ڕێگایەکی دی و زمانێکی جیاواز و وەڵامی نوێ

ليست هناك تعليقات


فارس نەورۆڵی 

هەر سەردەمەو پرسیاری خۆی دروستدەکات. پرسیارەکان جۆری وەڵامەکان دیاریدەکەن. وەڵامەکان ئایندە دیاریدەکەن. پرسیار لەسەر پرسێک ئەگەر بۆ ماوەیەکی درێژخایەن وەڵامی دروستی نەبوو، ئەوا ئەو پرسە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە، پرسی کورد ئەو پرسیارەیە، کە هەتا ئێستا وەڵامی دروستی بۆ وەرنەگیراوە، لەکاتێکدا ڕەواترین پرس و تراژیدیترین پرس و قوڵتر و جدیترین پرسیاری ئەخلاقی و سیاسیە لە کورد خۆیی و لە جیهان .پرسی کورد بەتایبەتی، پرسیاری هەردوو سەدەی بیست و بیست و یەکە لە ناوچەکەو جیهاندا، کە هەتا ئێستا وەڵامێکی ئەرێنی بۆ نییە، ئەگەرچی لە سەروبەندی شەڕی داعشدا پرسی کورد چوو بوویە ئاستێکی جیهانی، بەڵام تێگەیشتنی سیاسی کورد نەیتوانی سود لەو هەلومەرجە وەربگرێت ،ئێستا قەوارەی هەرێم و پرسی کورد لەبەردەم پرسیارێکدایە کە پرسیاری مانەوەیە ئایا هەرێمی کوردستان بەم دۆخەو لەم هەلومەرجە ناتەباییەی ناوخۆ و ناسەقامگیری ئابوری و سیاسیەدا لە ناو گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوە جیهانیەکاندا و لەم نادادییەدا کورد دەتوانێ درێژە بە مانەوەی خۆی بدات ؟ ئەگەر دڵسۆزانەو لۆژیکی وەڵام بدەینەوە نەخێر ! ئەگەر وەک گەمەی مارو پەیژە سەیری دۆخی هەرێم بکەین ئەوە سەری مارەکە نزیک بوەتەوە لێمان تەنها جوڵەی گەستنی ماوە. 

دەربازبوون لەسەری مارەکە گەڕانەوەیە بۆ بیرکردنەوەی ئەقڵانی و ستراتیجی و دەسکاریکردنی هۆش و بیرمانە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی ئەم قۆناغە بە دروستی بدەینەوە، کانت بڕوای وابوو هۆشەکانمان جۆری تێگەیشتنمان بۆ واقیع دیاریدەکات. لە ڕاستیدا بیروهۆشی ئێمە لە ئێستادا لە دۆخێکی شێواودایە پێویستی بە دەسکاریکردن هەیە، پێویستمان بەخۆداچوونەوە هەیە. پێویستمان بەوەیە واز لە عینادی سیاسی و لوتبەرزی بێنین بەرامبەر یەکتر، کەواتە دەبێ ڕێگایەکی نوێ و زمانێکی نوێی دواندن بدۆزینەوە بۆ گفتوگۆ لەناو خۆمان لەتەک بەغداو دەوڵەتانی دەوروبەر، لەتەک دۆستەکانمان لە جیهاندا گوێ لە ئامۆژگاری و پێشنیارەکان بگرین بۆ ئەوەی لەم مەئزەقە دەرچین، ئاخر زمانی ئەم هاتوو هاوارە بێمانایەی ناو میدیای کوردی و زمانی سیاسی کوردی نییە، زمان هەر دەنگ نییە، دەنگ و مانایە، ئەم زمانەی ئێستای کورد هەر دەنگ و هاوار هاوارە فاروق ڕەفیق لە کتێبی بیرکردنەوەی ڕەخنەیدا دەڵێ (زمان تەنها دەنگ نیە بەڵک و یەکێتیەکی دەنگ و مانایە یەکێتیەک کە هەریەک پشت بەوی دیکە دەبەستێ ) ئەگەر کورد بەزمانێکی نوێ و دەنگێکی ئەقڵانی و ڕێگایەکی نوێ وەڵامی پرسیارەکانی ئەم قۆناغە نەدەینەوە ئەوا پرسی کورد دەکەوێتە بەردەم پرسیارێکی بێ وەڵامی قورس ئەوکات هەلومەرجی نوێ وەڵامی نوێ دێنێتە ئاراوە کە بەدڵی ئێمە نابێت کاتەکەشی زۆر دورنیە .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif