یەدەگی زێڕی عێراق لە ماوەی ساڵێکدا 10 تۆن زیادی کردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە 142 تۆن. ئێستا عێراق لە یەدەگی زێڕ لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پلەی پێنجەم دێت.
ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ نوێترین لیستی یەدەگی زێڕی وڵاتانی بڵاوکردەوە، بەپێی لیستەکە ئەمریکا 8 هەزار و 133 تۆن زێڕی هەیە و لە پلەی یەکەم دێت. پاش ئەو ئەڵمانیا بە سێ هەزار و 352 تۆن و 600 کیلۆ زێڕەوە لە پلەی دووەم و ئیتاڵیاش، کە دوو هەزار و 451 تۆن و 800 کیلۆ زێڕی هەیە، لە پلەی سێیەم دێت.
ریزبەندیی عێراق لە دەستخستنی یەدەگی زێڕ چووەتە پێشەوە، ئێستا ئەو وڵاتە خاوەنی 142 تۆن و 600 کیلۆ زێڕە، پێنجەمین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زۆریی یەدەگی زێڕەوە، لەسەر ئاستی جیهانیشدا لە پلەی 30 دێت.
لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سعودیە، لوبنان، جەزائیر، لیبیا و عێراق لە پلەی یەک بۆ پێنج بەدوای یەکدیدا دێن لە یەدەگی زێڕدا.
جەمال عەبدولجەبار، سەرۆکی سەندیکای وزە و پیشەسازی و کانزاکان لە عێراق، بە رووداوی گوت "چەند یەدەگی وڵات لە زێڕ زیاد بکات کاریگەریی لەسەر دراوەکەی و بەهاکەی دەبێت، بۆیە ئەو ژمارەیە بۆ عێراق گرنگە و ئەگەر بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار کە حکومەتی عێراق کردی، نەبووایە، ئێستا 100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 100 هەزار دینار."
لە ئایاری ساڵی رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند وڵاتەکە خاوەنی 132 تۆن زێڕە، دوای ئەوەی بڕی سێ تۆن و 600 کیلۆ زێڕی کڕی بوو.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق