لە عێراق لە لایەک پارە دەدزرێت و لە لایەکی دیکە دەزگا فەرمییەکان دەڵێن، پارەی دزراویان گەڕاندووەتەوە. بەغدا بە فەرمی داوا لە ئەمریکاو بەریتانیا دەکات، ئەو بەرپرسە عێراقییانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی و دزی و خاوەنی رەگەزنامەی ئەو وڵاتانەن، رادەستی عێراقیان بکەنەوە.
لە ماوەی 20 رۆژدا دەستەی دەستپاکیی عێراق 10 ملیۆن دۆلار و 800 ملیۆن دیناری عیراقی، کە دزراون، گەڕاندووەتەوە؛ فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چوار بەرپرسی باڵای سەردەمی مستەفا کازمییش دەرچووە، کە ئێستا لە دەرەوەن و تۆمەتبارن بە دزی و گەندەڵی.
حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، "بڕیاری ئاگاداریی سوور بۆ ئەم داوکاراوانە دەرچوو، هەر یەک لە بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری لە حکومەتی پێشوو، کە بە سەرۆکایەتی بەڕێز مستەفا کازمی بوو، هەروەها سکرتێری تایبەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوو کە بە سەرۆکایەتیی بەڕێز مستەفا کازمی بوو، ئەوانە خاوەنی رەگەزنامەی ئەمریکین، هەروەها ئاگاداریی سوور بۆ داواکراو وەزیری دارایی لە حکومەتی پێشوو کە بە سەرۆکایەتی بەڕێز مستەفا کازمی بوو دەرچوو، کە خاوەنی رەگەزنامەی بەریتانییە."
لە ساڵێکدا 168 کەس لە دەرەوەی عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون 10 لەوانە پێشتر وەزیر بوون، 64 کەسیان بەڕێوەبەری گشتی. نزیکەی 22 ملیار دیناریان گەڕاندووەتەوە، سێ ملیار و 958 ملیۆن دۆلار هێشتا ماون."
حەیدەر سەلامی، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، "لەڕاستیدا ئەوە یەکێکە لە ئاڵنگارییەکان، چونکە ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی و دزی، خاوەنی رەگەزنامەی وڵاتانن، بۆیە ئەمە پێویستی بە هاوئاهەنگییە لەسەر ئاستێکی باڵا لەگەڵ ئەمریکا و بەریتانیا، بەو پێیەی زۆربەی ئەوانەی ناویان هەیە رەگەزنامەی ئەو دوو وڵاتەیان هەیە."
بەپێی راپۆرتی ساڵی 2022ی دەستەی دەستپاکیی عێراق، بە بەهای 120 ملیار دینار دۆسیەی گەندەڵی رەوانەی لێکۆڵینەوە کراون، 44 وەزیر و 244 پلە تایبەت و بەڕێوەبەری گشتی تێوەگلاون بە گەندەڵی، لە کۆی 60 دۆسیەی گەندەڵیی گەورە تائێستا توانراوە 7یان یەکلایی بکرێنەوە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق