دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران خاڵی وەرچەرخان بوو بۆ ئاسایشی ناوچەکە

ليست هناك تعليقات


دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی ریاز و تاران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران یەکەمین سەردانی خۆی بۆ سعودیە وەک وەزیری دەرەوە ئەنجامدا و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە؛ هەردوولا جەختیان لە کارپێکردنی رێککەوتنەکانی نێوانیان کردەوە. عەبدوڵڵاهیان گوتی، لە ماوەیەکی نزیکدا سەرۆککۆماری ئێرانیش سەردانی سعودیە دەکات. 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە ریاز، دوای پێشوازیکردنی لە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران؛ فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە گوتی، دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاران، "خاڵی وەرچەرخان" بوون بۆ ئاساییشی ناوچەکە. 
 
فەیسەڵ بن فەرحان جەختی لە خواستی سعودیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و متمانەی هاوبەش لەگەڵ ئێراندا کردەوە و باسی لەوەش کرد، وڵاتەکەی لە کاراکردنی رێککەوتنە ئەمنی و ئابوورییەکانی نێوانیان رژدە. گوتیشی، "لەسەر بنەمای رێزگرتنی هاوبەش، هەوڵ بۆ چالاککردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تاران دەدەین."
 
فەیسەڵ بن فەرحان گوتیشی، ئەوان پێزانینیان هەیە بۆ پشتیوانیی ئێران لە داواکاریی سعودیە بۆ میوانداریکردنی پێشانگەی ئێکسپۆ 2030. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێرانیش باسی لەوە کرد کە گفتوگۆی "بەرهەمدار"یان لە ریاز هەبووە. گوتیشی، "رۆڵی شانشینی عەرەبستانی سعودیە لە ناوچەکە بەرزدەنرخێنین".
 
عەبدوڵڵاهیان ئەوەشی خستەڕوو کە پێیانوایە، دەتوانن لەگەڵ سعودیە کاربکەن "بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی ناوچەکە بە زووترین کات،" ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران "بێ جیاوازی، پشتیوانی لە ئاساییش و ئاشتیی ناوچەکە دەکات".
 
عەبدوڵڵاهیان رایگەیاند، ئێران و سعودیە روانگەی هاوبەشیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی نێوانیان. گوتیشی، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانی شانشینە عەرەبییەکە دەکات. وەزیری دەرەوەی ئێران هەروەها سوپاسی سعودیەی کرد لەبەرامبەر کارئاسانیکردنی بۆ حەج و عومرەی هاووڵاتییانی ئێرانی.
 
سعودیە و ئێران لە 10ـی ئاداری ئەمساڵدا بە نێوەندگیریی چین لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتە رێککەوتن پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دەستپێبکەنەوە کە لە ساڵی 2016ـەوە پچڕابوون؛ هەروەها رازیبوون کۆنسوڵخانە و باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتەکانی یەکدی بکەنەوە و دەست بە کارکردن بە رێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوانیان بکەن کە لە ساڵی 2001ـەوە واژۆکراون. 
 
دواتر تاران عەلی رەزا عینایەتی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران وەک باڵیۆزی نوێی خۆی لە ریاز دەستنیشانکرد، ئەوەش دوای دوو مانگ لە راگەیاندنی رێککەوتنەکەیان. 
 
لە مانگی حوزەیرانیش، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان بە سەردانێکی فەرمی چووە تاران و لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی کۆبووەوە. ساڵی 2016، دوای لە سێدارەدانی شێخ نیمر نەمر، پیاوی ئایینی شيعە لە لایەن ریازەوە، خۆپێشاندەرانی توڕە لە ئێران هێرشیان کردە سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی سعودیە و ئیدی پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتەکە پچڕان.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif