عێراق رێککەوتنێکی پێنج ساڵی بۆ هاوردەکردنی گاز لەگەڵ ئێران واژۆ دەکات

ليست هناك تعليقات



وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئێرانی رێککەوتنی واژۆ کردووە تاوەکو بۆ ماوەی پێنج ساڵ گاز هاوردە بکات.

رۆژی چوارشەممە 27-03-2024 وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق واژۆی لەسەر گرێبەستێکی هاوردەکردنی گازی سرووشتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئێرانی کردووە.

وەکو وەزارەتەکە دەڵێت، بەپێی رێککەوتنەکە، رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز هاوردەی عێراق دەکرێت.

وەزارەتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕی گازی هاوردەکراو بەپێی پێویستیی عێراق دەگۆڕێت. دەشڵێت، ئامانج لە رێککەوتنەکە بەردەوامیی کارکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە تاوەکو لە ئاستی زیادبوونی خواستدا بێت کە لە وەرزی گەرمادا دەگاتە لووتکە.

وەزارەتی کارەبا باس لەوەش دەکات، هاوردەکردنی گازی سرووشتی تاوەکو ئەوکاتە بەردەوام دەبێت، کە نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگە گازییەکانی ناوخۆ تەواو دەبن و خواستی پێویستیی کارەبای نێوخۆی عێراق دابین دەکەن.

ئەحمەد عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رۆژی چوارشەممە 27ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامادەکارییەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ دابینکردنی کارەبا لە وەرزی هاوین خەریکە تەواو دەبن، هەر لە نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانەوە بیگرە تاوەکو دەگاتە هەبوونی وێستگەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا، وەکو وێستگەی دوبز، وێستگەی عوکاز و وێستگەی موسەیب، هەروەها نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا و هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا."

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق دەڵێت، پلانەکەیان تاوەکو 1ی ئایار تەواو دەبێت و ئاماژە بەوەش دەکات، ئێستا بەرهەمی کارەبایان رۆژانە 19 بۆ 20 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام لەگەڵ تەوابوونی پلانەکە بڕەکە دەبێتە 27 هەزار مێگاوات.

گوتەبێژی ئەو وەزارەتە ئەوەیشی بە رووداو گوت، پلانیان هەیە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 5000 مێگاوات کارەبا بۆ تۆڕی کارەبای نیشتمانی زیاد بکەن.

رۆژی پێنجشەممە 14-03-2024 ئەمریکا جارێکی دیکە عێراقی لە پابەندبوون بە سزاکانی واشنتن بۆ سەر ئێران بەخشیوە و رێگە بە بەغدا دەدات کارەبا لە تاران بکڕێت.

ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوتبوو، ئەو پارەیەی ئێران لە فرۆشتنی کارەبا بە عێراق دەستیدەکەوێت، رێگەی پێنادرێت بچێتە ناو ئێرانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پارانە لە "هەژماری سنوورداردا هەڵگیراون و تەنیا دەتوانرێت بۆ مامەڵەی کڕینی خۆراک، دەرمان، ئامێری پزیشکی، بەرهەمی کشتوکاڵی بەکاربهێنرێت و مامەڵەکانی تر کە سزا نەدراون."

میلەر روونیشیکردەوە: "ئەوە بەشێکە لە ئامانجی فراوانترمان کە پشتبەستنی عێراق بە ئێران بۆ دابینکردنی کارەبا نەهێڵین، چونکە ئامانجی ئەم لێخۆشبوونانە ئەمەیە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif