وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، نزیکن لە رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پێشڤەچوون لە گفتوگۆکانیاندا هەیە.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی دووشەممە، 12-02-2024، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، گفتوگۆکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، پێشڤەچوونی بەخۆوە بینیوە.
عەبدولغەنی دەڵێت: "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان، بەندە بە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمەکە".
وەزیری نەوتی عێراق دەشڵێت، گفتوگۆکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە سەرکارەکان لە هەرێمی کوردستان لەسەر رێڕەوی راستن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک لە داهاتوویەکی نزیکدا.
لە 25ـى ئادارى 2023ـەوە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، لە کاتێکدا بەگوێرەى یاساى بودجە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەستى بەغدا بکات بەمەبەستى هەناردەکردنى یان بۆ بەکارهێنانى نێوخۆیی.
رۆژی 04-04-2023، بە ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، رێککەوتنێک واژۆکرا، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، بەڵام هێشتا هەناردە دەستی پێنەکردووەتەوە.
عەبدولغەنی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، عێراق پابەندە بە بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس، بەتایبەتی دوای بڕیارەکەی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، کە جارێکی دیکە بەرهەمهێنانی نەوت کەمکرایەوە.
عەبدولغەنی دەڵێت، لەم چوارچێوەیەدا، عێراق پابەندە بەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت نەگەیێنێتە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.
وەزیری نەوتی عێراق گوتیشی، ئێستا عێراق رۆژانە 3 ملیۆن و 350 هەزار تاوەکو 3 ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات.
ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ماڵپەڕی "Iraq Oil Report" کە تایبەتە بە نەوتی عێراق، لە کۆتا مانگی 2023ـدا، عێراق رۆژانە 4 ملیۆن و 630 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
هەر بەپێی ماڵپەڕەکە، لە ساڵی رابردوودا بە تێكڕا عێراق رۆژانە 4 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێناوە.
وەک بەشێک لە شارەزا و چاودێران دەڵێن، عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوتی خۆی، سوودی لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق