بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق دەكات

ليست هناك تعليقات


 بارزانی ئەمڕۆ پێشوازیی لە جێنین پلاسخارت کرد و سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن گفویان کرد. سەرۆک بارزانی رایگەیاند 'دادگەی فیدراڵی شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین.'' پلاسخارتیش پێشنیازی کرد ''تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بێت لە چارەسەركردنی تێبینییە تەکنیکییەکانی پارتی لەسەر هەڵبژاردن."

 بارزانی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 3ـی نیسانی 2024) لە سەلاحەددین پێشوازی لە جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە " لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی هەرێم و هەڵبژاردنەكانی پارلەمانی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا."

جێنین پلاسخارت ئاماژەی بە رۆڵی بارزانی و پارتی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان دا، ئاماژەشی بەوە داوە كە ئاگاداری ئەوەیە ''دوو ساڵە، پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا، ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن.''

بارەگای بارزانی هەروەها دەڵێ، پلاسخارت "جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و راشیگەیاند، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێ پارتی، پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت."

 بارزانی هۆكارەكانی هەڵوێستی پارتی روون كردەوە و ئەوەی خستەڕوو ''دادگەی فیدراڵی شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین و بە شێوەیەك نین كە رێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت.''

کاژێر 12:00ـی شەوی 31ـی ئاداری 2024، دوایین کات بوو بۆ پێشکێشکردنى ناوى بەربژێرانی لیست و هاوپەیمانەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەنەبوو لیستی بەربژێرەکانی پێشکێش بکات.

رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ هەڵبژاردنەکە دیاریکراوە. هەڵبژاردنەکە لەسەر بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت، کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو.

 بارزانی ئەوەشی خستەڕوو ''بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیێنێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە. دەبێ مافی پێكهاتەكان رەچاوبكرێت، چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە كوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بكەن. پەرلەمانێك نەتەوەكانی دیکەی تێدا نەبێت، پەرلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت."

گوتەکانی بارزانی لەکاتێکدایە؛ 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاندووە و دەڵێن ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە بەسەر کریستیانەکان سەپێندراوە لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا، هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."

 بارزانی لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ پلاسخارت وەک بارەگای بارزانی بڵاوی کردووەتەوە "جەختی لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە، بەڵام هەڵبژاردنێك كە گوزارشت لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات، ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزایینی پێشوەختەی ئەنجامەكان."

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا بارزانی رایگەیاند "لە هەرێمی کوردستان، پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردن بووە، خۆی لە 1991 لە شاری كۆیە رایگەیاندووە؛ پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیش لەگەڵ عێراق "بارزانی جەختی كردەوە لەوەی لە عێراقدا رێككەوتنەكان پێشێل دەكرێن، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق؛ رێككەوتنێكمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لە كاتی پێكهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو و، تائێستا هیچ یەك لە خاڵەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون. لەگەڵ ئەوەشدا لە بەغدا بەشێوەیەكی نادەستووری دەستیان بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان بردووە و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستانیان وەك چەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێم و بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەكارهێناوە."

لەدرێژەی گوتەكانیدا بارزانی بەپێویستی زانی ''لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفاف، كێشە تەكنیكییەكان چارەسەر بكرێن و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.''

پێشنیازێک لە پلاسخارتەوە

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەی بە سەرۆك بارزانی راگەیاند "كێشەی مووچەی لە راپۆرتی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باس كردووە؛ ناكرێ جیاوازیی نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیکەی عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق باس بكات."

هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بارەگای بارزانی رایگەیاند پلاسخارت "پێشنیازی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكیانەی پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە."

لەو كۆبوونەوەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە؛ بۆ پاراستنی پرۆسەی دیموكراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن.
 


 



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif