بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت، بەم دواییانە هەندێک لە کارتی بانکەکان لە دەرەوەی وڵات خراپ بەکارهێندراون و ئاماژە بەوەش دەکات، ژمارەیەک فەرمانبەر تێوەگلاون و دۆسیەکەیان رەوانەی دەستەی دەستپاکی دەکرێت. شارەزایەکی ئابووریش دەڵێت، "بە سەدان کارتی ئەلیکترۆنی پارەیان تێکراوە و بەقاچاخ دۆلاریان پێبراوەتە دەرەوە".
بانکیی ناوەندیی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 25-1-2024، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەپێی راپۆرتی دەزگا ئەمنییە تایبەتمەندەکان و رێکارەکانی چاودێریی بانکی ناوەندی و نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی ششتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، بەم دواییانە ژمارەیەک لە کارتە بانکییەکان لەماوەیەکی کەمدا خراپ بەکارهێندراون و ئەوەش زیان بە کەرتی بانکی و دارایی دەگەیەنێت".
بانکی ناوەندیی عێراق باس لەوە دەکات، "بەشێک لە کارتەکان بۆ ئەنجوومەنی دادوەری نێردراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شوشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆری ژمارە 39ـی ساڵی 2015 و رێنماییەکانی دیکە مامەڵە لەگەڵ خاوەنەکانیان بکرێت".
بەپێی راگەیێندراوەکەی بانکی ناوەندی، ژمارەیەک فەرمانبەری حکومەت لەو بابەتەدا تێوەگلاون و دەبێت دۆسیەکەیان رەوانەی دەستەی دەستپاکی بکرێت بۆ ئەوەی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
بانکی ناوەندی هۆشداریی داوەتە هاووڵاتیان لەوەی "ئاگاداری ژمارەیەک پەیج و کەس بن کە کەمیی هۆشیاریان دەقۆزنەوە بۆ گەیشتن بە کارتەکانی ئەو هاووڵاتیانە لەبەرامبەر بەڵێندان بە هەندێک خزمەتگوزاریی بێ بنەما".
مەحموود فایز شمەری، شارەزای ئابووری، لەبارەی ئەو کارتانەی خراپ مامەڵەیان پێوەکراوە، رۆژی پێنجشەممە، 25ـی کانوونی دووەمی 2024 بە رووداوی گوت، "بەشێک لەو کارتانە لەلایەن کەسانێکەوە ژمارەی نهێنیان براوە، بۆ مەبەستی بە قاچاخبردنە دەرەوەی دۆلار بەکارهێندراون؛ هەروەها هەندێک کاری دیکەیان پێکراوە وەکو کڕینی وەهمییانەی کەلوپەل و پێداویستی".
کارتى ئەلیکترۆنیى پارە لە رێگەى بانکە حکومى و تایبەتییە مۆڵەتپێداوەکانى بانکى ناوەندیی عێراق دروست دەکرێت کە هاووڵاتییان لە رێگەى پڕکردنەوەیان مامەڵەی داراییان پێوە دەکەن، بەڵام هەندێکیان بۆ بە قاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى عێراق بەکاردەهێندرێن، دواى ئەوەى بە نرخى فەرمى لە بانکى ناوەندى دەکڕدرێن کە 1310 دینارە، لەکاتێکدا بەهاکەى لە بازاڕ زیاتر لە 1530 دینارە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق