وردەکاریی رێککەوتنی ئیسرائیل و حەماس

ليست هناك تعليقات


 چەند رۆژێک لەدوای ‌هێرشی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و رفاندنی لانیکەم 240 کەس، شانەیەکی نهێنیی نێودەوڵەتی پێکهێنرا بەمەبەستی ئازادکردنی ئەو بارمتانە.

 
ئەوە خاڵی دەستپێکی هەوڵێکی پێنج هەفتەیی چوار وڵات بوو بە هاوئاهەنگیی دەزگە هەواڵگرییەکانی وڵاتانی زلهێز و پەیوەندیی تەلەفۆنی سەرۆک و سەرکردەی ئەو وڵاتانە کە بۆ دواجار رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و حەماسی لێکەوتەوە بۆ ئازادکردنی 50 بارمتە، لەبەرامبەردا ئازادکردنی 150 زیندانیی فەلەستینی و راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی چوار رۆژ. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، بەیانیی رۆژی هەینی کاژێر 7:00ـی بەیانی ئاگربەستی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و لە رۆژی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، کاژێر 16:00  [کاژێر 17:00 بەکاتی هەولێر] 13 دیلی ئیسرائیلی کە لای حەماسن، ئازاد دەکرێن. 
 
هەوڵەکانی بایدن بۆ ئازادکردنی بارمتەکان
 
رۆژی چوارشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2023، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو پرۆسە دوورودرێژە لەلایەن قەتەرەوە سەرپەرشتی کراوە.
 
بەرپرسانی ئەمریکی باس لە وردەکاریی ئەو هەوڵانە دەکەن و ئاشکرایان کردووە، قەتەر پێشنیازی دروستکردنی شانەیەکی نهێنی بە ئەمریکا و ئیسرائیل پێشکێشکردووە کە بە نهێنی کار بکەن.
 
قەتەر وەکو کەناڵی هاوئاهەنگیکاری سەرەکی، پەیوەندیی لەگەڵ حەماس هەبووە، بەڵام میسریش رۆڵی هەبووە لە دانوستاندن و گفتوگۆ ئاڵۆزەکانی سەبارەت بەو پرسە. 
 
یەکەم هەنگاوی گەورەی ئەو هەوڵانە لە 23ی تشرینی یەکەم بوو، کاتێک بزووتنەوەی حەماس دوو ئافرەتی ئەمریکی ئازاد کرد. دوای ئەو هەنگاوە، ئەمریکییەکان هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە بۆ ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆرتری دیلەکان. 
 
تیمی مۆساد و سی ئای ئەی بەشدار بوون
 
سەرپەرشتیاری تیمەکەی ئیسرائیل، دەیڤد بارنیا، سەرۆکی مۆساد بوو و ئەویش بەردەوام هاوئاهەنگیی لەگەڵ بیڵ بێنس، بەرپرسی دەزگەی CIA کە دامەزراوەی هەواڵگریی ئەمریکایە، هەبووە تاوەکو بگەنە رێککەوتنێک. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسانی ئەمریکا، پرۆسەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی پەیامەکان زۆر درێژخایەن و ئاڵۆز بوون. لەبەرئەوەی پێویست بوو پەیامەکان یەکەمجار بگەنە دەوحە یان قاهیرە و لەوێشەوە بۆ حەماس لەنێو کەرتی غەززە. گفتوگۆکانیش زۆر ئاڵۆز و هەستیار و ورد بوون. 
 
ئەمریکییەکان دەڵێن، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بەتایبەتی لەسەر هێڵ بووە و هەوڵیداوە هەنگاوەکان سەرکەتوو بن، و قسەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و میر حەمەد، میری قەتەر کردووە تاوەکو بەزووترین کات رێککەوتن بکرێت و بارمتەکان ئازاد بکرێن.
 
تەلەفۆنێکی بایدن رێککەوتنەکەی یەکلاکردەوە
 
بەرپرسانی ئیدارەی بایدن دەڵێن یەکێک لەو خاڵانەی بەربەست بوون بۆ گەیشتن بە رێککەوتنەکە، ئەوەبوو حەماس ئەو زانیارییانەی ئاشکرا نەدەکرد دەربارەی کێ لەنێو ئەو 50 بارمتەیە دەبێت کە بڕیارە ئازاد بکرێن، بەڵام دواتر بایدن تەلەفۆنی بۆ میری قەتەر کردووە و ئەمەش هەنگاوی یەکلاکەرەوەی رێککەوتنەکە بوو.
 
لەوبارەیەوە، جەیک سولیڤان بە میدیای ئەمریکی راگەیاندبوو: "ئێمە هیواخوازین راگرتنی شەڕ بێتە ئاراوە و دیلەکانیش ئازاد بکرێن. جووڵە گەورەکە هەفتەی رابردوو روویدا، کاتێک سەرۆک بایدن قسەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو و میری قەتەر کرد."
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، لەو 50 بارمتەیەی بڕیارە ئازادبکرێن، ژمارەیەکیان هاووڵاتی ئەمریکی دەبن.
 
لە هێرشەکانی مانگی رابردووی چەکدارانی حەماس، جگە لە کوژرانی 1200 کەس، هاوکات دەوروبەری 240 کەسی دیکەی بە دیل گرت، کە تاوەکو ئێستا تەنیا چوار کەسیان ئازادکراون و دووانیان هاووڵاتی ئەمریکی بوون و ئەو دووەی دیکەش ئیسرائیلی بوون و سەرجەمیشیان ئافرەت بوون.
 
لە بەرامبەر ئەو هێرشانە. لە رۆژی 7ی مانگی رابردووەوە، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر کەرتی غەززە و بەگوتەی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 13 هەزار و 300 کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.
 
دواخستنی کاتی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە
 
هەرچەندە بڕیاربوو ئاگربەستەکە، کاژێر 10ی بەیانی رۆژی پێنجشەممە، 23ی تشرینی دووەم، بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کاتی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە بۆ رۆژی هەینی دواخرا و لە هەمان کاتدا هێرش و شەڕ و پێکدادانەکانی نێو کەرتی غەززە بۆ 48ـەمین رۆژی جەنگ بەردەوامن و سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کردووە لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا، 300 هێرشی ئاسمانی بۆ سەر پێگەکانی حەماس لە باکووری غەززە کردووە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، تزاخی هانیگبی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا گوتی: "دانوستاندنەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بەردەوامن. ئازادکردنی بارمتەکان بەگوێرەی رێککەوتنەکە دەبێت و پێش هەینی نابێت".
 
ئیسرائیلییەکان دەڵێن رەنگە ئاگربەستەکە درێژبکرێتەوە، ئەگەر چەکدارانی حەماس رۆژانە لانیکەم 10 بارمتە ئازاد بکەن، ئەوا رەنگە ئاگربەستەکە درێژبکرێتەوە و سەرچاوەیەکی فەلەستینیش بە ئازانسەکانی راگەیاندووە، لە گەڕی دووەمی ئازادکردنی بارمتەکان، رەنگە تا کۆتایی ئەم مانگە نزیکەی 100 بارمتە ئازاد بکەن.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif