سەلاحەددینی ئەیوبی، سەرکردەی کورد نەک هەر تەنیا فەلەستینی رزگار کردووە، بەڵکو کاریشی بۆ پەیوەستبوونی موسڵمانان بە خاکەوە کردووە. ئەوەش لە رێگەی نیشتەجێبوون و بەیەکەوە بەستنەوە. لەو چوارچێوەیەدا، دەیان هەزار سەربازی کورد لە فەلەستین نیشتەجێبوون. بە تێپەڕبوونی کات سەتان خێزانی کوردی دروست بوون.
روبا کورد، هونەرمەندێکی شێوەکاری بە رەچەڵەک کوردە، خۆی و هاوژینەکەی لەگەڵ زیاتر 30 لە هونەرمەندی دیکە بە تابلۆ هونەرییەکانیانەوە لە غەزە بەشداری پێشانگەیەکی کردووە.
روبا کورد دەڵێت، "ئەمڕۆ بە چەندین تابلۆوە بەشداریم لە پێشانگەی پروشکەکانی شاری هونەری کردووە، ئامانجەکەی قسەکردنە لەسەر کەرتی غەزە بەتایبەتی و پاشماوەی شوێنەوار و کەلەپووری فەڵەستنی و تەلارسازی-ش بەشێوەیەکی گشتی."
روبا کورد، وەک زیاتر لە 50 هەزار بە رەچەڵەک کوردی دیکە کە لە کەرتی غەزە دەژین، شانازی دەکات کە بە رەچەڵەک کوردە. ئەو دەڵێت، "بەشداریم لە چەندین پێشانگە و چالاکیی هونەری کردووە بۆ ئەوەی دەنگی وڵاتەکەم بگەیێنمە جیهان لە رێگەی هونەرەکەمەوە. هونەرمەندێکی بە رەچەڵەک کوردم و لە غەزە دەژیم و شانازی دەکەم بە رەچەڵەک کوردم".
کورد لە زۆربەی شارەکانی فەلەستین نیشتەجێن، دیارترینیان قودس، خەلیل، نابلس و غەزەن. د. غەسان وشاح، سەرۆکی بەشی مێژوو لە زانکۆی ئیسلامی لە غەزە دەڵێت، "دەتوانین بڵێین کوردەکان بەشێکی رەسەنی گەلی فەلەستینن، سەرەتای دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخی نێوەڕاست لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیی سەرکردە سەلاحەددین ئەیوبی. لێرە لە غەزە زۆر خێزانی بە رەچەڵەک کورد هەن. کوردانی فەلەستین و غەزە رۆڵێکی روون و دیاریان هەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی هەموو فەلەستیندا."
بەهۆی ململانێی عەرەبی- ئیسرائیلی، بەتایبەتی جەنگی ساڵانی 1948 و 1967 هەندێک لەو خێزانە کوردانە کۆچیان بۆ وڵاتانی دراوسێی فەلەستین، یان وڵاتانی ئەوروپی کردووە.
کورد لە سەردەمە جیاجیاکاندا سەرکەوتن و ئامادەبوونی گەورەیان تۆمارکردووە لە هەموو ئەو شوێنانەی تێیدا نیشتەجێن بە فەلەستینیشەوە، تاوەکو ئێستا بە بەشێکی کارا و سەرەکیی پێکهاتەکانی گەلی فەلەستنی دادەنرێن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق