هەڵبژاردنی بەریتانیا، راپرسییەکان ئاماژە بە گەڕانەوەی پارتی کار دەکەن

ليست هناك تعليقات


سەردێڕی رۆژنامەکانی بەریتانیا کاردانەوەی بڕیاری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیایە. سەرۆکوەزیران و پارتەکەی کە 14 ساڵە لە لووتکەی دەسەڵاتی بەریتانیادان، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدان. پرسێکی گەرمی ئەو هەڵبژاردنانەش، قەیرانی کۆچبەران و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و ناردنی پەناخوازانە بۆ رواندا.

ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، "ئەگەر وەکو سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرێمەوە، گەشتە ئاسمانییەکان بۆ رواندا دەستپێدەکەن و رێکارەکانی دیکە لە دژی کۆچبەران جێبەجێ دەکرێن؛ بەڵام هەڵبژاردنەکە روونە، لەبەرئەوەی کەیر ستارمەر، ئەو بەرنامەیە هەڵدەوەشێنێتەوە. ئەو باسیش لەوە دەکات، لێبووردنی گشتی بە کۆچبەری نایاسایی دەردەکات."

بڕیارە هەڵبژاردنی گشتیی بەریتانیا لە 4ی تەممووزی داهاتوو بەڕێوەبچێت. یەکێک لەو پرسانەی چاوەڕوان دەکرێت بۆ هەڵبژاردن یەکلاکەرەوە بێت، پرسی کۆچبەران و بەرنامەی ناردنی کۆچبەرانە بۆ رواندا.

پارتی کاری ئۆپۆزیسیۆن دژی بەرنامەی رواندایە و بەڵێنی داوە ئەو پارەیەی لەو بەرنامەیە خەرج دەکرێت، بۆ جێگیرکردنی هێزی زیاتر لەسەر سنوورەکان بەکاربهێنن؛ لەگەڵ فراوانکردنی هەوڵەکان بۆ لەنێوبردنی باندەکانی قاچاخچێتی.

بەگوێرەی نوێترین راپرسیی کۆمپانیای یوگۆڤی تایبەت بە راپرسیی هەڵبژاردنەکان، پێشبینی کراوە پارتی کار، 44%ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات. هەرچی پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدارە کە لە ساڵی 2010 پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای لایە، پێشبینیکراوە 22%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا پارتی چاکسازیی بەریتانیا پێشبینیکراوە 14%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و پارتی سەوزیش 6%ی دەنگەکان.

کەیر ستارمەر، سەرۆکی پارتی کاری بەریتانیا دەڵێت، "یەکەم هەنگاومان دیاریکردووە و هەنگاوەکەشمان بریتی دەبێت لەوەی سنوورەکانمان کۆنترۆڵ بکەینەوە و رووبەڕووی سەرجەم ئەو گرووپە چەتانە ببینەوە کە بازرگانی نایاسایی دەکەن و خەڵک دەخەنە نێو بەلەمەوە و بەنێو نۆکەندی ئینگلیزدا رەوانەی ئێرەیان دەکەن."

قووڵبوونەوەی قەیرانی کۆچبەران لە بەریتانیا لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ساڵەوە نزیکەی 10 هەزار کۆچبەر لە رێگەی بەلەمەوە چوونەتە بەریتانیاوە. ئەمەش لە کاتێکدایە، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی داوە لە ئەگەری سەرکەوتنی، لەدوای هەڵبژاردن یەکەم کاروانی پەناخوازان رەوانەی رواندا دەکرێت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif