شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، پێشبینی دەکرێت مانگی داهاتوو لافاو بەشێکی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە. کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەمڕۆ پلەی گەرما نزم دەبێتەوە.
بەشی پێشبینییەکانی کەشوهەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە پلەی گەرما نزم دەبێتەوە و ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، "لە ئەنجامی کاریگەریی نزمە پاڵە پەستۆیەکی لاواز، ئاسمان نیمچە هەور و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو؛ بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنوورییەکان بەئاستی جیا جیا دەبێت لەکاتەکانى دواى نیوەڕۆ. سەنتەری پارێزگاکان ئەگەری کەمێک بارانی دەبێت لە سنووری پارێزگای دهۆک و لە ئیدارەی راپەڕینیش ئاستی بارانەکە زیاتر دەبێت و هەندێ کات هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێت".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئەمڕۆ چوارشەممە، 4- 10-2023، لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی نووڕۆژ لەبارەی شەپۆلی بارانبارین و کاریگەرییەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان بە رووداوی وتوە، "ئەمڕۆ کاریگەریی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارین کە لە دەریای نێوەڕاستەوە هەڵیکردووە، لەسەر هەرێمی کوردستان زیاتر دەردەکەوێت".
ئەو شارەزایەی کەشناسی گوتی، "کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکو دوای رۆژئاوابوونی ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە و لە نێوان هەولێر و موسڵیش هەندێک تاوەباران دەبێت؛ لە ناوچەکانی ئیدارەی راپەڕین و سۆرانیش بارانبارین دەبێت و لە ناوچەکانی هەڵەبجە و گەرمیانیش ئەگەری رێژنەبارانی پاییزە هەیە".
لەبارەی ئەگەری لافاو لە هەرێمی کوردستان، ئەو شارەزایەی کەشناسی دەڵێت، "لافاو شتێکی ئاسایی و سرووشتییە بۆ هەرێمی کوردستان. پێشبینی دەکەم مانگی داهاتوو لافاو لە هەرێمی کوردستان دروست بێت، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی کە پێشبینی دەکرێت بەپێی هەموو سەرچاوەکانی نەخشە مانگی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بارانبارن لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە سەرووی رێژەی ئاساییەوە بێت؛ بۆیە ئەگەری لافاو هەیە".
بە گوتەی محەممەد کەمال، "پارێزگای هەولێر بە پلەی یەکەم دێت لە رووی مەترسیی دروستبوونی لافاو، چونکە تەختە و ئەو شارانەی نیشتەجێبوونیش کە دروستکراون، بەشێکیان شوێنەکەیان رێڕەوی ئاو بووە"؛ داواش دەکات "وەکو ئێستا هەڵمەتی پاککردنەوەی رێڕەوەکانی ئاو لە هەولێر دەستیپێکردووە، هەڵمەتەکە بەردەوام بێت و لە شارەکانی دیکەش وەکو سلێمانی و دهۆک و گەرمیان، هەڵمەتەکە دەستپێبکات و ئامادەکاری بۆ لافاو بکرێت".
لەبارەی کەشوهەوای سبەی پێنجشەممە، 5-10-2023، کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئاسمان بەگشتی لەنێوان پەڵەهەور و نیمچە هەور دەبێت، بەڵام پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ چوارشەممە بەرزتر دەبێتەوە".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسی، بە گشتی پلەی گەرمای پێشبینیکراوی رۆژی پێنجشەممە بەمشێوەیەی خوارەوە دەبێت:
هەولێر؛ 30 پلەى سیلیزى
سلێمانی؛ 28 پلەى سیلیزى
دهۆک؛ 26 پلەى سیلیزى
کەرکووک؛31 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە؛ 29 پلەى سیلیزى
زاخۆ؛ 27 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران؛ 20 پلەى سیلیزى
سۆران؛ 27 پلەى سیلیزى
گەرمیان؛ 33 پلەى سیلیزى
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق