ئامانجی ڕاگەیەنراوەکەی پارتی و ترس لە چی؟

ليست هناك تعليقات


- عوسمان گوڵپی

کۆتا ڕاگەیەنراوی پارتی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی گرفتێکیتری خستە نێو کایەی سیاسی عێراق، کە نزیکەی ساڵێك دەبێت ناکۆکی و فشارەکان لە سەر مێزی گفتووە گواستراونەتەوە بۆ جۆرەکانی فشار، لە موشەکبارانەوە بۆ بڕیارەکان، تا هەڕەشەی بەشداینەکردن لە هەڵبژاردن و کشانەوە لە حکومەتی عێراقیش

"باڵانسەکەی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئێران، بەشی پەیوەندیەکەیان ناکات"

کۆتا ڕاگەیەنراوی پارتی دەرخەری بە بنبەست گەیشتنی گفتوگۆ و کۆبونەوەکانی نێوان هەولێر و بەغدادە، وە ڕونیشە کە چەند مانگێکە لە زۆربەی ڕوەکانەوە فشارەکان بۆ سەر حکومەتی هەرێم(پارتی) دەستی پێکردوە و کاریگەریشیان جێ هێشتوە لەسەری، هەرچەند پارتی هەوڵیداوە لە پەیوەندیە دەرەکی و نێوخۆییەکانی سود وەرگرێت بۆ کۆتایی هێنان بە فشارو گەڕانەوە بۆسەر مێزی گفتووگۆ بەڵام بە ڕاگەیەنراوی دوێنێیدا دەرکەوت کە شکستی هێناوە لەو هەوڵەدا، بۆیە ئەویش دەستیکردوە بە ڕاکێشانی کارتەکانی و دەیەوێ بە نەیارەکانی بڵێ ناچینە ژێر باری فشارەکانتان، لەمەشدا کشانەوەی دادوەرەکەی لەدادگای فیدراڵی و هەڕەشەی بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن و کشانەوە لە حکومەتەکەی سودانی و پەرلەمان بەشێکن لە کارتەکانی، ئیدی ئەم کارتانە تا چەند کاریگەریان دەبێت و چەندیان سوتاون! ئیترئەوە ئەو کارتانەن کە توانای ڕاکێشانیان هەیە، بەڵام بۆ ڕاکێشانی هەر کارتێك کە سەرکێشی بەدوادا بێت، ئەوا پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕای دەرەکیشەوە هەیە.

بۆچی هەڕەشەی بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی کرد؟

گەر بەوردی سەرنجی بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی بدەیت ئەوا دەردەکەوێت بڕیاری کۆتایی نەداوە بەشداری نەکات و وابەستەیکردوە بە هەندێك خواستەوە، بۆیە ئەم ڕاگەیەنراوەی وەك تاکتیك خستوەتە ڕوو بۆ ڕای گشتی و سیاسی، بە ئامانجی ئەوەی جارێکیتر خۆی و نەیارەکانی لەگەڵ نێوەندگیرەکان بەرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، گەر چاو بخەیتە سەر کاردانەوە سیاسیەکانی ڕاگەیەنراوەکەی پارتی ئەوا بەڕوونی ئەمەی لێدەبینی، چونکە ڕاستەوخۆ یونامی و نوێنەرایەتی ئەمریکاوهەندێك وڵاتیتر وهێزە شیعیەکانی هێنایە قسە، هەرچەند لە هیچیاندا پشتیوانی بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی تێدا نەبوو و تائکید لە زەرورەتی هەڵبژاردن کرایەوە، بەڵام دەربڕینی نیگەرانیان لەو بڕیارە و مامەڵەکردنیان وەك گرفت لەگەڵ بڕیارەکە مەبەستی سەرەکی ڕاگەیەنراوەکە بوو، ئەمەش وادەکات ئیدی جوڵە سیاسیەکان وەك نێوەندگیر هەنگاو هەڵگرن بۆ چارەسەری هەر رێگریەك کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی هەڵبژاردن یان ئاستەنگ دروستکردن بۆی، هەر ئەمەش ئامانجی بەیاننامەکەی پارتی بوو کە بڵێت هەوڵێك و پلانێك دژم داڕێژراوە و رێگای چارەسەری بۆ بدۆزنەوە، هەر ئەم ڕاگەیەنراوەی پارتی وادەکات کە دۆستەکانی بە پاساوی چارەسەرکردنی گرفتێك کە دێتە ئاراوە بۆ هەڵبژاردن بێنە سەرخەت.

ترس لە چی هەیە؟

لە ئێستادا هێزە دۆستەکانی ئێران بەتەواوی هەموو جومگەکانی عێراقیان کۆنترۆڵ کردوە بە جۆرێك کە دەتوانی بڵێیت ئەوەی ئیدارەی عێراق دەدات هێڵی سیاسی تارانە، لە بەرامبەردا بە هەمان رێژەی بەهێزبونی سیاسەتی ئێران لە عێراق، سیاسەتی ئەمریکا پاشەکشەی کردوە، بەجۆرێك کە ئەوە بۆ چەند ساڵێك دەچێت تەواوی سیاسەتی ئەمریکا لە عێراقدا بوەتە موراعاتکردنی سیاسەتەکانی تاران، ئەمەش وایکردوە کە دۆستەکانی تاران لە بەهێزی و دۆستەکانی ئەمریکاوهاوپەیمانەکانی بە قۆناغی لاوازیدا تێپەڕببن، هەرچەندە پارتی هێڵێکی دۆستایەتی وەك تاڵە مویەك لە نێوان خۆی و ئێراندا هێشتۆتەوە لە رێگەی نێچیرڤان بارزانیەوە، بەڵام ئەم باڵانسە بەشی پەیوەندیەکە ناکات و دادەخرێتەوە.

 "پارتی شەڕەکەی پێشخست، ئەو شەڕەی دەبێت لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن بیکات ئێستا دەیکات"

زۆر بە ڕوونی لە بەیاننامەکەی پارتیدا دیارە کە ترسی لە چی هەیە، چونکە ئەو باش دەزانێت چۆن لە هەڵبژاردنەکاندا دەنگی هێزەکان دەتوانرێ یاری پێبکرێت، بۆ خۆی یاریزانێکی باشی ئەو مەیدانەیە، ئەو دەزانێت کە خۆی و دۆستەکانی چۆن دەستەوەستان بوون لەبەردەم بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدا ئاواش لە بەردەم کۆمسیۆنی هەڵبژاردندا دەستەوەستان دەبن و ئەنجامەکەشی هەرچی بێت ئاوا جێدەگرێت بۆیە شەڕی خۆی پێشخست و ئەو شەڕەی دەبێت لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن بیکات ئێستا دەیکات، ئیدی ئەنجامەکەی چی دەبێت ئەوە با چاوەڕێبکەین.

بۆیە ڕاگەیەنراوەکەی پارتی و هەر بڕیارێکیتریش بۆ ئەوەیە کە لەگەڵ نەیارەکانیدا بچێتەوە سەر گفتووگۆ تاکو ئەودیو تونێلەکەی لێوە دیاربێت، بۆ ئەمەش ئامادەیە باج بدات بەڵام بەشێك لەو نەزیفی خوێنە ڕاگرێت کە نەیارەکانی بۆیان دروستکردوە

کۆتایدا

پارتی هەموو هەوڵی خۆی دەدات کە هەڵبژاردن دواخرێت یان بەشێك لە خواستەکانی جێگیرببن، یان نەتەوە یەکگرتوەکان ڕاستەوخۆ ببێتە بەشێك لە چاودێری هەڵبژاردن و کاریگەری دروستکات لەسەر هەڵبژاردنەکان و رێژەی مەترسیەکانی پارتی کەم بکاتەوە، چونکە مەترسی پارتی تەنها لە هەڵبژاردنەکە نیە بەڵکو دوای ئەنجامەکان جارێکیتر دادگای فیدراڵی دێتەوە قسە لەسەر پرسی زۆرینە و هاوپەیمانێتی و پێکهێنانی حکومەت، بۆ ئەمەش ئەزمونی بردنەوەی ئەیاد علاوی و موقتەدا سەدری لێدیارە، بۆیە پێموایە گەر هەڵبژاردن بکرێت و هیچ مەجالێك بۆ دواکەوتنی نەبێت ئەوا پارتی بەشدار دەبێت، چونکە گەر بەشدار نەبێت ئەوا دەبێت رێگری لە هەڵبژاردن لە ناوچەکەیدا نەکات و رێ بدات سندوقی دەنگدان کاری خۆی بکات لە هەولێر و دهۆك و ئەمەش سەرکێشیە، لەمەشدا ئەزمونی بایکۆتی سوننە و بەشدارینەکردنی سەدری لە ئەنجومەنی پارێزگاکان لێ دیارە کە هیچ بەرهەمێکی ئیجابی بۆیان نەبوو نەشیانتوانی ببنە گرفت بۆ هەڵبژاردن، هەرچەند لەوەدا پارتی بە هۆی بونی ناوچەی جوگرافی و ئەمنیەوە جیاوازە بەڵام لەمەدا پرسی فشاری هێز دێتە ئاراوە بە ناوی چەسپاندنی یاساو پرسی دیموکراسیەوە کە ئەوەی رێگری لە هەڵبژاردن دەکات زیانمەند دەبێت و پارتی ئەمەش ناکات، بۆیە گەر هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن سەر نەگرێت، ئەوا بەشداری هەڵبژاردن دەکات و لیستی دەبێت و بەرزبونەوەی کورسیەکانی یەکێتیش قبوڵ دەکات بە پێی رێککەوتن، لە باشترین حاڵەتدا دۆستەکانی هەردوولا جارێکیتر رێکیان دەخەنەوە و تاڕادەیەک ئەو ناهاوسەنگیە زۆرەی نێوانیان کەم دەکەنەوە کە لە نێوانیاندا دروستبوە و ئامانجی هەڵبژاردنەکەش هەر ئەمەیە

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif