کاتێك مرۆڤ لە قۆناغێکدا وەك گەمژەیەك دەبێتە سەوڵ لێدەری بەلەمی سیاسیەکی بەرژەوەندیخوازی سەخیف، دەبیت چاوەڕێی هەموو شتێک بکات و لۆمەی کەسیش نەکا خۆی نەبێ چونکە شوێنی وەستانەکەی هەڵەیە
کە وەك مرۆڤێکی ساویلکە باوەرت بە قسەی بەرژەوەندیخوازێك کرد کە سەرتاپای قسەکانی پێچەوانەی ژیانی خۆیبون و نەتبینی، دەبێت بزانی ئەوە تۆی گۆڵ لێکراوێکی دۆڕاو نەك ئەو
کاتێك سیاسی دۆڕاو هەموو هەوڵی ئەوەیە بۆ پینەی شکست و ئابرووچونی خۆی پەنا بۆ ئابروو چوونیتر ببات و هیچ باکی بە شکۆ و کەسایەتی هاوڕێکانی نیە و ئامادەیە ملیان بخاتە بەردەم هەموو چەقۆیەك و باکیشی نەبێت بەو مەرجەی چەپڵەیەک بۆ خۆی لێدرێت، ئیدی ئەوە تۆی هەڵەتکردوە لە وەستانەکەت لە پاڵ سیاسیەکی پیس خۆردا
کاتێك کەسێک دێت و ناو و ناونیشانێک بۆ خۆی دادەتاشێ بۆ ئەوەی پیسخۆریەکەی بەردەوامبێت و پارەی ناردنی هەواڵ و زانیاریەکانی بۆ دەزگا ئەمنیەکانی دەوروبەر درێژەی هەبێ و لەپاڵ ناونیشانەکەیدا بیشارێتەوە، ئیدی وەستان لە پاڵیدا گێلیەتی زیاتر هیچیتر نیە
بەرژەوەندی خوازی یانی ئەوەی تۆ هەموو هەوڵەکانت بۆ تێرکردنی خۆت و مناڵەکانتبن و شوێنی نیشتەجێبونی خۆت بایی ٢٥ دەفتەر دۆلاربێت و ماڵە زیادەکانت بەهاکانیان نزیک بە ملیۆنێك دۆلاربن، کەچی بانگەشەی دژایەتی گەندەڵی بەرزکەیتەوە
بەرژەوەندیخوازی یانی ئەوەی تۆ هیچ کەسایەتی هاوڕێکانت پێ گرنگ نەبێت وبیانکەیتە هاوشانی خەلکیک کە خۆت ئامادەی هاوشانیان نەبیت، بەس بۆ ئەوەی چەپڵەی زیاترت بۆ بکوتن
بەرژەوەندیخوازی یانی ئەوەی کە تۆ ڕاستکردنەوەی باری لاری خۆت باری ئەوانیتر لار بکەی، سومعەی خۆت لەسەر حسابی بێ سومعەکردنی ئەوانیتر دروستکەی
لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە ڕۆژانە سەدان درۆ بکەیت و پیتوابێ ئەوانەی دەوروبەرت گەمژەن و هەست بەو درۆیانە ناکەن
بۆیە مرۆڤ دەکرێت لە شوێنێکا هەڵوێستەیەک بکات و دان بەوەدا بنێت لە شوێنێکی هەلەدا وەستاوە، دواجار دەبێت بڕیاربدات و بەها بۆ خۆی بگێڕێتەوە و کەسایەتی و پێگەی خۆی لە هەموو جێگایەک هەرزان فرۆش نەکات، کۆتایی بەو گالتە جاریە بهێنێت کە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێ کە گاڵتەجاری و گەڕەلاوژێ نیە، دەبیت سەد قسەی ناڕاست بکات
دواجار مرۆڤ خۆی باجی هەموو ئەو هەنگاوە هەڵانە دەنێت کە داویەتی، هەنگاوە دروستەکانیش دروستکەری کەسایەتی مرۆڤن کە تاکە سەرمایەیی مەعنەوی مرۆڤ سومعەیەتی نەك هیچیتر
شەماڵ هەورامی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق