لیژنەی مافی مرۆڤی سەر بە پەرلەمانی بەریتانیا، پلانی حکومەتەکەی ریشی سووناک بۆ ناردنی هەمیشەیی کۆچبەران بۆ رواندا، بە "نەگونجاو" لەگەڵ بنچینەکانی مافی مرۆڤ ناو دەبات.
ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی مافی مرۆڤ کە چاودێری یاساکانی پەرلەمانی بەریتانی دەکات و هەڵسەنگاندن بۆ پرۆژەیاساکان دەکات، بە گوێرەی "دەستووری نەریتیی" نەنووسراوی ئەو وڵاتە و بنەماکانی مافی مرۆڤ، رایگەیاندووە، ئەو پلانەی حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ بنەماکانی مافی مرۆڤ "ناگونجێت".
لیژنەکە دەڵێت، "ئێستا پرۆژەیاساکە لە دوای رەتکردنەوەی لەلایەن دادگەی باڵای بەریتانیاوە خراوەتە بەردەم ئەنجوومەنی لۆردان بۆ تاوتوێکردن و هەموارکردنەوەی پلانەکە".
پرۆژەیاساکە مانگی 12ـی 2023 بە دەنگی پارتی پارێزگارانی خاوەن زۆرینە لە پەرلەمان پەسندکرا، ئێستا رووبەڕووی دوو بەربەست بووەتەوە؛ پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن لە نێویاندا پارتی کرێکاران لەلایەک و دادگەی باڵای بەریتانیاش لەلایەکی دیکە، کە دادگەکە لە بنچینەدا رەتیکردووەتەوە و رواندای بە وڵاتێكی نائارام بۆ کۆچبەران ناو بردووە.
ئەگەر پرۆژەیاساکە ببێتە یاسا و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەر کۆچبەرێک بە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بچێتە بەریتانیا دەستگیر دەکرێت و دەستبەجێ بە فڕۆکە رەوانەی رواندا دەکرێت.
لیژنەی مافی مرۆڤ کە هەردوو پارتی پارێزگار و کرێکاران لە خۆدەگرێت دەڵێت، پرۆژەیاساکە هیچ رێگەیەک بۆ کۆچبەران ناهێڵێتەوە پەنا بۆ دادگەیەکی سەربەخۆی بەریتانیا ببەن بۆ چەسپاندنی مافی مانەوەیان لەو وڵاتە.
هەروەها رەخنە لە بەڵێنەکانی حکومەتی رواندا دەگرێت و دەڵێت، "رواندا لە پێگەیەکدا نییە بتوانێت بەڵێنەکانی بە باشترکردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ و مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچبەران، بباتەسەر".
لیژنەکە داوا دەکات، لەم پرسەدا سیستمی دادگەی بەریتانیا بڕیار لەسەر شیاوی و نەشیاوی رواندا بدات، هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر پرۆژەیاساکە بۆ جاری دووەم لە پەرلەمان پەسند بکرێت ئیدی دادگەش ناتوانێت رەتی بکاتەوە و دەبێت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
دژبەرانی پرۆژەیاساکە داوای هەموارکردنەوەی زیاتر لە 90 بڕگەیان کردووە و وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاش رایگەیاندووە، "سوورین لەسەر هەموارکردنەوەی ئەو بڕگانە و جێبەجێکردنی پلانەکە".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق