ژمارە و ئاماژەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عێراق

ليست هناك تعليقات


یاسین تەها
-
پاش راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانی 18ی دیسەمبەری 2023، رەنگە رێژەی نەگۆڕاو و پێشهاتە پێشبینی كراوەكانی بەر لە هەڵبژاردن زیاتر چەسپابن، تاوەکو سوپرایز و لێكەوتە نوێیەكان، دەكرێت لەم تەوەرانەدا ئاماژە بەهەندێكیان بكرێت

- زنجیرەی دابەزینی ئاست و رێژەی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن لەسەر هەمان نەرێتی چوار خولی پێشوو بەردەوامە، بەم جۆرە: لە هەڵبژاردنی 2005: 76%، لە 2010: 62%، لە 2014: 61%، لە 2018: 44%، لە 2021، بە 43%، لەم هەڵبژاردنەش بە 41%، بە فەرمی دیاری كرا، بەڵام ئەم دوو رێژەی دوایی بە رێكارێك كراوە كە گوزارشت لە دەنگدەرانی راستەقینە ناكات، بۆ نموونە كۆی ژمارەی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە 24 ملیۆن و 667 هەزار كەس بوون، بەڵام تەنیا 6 ملیۆن و 599 هەزار كەس بە كردەیی بەشدارییان كردووە كە دەكاتە 26.7%ی ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، بەم پێیەش بایكۆت 73.3% بووە.

- شیعەكان سەركەوتن بەسەر خۆیان دا، بەو واتایەی یەكەمجارە یەك هاوپەیمانیی سیاسی گەورە كە چوارچێوەی شیعییە لە 13 پارێزگا ركابەری لەگەڵ یەكتر بكەن و پاشان یەكبگرنەوە. لە ركابەرییەكەشدا كەسایەتیی كاریگەری كۆمەڵایەتی بەربژێر كراون بۆ سوودوەرگرتن لە پێگەیان، سەرباری لۆكاڵیبوونی پرۆسەكەش، پرۆگرام و بانگەشەی هەڵبژاردن رۆڵیان نەبووە و زیاتر گفتی دابەشكردنی زەوی و بەخشینەوەی ئیمتیازات و دامەزراندن هەبووە، کە ئەمەش باری حكومەت قورستر دەكات بۆ قۆناخی داهاتوو. هەروەها چاوەڕوانییەكانی خەڵكیش زیاتر دەكات و دەشێت ئەمە متمانە بۆ هەڵبژاردنی 2025 لاوازتر بكات.

- دەركەوت ركابەرە سیاسییەكەی چوارچێوەی شیعە كە سەدرە، میكانیزمی كاری خۆی لە كێبڕكێی هەڵبژاردنەوە گۆڕیوە بۆ هەوڵی تێكشاندن و جێگرتنەوەیان لە پرۆسەی سیاسی. سەدر ئامادە نەبوو لەگەڵیان پرۆسە سیاسییەكە بە عەبای هەڵبژاردن جوانتر بكات، ئەمەش مایەی نیگەرانیی قووڵە بۆ رکابەرەکانی، چونكە دەنگدەرانی هەڵبژاردن تەنیا جەماوەری سوودمەندی حیزب و لیستەكان بوون و گوزارشت لە رای گشتی ناكەن و دەشێت سەدر كەڵك لە لیستی "زۆرینەی بێدەنگ وەربگرێت" كە نەچوون بۆ دەنگدان.

- لەم هەڵبژاردنە ژمارەیەك پارێزگار لە دەرەوەی هاوپەیمانییە سیاسییەكان بەڕێژەی بەرچاو سەركەوتن، لەوانەش پارێزگارەكانی ئەنبار، كوت (واسط)، كەربەلا، دیارترین ئەو پارێزگارانەش ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرەیە، ناوبراو توانی لەكۆی 22 كورسیی پارێزگاكە، 12 كورسی بباتەوە بۆ لیستەكەی "تەسمیم"، هاوكات خۆیشی وەك بەربژێر بە تەنیا 156 هەزار و 470 دەنگی بەدەستهێنا كە ژمارەیەکی پێوانەییە، ئەمە لە كاتێكدایە کە پارێزگاری بەغدا لە نێو 9 ملیۆن دانیشتووان، سێ هەزار دەنگی بەدەستهێناوە. ئەم ئاماژەیەش دەری دەخات گوتاری خزمەتگوزاری خەریكە وەك ركابەری گوتاری سیاسی و مەزهەبی كاری خۆی دەكات. ئەم حاڵەتەش بۆ نەجم جبوری لە نەینەوا هەمان شتە، ئەم دیاردەیە ئەوەشی سەلماند پارێزگاری جێبەجێكار كاریگەرترە لە پارێزگاری سیاسی.

- لە ناوخۆی شیعیدا ئەنجامە بەدەستهاتووەكانی مالیكی لە ئاست پێشبینی و چاوەڕوانییەكان نەبوون. ئەوەش سەرباری بایكۆتی سەدرییەكانی کە ركابەری نەریتی هاوپەیمانییەکەی ئەون. لەم میانەیەشدا ئەنجامەكان ئەوە دەردەخەن کە سەرباری ئەوەی "دەوڵەتی یاسا" زیاتر لە 530 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنەكە، بەڵام لە بەغدا و بەسرە چووەتە پێگەی سێیەم، لە پایتەخەت نەگەیشتە لیستەكەی حەلبووسی و لەو 35 كورسییەشی کە لە كۆی 275 كورسی لە 15 پارێزگا بەدەستهێناوە، تەنیا لە پارێزگای موسەننا (زۆرینە هەژار)یەكەم بووە، لە بەرامبەردا پارێزگای كەربەلای لەدەستداوە كە لە پاش 2005ـەوە پێگەی مێژوویی لیستەكەیە.

- لە هاوكێشەی شیعیدا لیستی هاوبەشی حەكیم - عەبادی بەناوی "هێزەكانی دەوڵەت" بڕێك لە شكستی 2021یان قەرەبووكردەوە بە بەدەستهێنانی 23 كورسی و ئەمەیان ناو نا "گێڕانەوەی پێگە"، بەڵام هێشتا ئەمە نایانكاتە ژمارەیەكی گەورە لە 275 كورسی، لە كاتێكدا سەدرییەكان لە گۆڕەپان نەبوون. ئەم هاوپەیمانییە تەنیا لە یەك پارێزگا دووەم بوون و لە دووانی دیکە سێیەم، ژمارەی دەنگەكانیشیان نزیكەی 308 هەزار دەنگە و لە بەغدا كە شاری عەبادییە و حەكیمی تێدا نیشتەجێیە نەگەیشتنە 70 هەزار دەنگ.

- هێزە سیاسییە خاوەن باڵە چەكدارییەكانی شیعە، كە هاوپەیمانێتی "نەبنی" یان هەیە بە سەرۆكایەتیی عامری و بەشداریی خەزعەلی و لەگەڵ "موقاوەمەی ئیسلامی" هاوپەیمانن، زیاتر لە 638 هەزار دەنگیان لە سەرجەم پارێزگاكان بەدەستهێنا، سەرباری ئەوەشی لە 5 پارێزگا یەكەمن (زیقار، میسان، بابل، دیوانیە، نەجەف)، بەڵام لە بەغدا حەلبووسی و لە بەسرە ئەسعەد عیدانییان تێنەپەڕاند. ئەو ژمارە دەنگەشی بەدەستیان هێناوە بەشێكە لە گۆڕانی دیمەنە سیاسییە شیعەكە كە جاران بەدەست هێزە نەریتییەكانی وەك حیزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و رەوتی سەدرەوە بوو، بەڵام ئێستا ئەمان بوونەتە گەورەترین هاوپەیمانیی براوەی شیعە لە سایەی هەژموونی چەك و مەزهەب و قوربانییەكانی شەڕی داعش. هاوپەیمانی نەبنی لە قۆناخی داهاتوودا لە بەغدا تووشی بەربەستی حەلبووسی و لەو ناوچانەشدا کە لەڕووی پێکهاتەوە تێکەڵ نین رووبەڕووی گرفتی لیستی پارێزگارەکان دەبنەوە.

- سەرباری پاشەكشەی لیستە شیعییەكان بەرامبەر لیستەكەی حەلبووسی لە بەغدای پایتەخت، بەڵام لە كۆی گشتیدا هێشتا كۆی گشتیی دەنگی لیستە شیعەكان زیاترە بە 430 هەزار بەرامبەر 380 هەزار دەنگی لیستە سوننە گەورەكان، بەڵام بۆ دروستكردنی حكومەتی لۆكاڵی لە بەغدا، گرێ و كێشەی زۆر لە پێش دەبێت.

- یەكەم ئەزموونی هاوپەیمانیی هێزە مەدەنییەكان لە چوارچێوەی "قیم" بە بەشداریی حیزبی شیوعی چووە سەرووی 100 هەزار دەنگ لە سەرجەم پارێزگاكان، لە نێو ئەوانیشدا لە دیوانیە سێیەم بووە، لە پارێزگاكانی دیکەش ئەنجامەكانی جۆراوجۆر بوون، ئەم ئەنجامەش رەنگدانەوەی باوەڕ نەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە چالاكییە مەدەنییەكانی عێراقە بە گرنگی و بایەخی هەڵبژاردن و سەركەوتنی بانگەوازەكانیانە بۆ بایكۆت بەهۆی نەبوونی هەلی یەکسان و هەژموونی چەك و پارە و گوتاری ئاینییەوە، ئەمەش جارێكی دیکە مەترسی سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندانەکانی هاوشێوەی تشرینییەکان دروستدەكاتەوە.

- لە پارێزگا سوننەكان هەوڵەكانی جێگرتنەوەی حەلبووسی شكستیان هێنا، ئەنجامەكانی سەرۆكی لادراوی پەرلەمانیش بێ پێشینە و سوپرایزی گەورە بوون لە نێویشیاندا بردنەوەی بەغدا كە پێشهاتێكی گرنگ و رەمزییە، بەتایبەت كە كێبڕكێیەكی تووند و سەختی تێدا بووە، هەروەها لە ئەنباریش بانگەشەی "كۆتاییهاتنی حەلبووسی" پووچەڵ كردەوە و كۆی گشتی دەنگەكانیشی لە پرۆسەكە گەیشتە سەروو 483 هەزار. لە بەرامبەریشدا ركابەرەكانی حەلبووسی داكشان بۆ نموونە "الحسم" كە بەرەیەكی بەرفراوانی هێزە سیاسییە سوننەكانە تەنیا 177 هەزار دەنگی بردووە لە بەغدا و رۆژئاوای عێراق و پێگەكەشی لە سەرجەم پارێزگاكان شەشەم و حەوتەمە.

- لە كەركووك هاوپەیمانی و لیستی حیزبە كوردییەكان بە بردنەوەی 7 كورسی لە 15، دەبنە خاوەن 47%ـی كورسییەكان، لەكاتێكدا پێشتر 63%ـی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگایان بەدەستەوە بوو، ئەمە جگە لەوەی لە 2005ـەوە هێزە كوردییەكان لە هەموو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق لە كەركووك، زیاتر لە 50%یان بەدەستهێناوە، بەڵام بۆچوونێك هەیە پێی وایە سەرباری ئەنجامەكە هەڵبژاردن، وزەی کوردبوونی خرۆشاندەوە لە شارەكە، ئەوەشی سەلماند کە ئیدارەی داهاتووی شارەکە بێ کورد و لە دەرەوەی ئیرادەی کوردی پێكنایەت بە پێچەوانەی واقیعی درووستكراوی پاش 2017.

- لە كەركووك ئەنجام هەرچۆن بێت، سازان یەكلاكەرەوەیە، چونكە لە مادەی 13ـی هەمواری سێیەمی یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018 بڕگەی دووەم دەڵێت: ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نابنە بناخەیەك بۆ هەر دۆخێكی یاسایی یاخود ئیداری. لە بڕگەی سێیەمدا دەڵێـت بنەماكانی ئەم مادەیە بۆ خولی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و خولی ئەنجوومەنی پارێزگاش وەك خۆیەتی. لە بڕگەی چوارەمیشدا هاتووە: دابەشكردنی دەسەڵات بەشێوەیەكی دادپەروەرانە لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگاكەدا بەدەر لە ئەنجامی هەڵبژاردن كاری پێ دەكرێت.

- لە ناوچەكانی دیکەی جێناكۆك جگە لە كەركووك، هەژموونی چەك و پارەی لیستە عەرەبی و شیعییەكان و بەهێزبوونی بكەری شیعی لە پاش 2017 و 2018 زیاتر پاڵەپەستۆی لەسەر كورد دروستكردووە بەم جۆرەی خوارەوە:

• لە نەینەوا قەبارەی هێزە كوردییەكان لە 31%ـی ناو ئەنجوومەنی پێشوو دابەزیوە بۆ 23.5%، لەمەشدا پارتی 4 كورسی و یەكێتی دووان، تێكڕای دەنگی كوردیش لە پارێزگاكە 174 هەزارە.

• لە دیالەش پێكهاتەی كوردی یەك كورسی كوردی بەدەستهێناوە كە هی یەكێتییە و كۆی دەنگە كوردییەكانیش 31 هەزارە لە كاتێكدا لە ئەنجوومەنی پێشوو 3 كورسی بۆ لیستە كوردییەكان بووە (2 یەكێتی 1 پارتی).

• لە سەلاحەدین تەنیا یەك كورسی بۆ یەكێتی بەدەستهاتووە، ئەویش لە نێو هاوپەیمانییەكەی "الجماهیر الوطنیة"ی پارێزگاری پێشووتری سەلاحەدین. دەنگی سەرجەم كاندیدە كوردەكانیش كە پەرتەوازە بوون بەسەر هاوپەیمانییە لۆكاڵییەكان ناگاتە 40 هەزار، ئەم ئەنجامەش تاڕادەیەك هاوشێوەیە لە چاو 2013 كە تەنیا یەك كورسییان بە دەستهێنا لە كۆی 29 كورسی، بەڵام پاشەكشەیە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2009ـی ئەنجومەنی هەمان پارێزگا کە هاوپەیمانی برایەتی كوردی دوو كورسی بەدەستهێنا بوو.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif