستدەهێنێت و لەگەڵ هاوپەیمانەکانی حکومەت پێکدەهێنێتەوە".
هێمن هەورامی گوتیشی، دەبێت هەڵبژاردنی کوردستان لە رۆژی 25-2-2024 بکرێت، چونکە وادەکەی خۆی لە کاتی خۆی دواکەوتووە و کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتیش بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان هەیە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا کە هەندێک لایەن کە زیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا دەکەن، نایانەوێت هەڵبژاردنەکە بکرێت، بەدیاریکراویش ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی هێنا و گوتی، "یەکێتی چاوەڕوانی دانیشتنێکی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکات لەبارەی تانەیەکیان لە یاسای هەڵبژاردن. دوای ئەو دانیشتنە کە سەرەتای مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، هەڵوێستی خۆیان رادەگەیێنن، بەڵام خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێت لە هیچ لایەنێکی سیاسی قبووڵ بکات کە هەڵبژاردن پەکبخات، چونکە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لە وادەی دەستنیشانکراوی خۆیدا هەرێمی کوردستان تووشی کارەسات دەکات".
هێمن هەورامی پێیوایە کە بەشداری دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا زۆر زیاتر دەبێت لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عێراق و لەوبارەیەوە دەڵێت، "لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بەشداری خەڵک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەراورد بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کەمتر بووە لەنێو هەرێمی کوردستان. بەپێی داتا و بەدواداچوونەکانی ئێمە، رێژەی بەشداریی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا زیاتر لە 65٪ دەبێت".
"حکومەتی داهاتوو"
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی باس لەوەش دەکات، کە ئەوان نایانەوێت حکومەتی زۆرینە پێکبهێنن و لەگەڵ حکومەتی بنکە زۆر فراوانیشدا نین. دەڵێت، "ئەگەر پارتی 100 کورسی پەرلەمانیش بەدەستبهێنێت، بە تەنیا حکومەت پێکناهێنێت، چونکە دۆخی هەرێمی کوردستان و هاوکێشەکان لە خەم دەرنەچووە تا حکومەتی زۆرینە پێکبهێنێت و هیچ لایەنێکیش لە هەرێمی کوردستان بەبێ پارتی دیموکراتی کوردستان ناتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.
گوتیشی: حکومەتی زۆر بنکەفراوان، ئەزموونێکی سەرکەوتوو نابێت لە هەرێمی کوردستان و بەدیاریکراویش نێوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەهێنێت و دەڵێت: ئەگەر یەکێتی پێیوایە بەبێ پارتی دەتوانێت حوکمی هەرێمی کوردستان بکات، با بچێت بڕوا بە هێزە سیاسییەکان و لایەنە عێراقی و ناوچەییەکان بهێنێت کە بەبێ پارتی حکومەت پێکدەهێنێت.
"گوشار لە سلێمانی"
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی ناکۆکییە حیزبییەکان لە هەرێمی کوردستان هێمن هەورامی گوتی: لە سنووری سلێمانی رێگەنادرێت پارتی کار و خزمەت بکات، تەنانەت لە زانکۆیەکدا رێگە نادرێت کادرێک یان لایەنگرێكی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرپرسیارێتییەک وەربگرێت، لەکاتێکدا پارتی بە ئامار و داتا لایەتی کە لایەنگران و کادرانی حیزبەکانی تر لە هەولێر دەرفەتی کار و بەرپرسیارێتی لەبەردەمیاندا کراوەیە، تەنانەت یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پشکیان زیاترە کە قەبارەی خۆیان و لە کابینەکانی پێشتری حکومەتەکەش.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لەبارەی پەڕینەوەی ناکۆکییە حیزبییەکان بۆ ناو سلک و جومگە هەستیارەکانی حکومەت و دامەزراوەکان وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، ئەو دۆخەی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا دروستکراوە پەیوەندی بە چاکسازییەکانی ناو هێزەکانی پێشمەرگە هەیە و هەوڵێکە بۆ رێگریی لەو چاکسازییانەی ئێستا.
"دووڕوویی سیاسیی"
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رەخنەی تووند لە پابەندنەبوونی حکومەتی عێراق بە رێککەوتنەکان بەتایبەت رێککەوتنەکانی پەیوەست بە بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان دەگرێت و بە "دووڕوویی سیاسیی" ناوی دەبات و دەڵێت: دووڕوویی سیاسی لە بەغداوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان هەیە، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان پابەند نابن بەو رێککەوتنانەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ئەنجامی دەدەن و لە ئێستاشدا بەغدا پابەندنییە بە رێککەوتنەکانەوە لەبارەی یاسای بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان. گوتیشی: چەندین پرۆژەیاسا لە بەغدا ئامادەکراون بۆ زیاتر گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەو گوتانەی هێمن هەورامی لەکاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەوپەڕی ئاڵۆزیدایە و رۆژانە بەرپرسانی هەردوولا لێدوانی تووند دژی یەکتر دەدەن، بەڵام هێشتا گفتوگۆ و پەیوەندییە سیاسییەکان نەبچڕێندراون و ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی نموونە بەوە دەهێنێتەوە کە دوای شەڕی ناوخۆ پارتی و یەکێتی 128 کۆبوونەوەی ئاشتییان ئەنجامدا تا رەوشی هەرێمی کوردستان ئارامکرایەوە و سەقامگیریی بەخۆیەوە بینی.
لە چەند رۆژی رابردووشدا سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "پێویستە کێشەکان بە گفتوگۆی فەرمی و چڕ چارەسەر بکرێن و لە ژوورە داخراوەکان باسی هەموو ئەو بابەتانە بکەن کە هەڕەشەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان."
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی، "ئێستا ئێمە هەڕەشەکانمان لەبیر کردووە و خەریکی دژایەتیکردنی یەکترین، دەبێت بەرپرسانی هەردوولامان گوێ لەو قسانە نەگرن و خەریکی گفتوگۆکردن بن بۆ چارەسەری کێشەکان."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق