کۆی گشتیی بودجەی هەرێمی کوردستان لە خشتەی بودجەی عێراقدا زیاتر لە 20.9 ملیار دینارە، کە زیاتر لە 9.5 تریلیۆن دیناری بۆ مووچە خۆران تەرخان کراوە. بودجەی عێراقیش 211 تریلیۆن و 861 ملیار دینارە و زیاتر لە 64 تریلیۆن دیناریش کورتهێنانی هەیە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رۆژی 19-05-2024 لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دا، خشتەکانی بودجەی 2024ی پەسند کرد و رۆژی سێشەممە 22-05-2024 خشتەکە گەیشتە پەرلەمانى عێراق.
سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە خشتەی بودجەی 2024ی عێراق، کۆی گشتیی بودجە (خەرجی)ی هەرێمی کوردستان 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینارە.
لە خشتەکەدا روونکراوەتەوە، 9 تریلیۆن و 556 ملیار و 348 ملیۆن و 5 هەزار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە؛ پێویستیی خزمەتگوزاری 2 تریلیۆن و 126 ملیار و 891 ملیۆن و 643 هەزار دینار؛ پێویستیی کاڵاکان 539 ملیار و 205 ملیۆن و 500 هەزار دینارە و نۆژەن و چاککردنەوەکانیش 255 ملیار دینار و 914 ملیۆن و 500 هەزار دینارە.
هەروەها بۆ بەخشین و هاوکاری و خەرجییەکانی دیکە؛ جگە لە قەرز، 341 ملیار و 690 ملیۆن و 400 هەزار دینار؛ بۆ چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان 2 تریلیۆن و 20 ملیار و 173 ملیۆن و 330 هەزار دینار. کۆی گشتیی بودجەی بەکاربردن 14 تریلیۆن و 840 ملیار و 223 ملیۆن و 778 هەزار دینار. لە قەرزەکانیش یەک تریلیۆن و 116 ملیار دینارە. بۆ وەبەرهێنانیش 4 تریلیۆن دینار و 954 ملیار و 240 ملیۆن و 172 هەزار دینار تەرخانکراوە.
هەر لە خشتەکاندا ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە 658 هەزار و 189 دیاریکراوە. لە بودجە حاکیمەدا 69 ملیار و 230 ملیۆن دینار بۆ خەرجیی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.
کۆی گشتیی بودجەی عێراق 211 تریلیۆن و 861 ملیار و 312 ملیۆن و 504 هەزار دینارە. کۆی گشتیی داهاتی عێراق 147 تریلیۆن و 836 ملیار و 655 ملیۆن و 889 دینارە.
داهاتی نەوتی120 تریلیۆن و 496 ملیار و 2 ملیۆن دینار و داهاتی نانەوتی 27 تریلیۆن و 340 ملیار و 653 ملیۆن و 889 هەزار دینارە. کورتهێنانیش 64 تریلیۆن دینار و 24 ملیار و 656 ملیۆن و 615 دینارە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە رۆژی یەکشەممە 19ی ئایار تایبەت بە پەسندکردنی خشتەکانی یاسای بودجە کردی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023، 2024 و 2025، ئەنجوومەنی نوێنەران پەسندی کرد و لە حوزەیرانی 2023 لە رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە. لەو کاتەوە بۆ سێ ساڵ بەکار دەبێت. ئەمە یەکەمجارە یاسایەکی بودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ سێ ساڵ دەردەکرێت."
گوتیشی، "بڕگەی یەکەمی مادەی 77ی یاسای بودجە، حوکمەکانی یاسای بودجە بۆ سێ ساڵ دەبێت، بڕگەی دووەمیشی ئەنجوومەنی وەزیران پابەند دەکات بە ناردنی خشتەکانی بودجە بۆ ساڵەکانی دارایی 2024، 2025 بۆ پەرلەمان بە مەبەستی پەسندکردنیان، کەوایە ئێمە بە پشتبەستن بەو مادەیە لە سەروبەندی ناردنی خشتەکانی یاسای بودجەین بۆ ساڵی 2024 بۆ پەرلەمان."
بەپێی قسەی سوودانی، ئەو خشتانەی لە کۆبوونەوەکەدا پەسند کران بریتین لە خشتەکانی "أ، ب، ج، د، ه، و." لەگەڵ خشتەی کورتهێنانی ساڵی 2024، خشتەکانیش ئەمانەن:
- خشتەی داهاتەکان: 144 تریلیۆن و 336 ملیار دینارە
- خشتەی خەرجییەکان: 210 تریلیۆن و 936 ملیار دینارە
- خشتەی کورتهێنان لە بودجە کە بڕەکەی 63 تریلیۆن و 599 ملیار دینارە
- خشتەی هێزەکانی کار: 4 ملیۆن و 79 هەزار و 906 فەرمانبەر
- خشتەی خەرجییەکانی حاکیمە: 10 تریلیۆن و 42 ملیار دینار
بەپێی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بودجەی وەبەرهێنان گەیشتووەتە 54 تریلیۆن و 298 ملیار و رەنگە بگاتە 55 تریلیۆن، چونکە لەکاتی گفتوگۆ زیاد دەکرێت."
سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە قسەکانیدا، ئاماژەی بۆ "ئەو بارگرانییانە کرد کە بۆ خشتەکان زیاد بوون"، لەوبارەیەوە روونیکردەوە، "مووچەی فەرمانبەران لە ئەم ساڵدا بە بڕی دوو تریلیۆن و 915 ملیار دینار بەراورد بە خەرجیی مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی 2023 زیاد بووە، پار بڕی 59 تریلیۆن و 174 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران تەرخان کرابوو، بەڵام لە ساڵی 2024 بووە 62 تریلیۆن و 89 ملیار دینار."
هەروەها گوتیشی، بەخشین و یارمەتییەکان و مووچەی کۆمپانیاکانی خۆبژێوی زیادیان کردووە، لەگەڵ ئەو پارەیەی بۆ کڕینەوەی گەنمی جووتیاران تەرخانیان کردووە کە سەرجەمیان زیاتر لە دوو تریلیۆنیان خستووەتە سەر زیادبوونەکان، "ئەو خێزانانەی مووچەی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن لە یەک ملیۆن و 200 هەزار خێزانەوە بۆ دوو ملیۆن و 100 هەزار خێزان زیادیان کردووە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بودجەی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان و پاراستنی کۆمەڵایەتی، دوو تریلیۆن و 120 ملیار دینار زیادیان کردووە و بەگشتی 7 تریلیۆن و 596 ملیار دینار بودجەی بەکاربردن زیادیکردووە."
15 پارێزگای عێراق زیاتر لە 14 تریلیۆن دیناریان لەبەردەستدایە
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە قسەکانیدا ئاماژەی بۆ بودجەی پارێزگاکان کرد و گوتی، دوای هەڵبژاردنی حکومەتە خۆجێییەکان، بەرنامە و بەڵێنیان بۆ هاووڵاتییان هەیە و گرنگە هەموو پێداویستییە داراییەکانیان بۆ دابین بکەن کە بەپێی دەستوور و یاسا کار دەکەن.
ئەو بە زمانی ژمارەکان زانیاریی وردتری خستەڕوو و روونیکردەوە، "لە ساڵی 2023، سەرجەمی ئەو پارەی بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی پارێزگاکان و سندووقەکانیان تەرخانکراون (مەبەست لێی پەرەپێدانی پارێزگاکان، هەژاری، پترۆدۆلار و قەرزەکانە) نزیکەی 10 تریلیۆن و 633 ملیار دینار بوو، لەو ساڵەدا تەنیا 3 تریلیۆن و 333 ملیار دینارمان داوە بەو پارێزگایانەی داوای پارەیان بۆ پڕۆژەکانیان بەپێی یاسا کردووە. ئەوەی ماوەتەوە 7 تریلیۆن و 330 ملیار دینارە، کە لە هەژماری سپاردەکان ماونەتەوە، ئەو پارە ماوەتەوە و ئامادەیە بۆ پڕۆژەکان لەسەر داوای پارێزگاکان، بە دڵنیاییەوە پشت بە بوونی پارەش دەبەستێت کە لەبەردەستدا دەبێت."
هەروەها باسی ئەو پارەیەی دیکەشی کرد کە لە بودجەی پارێزگاکاندا ماونەتەوە و ئاشکرای کرد، "لە هەژماری پارێزگاکان بڕە پارەیەکی زۆر هەیە لە بەشی یاسایی ئاسایشی خۆراک کە کاتی خۆی پارەکە 10 تریلیۆن و 744 ملیار دینار بوو، جگە لە 520 ملیار دینار کە سەرجەمی 11 تریلیۆن و 264 ملیار دینار بوو، ئەوەی لێی خەرجکراوە لە رابردوودا 38% بوو، واتە بڕی 4 تریلیۆن و 102 ملیار دینار بوو، 7 تریلیۆن و 162 تریلیۆن دینار لە هەژماری بانکی بۆ پارێزگاکان ماوەتەوە."
بە قسەی سوودانی "لە ساڵی 2024، پارێزگاکان دەتوانن 14 تریلیۆن و 492 ملیار دینار لە پارەی ئاسایشی خۆراک و بودجەی پارێزگاکانی ساڵی 2023 خەرج بکەن."
هەرچی پەیوەستە بەو پارەیەی پارێزگاکان لە ساڵی 2024 تەرخانکراوە، بەپێی ئەو خشتە نوێیەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندیکرد، محەممەد شیاع سوودانی گوتی: "لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان و هەژاری و پترۆدۆلار، بۆ ئەم ساڵ بڕی 2 تریلیۆن و 600 ملیار دینار بۆ پارێزگاکان تەرخانکراوە."
بەپیی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پارەی تەواو لەبەردەم حکومەتە خۆجێیەکان لەبەردەستدا دەبێت بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکان، بەتایبەت پڕۆژەی خزمەتگوزاری "لە دابینکردنی پارە هیچ کێشەیەکیان نییە. دەتوانین بڵێین هیچ پارێزگایەک بەهۆی بێ پارەییەوە بێ پڕۆژە نامێنێتەوە."
عێراق لە دوو ساڵدا 16 تریلیۆن قەرزی داوەتەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەی ئاشکراکرد، بەشێک لە پڕۆژەکانی عێراق کە راگیرابوون کە زیاتر لە هەزار و 321 پڕۆژە بوون، دەستیان پێکراوەتەوە و زیاتر لە 120 پڕۆژەیان تەواوبوون و وەرگیراونەتەوە.
هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، "پڕۆژە هەیە لەساڵی 2008ەوە بەهۆی بێ پارەیی و نەبوونی بڕیاری پێویست راگیراوە، بۆیە شەو رۆژمان خستووەتە سەر یەک بۆ دەستپێکردنەوەی کاری ئەو پرۆژانە و پیویستمان بە 23 تریلیۆن دینارە، رێژەی تەواوکردنیان لەنێوان 30 بۆ 50 و 70٪ دەبێت، هەندێکیشیان هیچیان لێ جێبەجێ نەکراوە، ساڵانێکە راوەستاوەن."
کارکردن لە 471 پڕۆژە دەستیپێکردووەتەوە، ئەو دەستپێکردنە بە پڕۆژە راگیراوەکان متمانەی لەلای کۆمپانیاکانیش دروستکردووە.
بابەتی قەرزەکانی سەر حکومەت، یەکێکی دیکە بوو لەو تەوەرانەی محەممەد شیاع سوودانی لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا تیشکی خستەسەر. "لە ساڵی 2023دا، 12 تریلیۆن و 715 ملیار دینار قەرزمان داوەتەوە، لە ساڵی 2024، بووەتە 16 تریلیۆن و 725 ملیار دینار، واتە 3 تریلیۆن و 904 ملیار دینار زیادەمان هەبووە، قەرزی نوێمان نییە و دەمانەوێت هەموو قەرزەکان بدەینەوە."
لەگەڵ ئەوانەشدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق کێشەکانی کارگێڕیی، پارەدارکردن، گەندەڵی سێ لە گەورەترین ئەو کێشانە بوون سودانی باسی کردن و گوتی: "کێشەکانی گەندەڵی و ئاڵنگارییەکانی لەبەردەم خەرجکردنی بودجەکان بەشێوەی دروست، بەدڵنیاییەوە رێگرە لەبەردەم گەشەپێدان و رۆڵی هەیە لە هەڵاتنی وەبەرهێنانی راستەوخۆی بیانی."
سوودانی: پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانەوە مەرجدار نەکراوە
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکەیدا پرسیاری لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە لێکرا، پرسیارێکیان باسی بودجە و بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران بوو، ئەو گوتی :"بەڵێ، بڕیارەکە روونە، حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودیری کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهیدان بەبێ گەڕانەوە بۆ بودجە پابەندکردووە، واتە خەرجکردنی راستەوخۆ، میکانیزمی بودجە روونە، لە خەرجیی گشتی دەوڵەت رێژەی 12.67٪ـی وەردەگیرێت و وەکو پشک و پارەدارکردنی مانگانە دەدرێت بە هەرێمی کوردستان، بێگومان بڕیارەکە مەرجداربوو بە بەجێکردنی مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی رەزامەندیی نیشانداوە و نووسراوەکە بۆ حکومەت و وەزارەتی دارایی و بانکەکانی حکومەت نێرارداوە، بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی مەرجدار بوو بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران لەو بانکە حکومییانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان کاردەکەن."
لەبارەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە بانکەکانی حکومەت،روونیکردەوە: "بانکی عێراقی بۆ بازرگانی دەستی بە بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی کردووە، پێویستی بەکات دەبێت بۆ ئەوەی بەجێکردن تەواو ببێت، روونکردنەوەیەک لە دادگەی فیدڕاڵی هات و رایگەیاند رێکار و پڕۆسەی بەجێکردنی مووچە کاتی دەوێت، بۆیە دەبێت حکومەت لە خەرجکردنی مووچە بەردەوام بێت بەپێی ئەو لیستانەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەنێردرێن، کە لەلایەن دیوانی چاودیریی دارایی ناوەند و هەرێمی کوردستانەوە وردبینییان تێدا بکرێت، کار لەسەر ئەمە دەکەین، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان، کێشە و تێڕوانین لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە هەیە، بەڵام ئێمە پابەندین بە یاسا و بەفەرمی بۆمان روونکردووەتەوە دەبێت داهاتە نانەوتییەکان رادەست بکەن، بەڵام ئەوەش مەرجدار نەبووە، واتە نابێت مووچە خەرجکرێت تاوەکو داهاتە نانەوتییەکان رادەست نەکات.. ئەمە بڕیاری دادگەی فیدڕاڵییە، رێگە و کەناڵی دیکەی یاسایی هەیە.. بەلام حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەرووی پڕنسیپەوە بە نووسراوی فەرمی پابەندبوونی خۆی بۆ رادەستکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان نیشانداوە."
پێشهاتی نوێ بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نییە
لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان کە ماوەی زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگ دەبێت بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی پاریس راگیراوە، محەممەد شیاع سوودانی، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند :"بەداخەوە تاوەکو ئەمڕۆ هیچ پێشکەوتنێک بەدینەهاتووە، ئامادەییمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە نیشانداوە، دوای لێکۆڵینەوەیەکی وردی یاسایی بۆ کێشەکە کە لە زیاتر لە بۆنەیەکدا روونمانکردەوە یاسای بودجەی گشتی بۆ سێ ساڵ بڕیاریداوە تێچوونی بەرهەمهێنانی بەرمیلی نەوت بەپێی تێكڕای نیشتمانی خەرج بکرێت، تێكرای نیشتمانی تێچوونی بەرهەمهێنانی بەرمیلی نەوت کە وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی رایگەیاندووە لە سنووری هەشت دۆلارە، لەکاتێکدا گرێبەستەکانی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزاەتی سامانە سرووشتییەکان تێچووی یەک بەرمیل نەوت 26 دۆلارە."
"ئەو کۆمپانیایانە ناچاربوون بەرهەمهێنان رابگرن و لە ئەنجامدا نەوت لەرێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیبۆ بەندەری جەیهان راوەستا، کۆمپانیاکان راوەستاون، نەوەک حکومەتی فیدڕاڵی نەهێڵێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت یان یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە، یان وەکو ئێمە پێشنیازمان بۆ کردوون گرێبەستەکان هەمواربکرێتەوە، گرێبەستەکانی ئەو کۆمپانیایانە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕووی پڕنسیپەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەند بووە بە هەموارکردنەوەی ئەو گرێبەستانە، بەڵام کۆمپانیاکان ئەو هەموارکردنە رەتدەکەنەوە، بۆیە بابەتەکە لەم سنوورە راوەستاوە."
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق