وەزارەتی دارایی داهات و خەرجیی شەش مانگی بڵاودەکاتەوە

ليست هناك تعليقات



وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان داهات و خەرجییەکانی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵی بڵاوکردووەتەوە و بەگوێرەی خشتەکە خەرجییەکانی ئەم شەش مانگە 477 ملیار و 478 هەزار و 900 دینار زیاتر بووە لە کۆی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی شەممە، 21ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە خشتەیەکدا کۆی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ سەرجەم خەرجییەکانەوە بڵاوکردووەتەوە و لەمەودوا نیازی هەیە "هەموو شەش مانگ جارێک خشتەی خەرجی و داهاتەکان بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە."

داهاتی شەش مانگی هەرێمی کوردستان

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، سەرجەم داتا و زانیارییەکان لەلایەن لیژنەی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی و پەسەند کراوە و لە خشتەی ژمارە یەکدا داهاتی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵی بەم شێوەیە بڵاوکردووەتەوە:

داهاتی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوت لە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، واتا لە 1ـی کانوونی دووەمەوە تا 25ـی ئاداری 2023، دوو ترلیۆن و 935 ملیار و 935 ملیۆن و 72 هەزار و 500 دینار بووە.

بەهای نرخی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە 1ـی کانوونی دووەمی 2023 تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2023، بایی 309 ملیار و 967 ملیۆن و 348 هەزار و 238 دینار بووە.

داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، دوو ترلیۆن و 74 ملیار و 597 ملیۆن و 603 هەزار دینار بووە.


هاوکات گوژمەی پارەی رەوانەکراو لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە وەک شایستەی هەرێمی کوردستان 998 ملیار دینار بووە و گوژمەی قەرزی رەوانەکراویش بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بانکەکانی رافیدەین، رەشید و بانکی بازرگانیی عێراقی یەک ترلیۆن و 600 ملیار دینار بووە.

بەگوێرەی خشتەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆی داهاتەکانی شەش مانگی سەرەتای ئەم ساڵی هەرێمی کوردستان حەوت ترلیۆن و 918 ملیار و 501 ملیۆن و 23 هەزار و 738 دینار بووە.

لە خشتەی دووەمی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستاندا کە تایبەتە بە خەرجییە راستەقینەکانی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، دەردەکەوێت کە هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا 477 ملیار و 478 هەزار و 900 دینار خەرجی لە داهاتی زیاتر بووە.

جۆر و بڕی خەرجییەکان بەم شێوەیە بوون:

خەرجی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پێنج ترلیۆن و 646 ملیار و 572 ملیۆن و 880 هەزار دینار بووە.
پێدانی بەشێک لە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت و شایستەی کۆمپانیا نەوتییەکانی کوردستان یەک ترلیۆن و 600 ملیار و 146 ملیۆن و 571 هەزار و 450 دینار بووە.

پێدانی بەشێک لە تێچووی کڕینەوەی وزەی کارەبا لە وێستگەکانی کەرتی تایبەت، 129 ملیار و 815 ملیۆن و 42 هەزار و 400 دینار بووە.
خەرجیی پرۆژەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی هەرێمەکانیش، 371 ملیار و 969 ملیۆن و 723 هەزار دینار بووە.

خەرجییەکانی دیکەی بەکاربردن لە هەرێمی کوردستان 646 ملیار و 997 ملیۆن و 285 هەزار و 788 دینار بووە.

کۆی گشتیی خەرجییەکانی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی سەرەتای 2023، هەشت ترلیۆن و 395 ملیار و 501 ملیۆن و 502 هەزار و 638 دینار بووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif