دانەوێڵەی ئیلام: ئەمساڵ بەرهەمی گەنممان دەگاتە 400 هەزار تۆن

ليست هناك تعليقات


بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە باشووری پارێزگاکە وەرزی دروێنەی گەنم دەستیپێکردووە، بەپێی خەمڵاندنەکانیان تاوەکو کۆتایی وەرزی دروێنەی ئەمساڵ بەرهەمی گەنم ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات و دەگاتە 400 هەزار تۆن.

ئەسغەر باباخانی، بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند: "ئێستا 17 سایلۆ لە کەرتی تایبەت بە توانای 430 هەزار تۆن و 23 ناوەندی هەرەوەزی گوندنشین ئامادەن بۆ کڕین و هەڵگرتنی سەرجەم بەرهەمە گەنمی جووتیارانی هەموو شارەکانی پارێزگاکە."

ئەسغەر باباخانی گوتی، دروێنەی گەنم باشووری پارێزگاکە و بە تایبەت لە شارەکانی مێهران، دێلوران و ئابدانان دەستیپێکردووە و تائێستا 100 هەزار تۆن گەنم بەرهەم هاتووە، کە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، 4 هێندە زیادیکردووە.

باباخانی پێشبینی دەکات تاوەک کۆتایی وەرزی دروێنە، بەرهەمی گەنم لە پارێزگای ئیلام بگاتە 400 هەزار تۆن و لەو بڕەش 350 هەزار تۆن لە لایەن حکومەتەوە وەردەگیرێت.

دەشڵێت، بۆ ئەمساڵ حکومەت یەک کیلۆ گەنمی ئاسایی بە 17 هەزار و 500 تمەن و یەک کیلۆ گەنمی پلە یەکیش بە 18 هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێت.

بەڕێوەبەری گشتیی دانەوێڵەی پارێزگای ئیلام ئاماژە بە کوالێتی بەرزی گەنمی ئەو پارێزگایە دەکات و دەڵێت، لە رووی کوالێتی گەنمەوە ئیلام یەکێک لە چوار پارێزگای پێشەنگە لە ئێران.

ئەمساڵ لە پارێزگای ئیلام لە رووبەری زیاتر لە 150 هەزار هێکتار گەنم چێنراوە کە 58 هەزار هێکتار زەویی بەرئاو و زیاتر لە 92 هەزار هێکتار زەویی دێمە.

ساڵی پار لەو پارێزگایە لە رووبەری زیاتر لە 134 هەزار هێکتار گەنم چێنرابوو کە 57 هەزار هێکتار زەویی بەرئاو و زیاتر لە 77 هەزار هێکتار زەویی دێمی بوو و بۆ یەکەمجار بەرهەمهێنانی گەنم لەو پارێزگایە گەیشتە 390 هەزار تۆن.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif