وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێم: هیچ پاساوێك بۆ ئەو کارە دوژمنکارانەیە نیە

ليست هناك تعليقات


گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەو بیانووانە رەتدەکاتەوە کە ئێران بۆ هێرشەکانی شەوی رابردووی بۆسەر هەولێر دەیانهێنێتەوە و دەڵێت، "کۆنسوڵی ئێران لە هەمووان باشتر دەزانێت هەولێر هیچ کات بنکە، بارەگا و شوێنێک نەبووە بۆ هەڕەشە لە دراوسێکانمان."

رۆژی سێشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2024 دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پێشڕەو دزەیی، بازرگان و کەسایەتیی خێرخوازی شاری هەولێر و کچەکەی، کە شەوی رابردوو لە هێرشی مووشەکیی سوپای پاسداران بۆسەر ماڵەکەی گیانیان لەدەستدا، گوتی، ئامانجی ئەو هێرشە بازرگانێکی دیاریکراو یان کەسایەتییەک نەبوو، بەڵکو ئامانج هاووڵاتییانی سڤیلی هەرێمی کوردستان بوو."

جگە لەوەی سەرکۆنەی هێرشەکانی کرد و بە "دووژمنکارانە" ناویبرد، دڵشاد شەهاب گوتیشی، "ئەو پاساوانەی هێندراونەتەوە بۆ دروستکردنی هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لەسەر شاری هەولێر، کارێکی رەتکراوەیە، لەبەرئەوەی هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو ئەوانەی نوێنەرایەتییان لە هەولێر هەیە، دەزانن هەولێر هیچکات بنکە، بارەگا و شوێنێکی هەڕەشە نەبووە و نابێت بۆسەر هیچ یەک لە دراوسێکانمان."

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "کۆنسوڵگەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران خۆی لە هەولێرە و زۆر باشتر لە هەموومان دەزانن هیچ هەڕەشەیەک لە هەولێرەوە بۆسەر هیچ شوێنێک نییە. ئەو کردەوە دووژمنکارانەیە ناخی هەموو تاکێکی کوردستانی هەژاندووە."

دڵشاد شەهاب هێرشەکەی سوپای پاسداران بە دەستدرێژی بۆسەر حکومەت و سیستمی سیاسی ناودەبات و دەڵێت، "ئەو هێرشە دەستدرێژی نییە لە هاووڵاتییەکی سڤیل و بازرگانێک، بەڵکو دەستدرێژییە لەسەر هەموو تاکێکی کوردستان" و "ئەوەی لە کەمتر لە 20 کاژێری رابردوو روویدا، دەبێتە هۆکارێک بۆ پتەوترکردنی گیانی خۆڕاگری، تەبایی و یەکڕیزی لەنێو گەلی کورد و گەلی کوردستان."

هەروەها هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانی بە هەوڵدانێکی "مایەپووچانە" ناوبرد و رایگەیاند، "زۆر هەوڵی دیکە دراون بۆئەوەی ئیرادەی گەلی ئێمە بشکێندرێت، بەڵام دڵنیایان دەکەینەوە چۆن لە رابردوودا ئەو هەوڵانە مایەپووچ بوون، ئێستا و لە ئایندەشدا هەر وا دەبن."

دڵشاد شەهاب داوای لە حکومەتی عێراق کرد "وەکو چۆن لەسەر هەموو پرسەکان دووپاتی پارێزگاریی سەروەریی عێراق دەکەنەوە، پێیان دەڵێین، ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە بە رژدی نیشان بدرێت کە سەروەریی عێراق خاوەندارێتیی هەیە. بۆیە ئەو هەنگاوانەی نراون، چاودێرییان دەکەین و بەدواداچوونیان بۆ دەکەین."

ئەمڕۆ بەناوی کۆماری عێراقەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی یاداشتنامەی ناڕەزایەتیی پێشکێشی نوێنەرایەتیی ئێران کردووە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، "زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهانیش ئەم کارە بە ناحەق دەزانن. دڵنیاتان دەکەمەوە دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران و گەلی ئێمە و تێکڕای لایەنە سیاسییەکان، یەکدەست و یەکدەنگ دەبین لەوەی هەموو رێکارێکی رێگەپێدراوی یاسایی و دەستووری بگرینەبەر و داوای مافی خۆمان بکەین."

بە ئاماژەکردن بە رێککەوتنی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاریکردن لە سەروەریی وڵاتان و هەروەها رێککەوتنی ئەمنیی نێوان عێراق و ئێران، دڵشاد شەهاب گوتی، "هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو رێککەوتنە ئەمنییە. ئەوەی روویداوە سەرپێچییەکی گەورەیە لە هەموو ئەو رێککەوتنانە؛ بۆیە هەموو رێکارێک دەگرینەبەر بۆئەوەی ئەو ستەم و دەستدرێژییانە لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکی سڤیل رابگرین."

سوپای پاسداران بە بیانووی هەبوونی بنکەی ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستان هێرشەکانی شەوی رابردووی ئەنجامدا، بەڵام گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هیچ یەک لەو بیانووانەی هێندراونەتەوە، بە بیانوو نازانین. هەر ئەمڕۆ لیژنەیەکی تایبەت لە بەغداوە هاتوون و خۆیان لێدوانیان داوە کە شوێنی بەئامانجگیراو شوێنێکی سڤیلە. تەنانەت ئەو ناوچەیە کۆمەڵێک نوێنەرایەتیی وڵاتان و کۆنسوڵخانەی لێیە و هاتووچۆی رۆژانەی شاندەکانی تێدا دەکرێت و هەمووشیان دەزانن کە شوێنێکی سڤیلە و هەڕەشەی بۆسەر هیچ شوێنێک نییە؛ بۆیە ئەو پاساوانە هەموویان رەتکراوەن."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif