ئەم ساڵ ژمارەی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 8 ملیۆن

ليست هناك تعليقات



بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار دەڵێت، ئامادەکاریی باشیان بۆ پێشوازی لە گەشتیارانی سەری ساڵ کردووە. هەروەها گوتی، لە ماوەی 11 مانگی ئەم ساڵدا حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە، پێشبینی دەکەن تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ئەو ژمارەیە بگاتە 8 ملیۆن گەشتیار.

رۆژی چوارشەممە، 27ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بۆ پێشوازیکردنی لە گەشتیارانی سەری ساڵ کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانمان راسپاردووە، بۆ راکێشانی سەرنجی گەشتیاران شوێنەکانیان بڕازێننەوە و ئاهەنگ و رێوڕەسمی تایبەت بە بەشداری هونەرمەندانی نێوخۆیی و بیانی سازبکەن و دەبێت لە رۆژانی پشوودا کراوەبن."

بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار دەڵێت، "لەگەڵ ئاساییشی بازگەکان هاوئاهەنگیمان کردووە و ئاسانکارییەکی زۆر دەکرێت بۆ هاتنی گەشتیاران، ئێستا لە بازگەکانەوە گرووپە گەشتیارییەکان بە چوار خولەک بەڕێدەکرێن بێنە نێو شارەکانەوە و لیژنەکانی ئێمەش لە بازنەکان دەبن بۆ ئەوەی دیوێکی جوانی میواندارێتیی پێشانی گەشتیاران بدەین."

بە گوتەی ئیبراهیم عەبدولمەجید، لە رۆژی دووشەممەوە هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، بەڵام زۆربەی گەشتیاران لە رۆژەکانی نزیک سەری ساڵ بەرەو شارەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێدەکەون.

دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بڕیاریداوە هەر گرووپێکی گەشتیاری بێتە هەرێمی کوردستان، دەبێت رێبەرێکی گەشتیاری لەگەڵ بێت، رێبەرەکە دەبێت هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بێت. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەکەش باس لەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا ئەو پرۆژەیە نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە و دەشڵێت، "لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ پرۆژەی رێبەری گەشتیاریمان راگەیاند و بۆ ئەمەش سێ هەزار و 500 دەرچووی گەشتیاری فۆرمیان پرکردووەتەوە، ئێمەش ئەو فۆرمانەمان پۆلێنکردووە و نزیکەی 800 کەسیان هەڵبژێردراون و لە سلێمانییەوە دەستکراوە بە چاوپێکەوتن لەگەڵیان."

دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان پلانێکی هەشت ساڵەی بۆ راکێشانی گەشتیاری زیاتر داڕشتووە. بە گوێرەی ئاماری ئەو دەستەیە، لە ساڵی 2021 چوار ملیۆن گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و لە ساڵی 2022 ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ شەش ملیۆن و 35 هەزار گەشتیار.

ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، "بۆ ئەم ساڵ ئامانجمان ئەوە بوو ژمارەی گەشتیاران بگەیێنینە هەشت ملیۆن کەس، بەپێی ئەو داتایانەی کۆمانکردووەتەوە گەشبینین بۆ ئەوەی بتوانین بگەین بەو ژمارەیە، لەبەر ئەوەی لە 11 مانگی ساڵی 2023 توانیومانە پێشوازی لە حەوت ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار بکەین."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif