پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان

ليست هناك تعليقات


گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا  رایگەیاند، "پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە نزیکترین دەرفەتدا و هانی ئەوە دەدەین، هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەرانە و شەفاف بێت."

چوارشەممە، 21-02-2024 ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەو راپۆرتانەمان بینیون کە باس لە بڕیارەکەی دادگە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەن. ئێمە، پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە نزیکترین دەرفەتدا."

میلەر، هەر لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە گوتی "ئێمە هانی ئەوە دەدەین ئەو هەڵبژاردنە ئازادانە، دادپەروەرانە و شەفاف بێت."

لە رابردوودا دوو جار وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان کرا، هەڵبژاردن نەکرا، دوای چەندین دانیشتن، ئەمڕۆ دادگەی فیدراڵی بڕیاری کۆتایی لەبارەی سكاڵادا و چەند ماددەیەکی یاساکەی هەڵوەشاندەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکی دیکە لەبارەی وەستانی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "نەک هەر بە قسە بەڵکو بە کرداریش ئێمە ئامادەین بۆ بەرگری لە هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە؛ ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرکەسێک رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکەینەوە کە هێرشدەکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا."

رۆژی سێشەممە، 13ـی شوباتی 2024، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، کە لەبارەی هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا رێکیخستبوو، گوتی، "لە 4ـی ئەم مانگەوە هێرش نەکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا؛ واشنتن نایەوێت چی دیکە لە عێراق و سووریا هێرش بکرێتە سەر هێزەکانی."

دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:

پرسیارێک لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیاربوو لە ئۆکتۆبەری 2022 بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکی سیاسییەوە دواخرا، ساڵی رابردووش دادگەی باڵای عێراق لەدژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی بڕیاریدا، کە ئێستا هەرێمەکە هیچ پەرلەمانێک نییە، ئەمڕۆش دادگەی باڵای عێراق لەدژی کورسی پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریدا، کاردانەوە و کۆمێنتی ئێوە بۆ ئەم پرسە چییە، هیچ کات لەسەر ئەم پرسە گفتوگۆتان لەگەڵ هەولێر و بەغدا کردووە؟

ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەو راپۆرتانەمان بینیون کە باس لە بڕیارەکەی دادگە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پرسە ناکۆکەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەن؛ ئێمە هێشتا خوێندنەوە بۆ تەواوی بڕیارەکە دەکەین. وەک سیاسەتی دوورمەودای ئەمریکا، ئێمە پشتگیریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە نزیکترین دەرفەتدا. ئێمە هانی ئەوە دەدەین ئەو هەڵبژاردنە ئازادانە، دادپەروەرانە و شەفاف بێت.

 پرسیارێکی دیکە لەسەر عێراق، ئێمە دەزانین دۆخەکە کەمێک هێوربووەتەوە و گرووپە ملیشیاکان وەک رابردوو هێرش ناکەنە سەر هێزەکانتان، ئەمڕۆش باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و باسیان لە سەردانی داهاتووی سوودانی کردووە بۆ واشنتن، پرسیارەکەم ئەوەیە؛ ئێوە لەو هێرشانەتان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو گرووپانەی بەرپرسبوون لە کوشتنی سێ سەرباز و بریندارکردنی نزیکەی چل سەربازی دیکە تەواو بوون؟

ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لێرە ناتوانم باسی هیچ هەنگاوێکی داهاتوو بکەم.

 ئەی هەڵسەنگاندنتان بۆ ئەم دۆخەی ئێستا چییە؟ پێتانوایە ئەو گرووپانە قسەکەی خۆیان بردووەتەسەر، کاتێک گوتیان هێرشەکانمان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا دەوەستێنین؟

ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: نامەوێ هیچ هەڵسەنگاندنێک بکەم یان لە بری هیچکام لەم گرووپە قسەبکەم، من لەبری ئەمریکا دەڵێم، ئێمە زۆر روونبووین نەک هەر بە قسە بەڵکو بە کرداریش ئێمە ئامادەین بۆ بەرگری لە هێزەکانی ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە؛ ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرکەسێک رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەینەوە، کە هێرشدەکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا.

 


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif