کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پێکهێنانی لیژنەی هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەن. ئامادەشن ببنە بەشێک لە گفتوگۆکان.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور لە راگەیێندراوێکدا پێشوازی لە پێکهێنانی ئەو لیژنە هاوبەشەی نێوان هەولێر و بەغدا کرد کە پێش چەند رۆژێک لەلایەن وەزیری نەوتی عێراقەوە راگەیێندراوە بە ئامانجی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا.
کاگینز دەڵێت، ئەوان وەک کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، "چاوەڕێی ئەوە دەکەین بەشێوەیەکی فەرمی ئاگادار بکرێینەوە بۆ ئەوەی رۆڵی خۆمان لەو دانوستاندنانە بگێڕین."
حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رۆژی پێنجشەممە، 2-5-2024، بە رووداوی راگەیاند: "ناکرێت رەزامەندی لەسەر گرێبەستی هاوبەشی بدەین، بۆیە دوو لیژنە پێکهێندراون، لیژنەیەکی هونەری و لیژنەیەکی یاسایی، پشت بەخوا لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوە لەگەڵ ئەم دوو لیژنەیە دەکرێت کە نوێنەرانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی [کوردستان]ـی تێدایە."
رۆژی سێشەممە، 23-4-2024، کاگینز بە رووداوی گوتبوو، ئەوان دەیانەوێت "کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەنێوان ئەپیکور، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا بکرێت" بۆ گفتوگۆ لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت.
کاگینز دەڵێت، لە ئەگەری هەر رێککەوتنێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، ئەوان هێشتا "داوای هەمان تێچوو بۆ بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دەکەن کە ئێستا وەریدەگرن".
هەناردەی نەوتی کوردستان لە 25-03-2023وە راگیراوە و هێشتا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەکراوەتەوە.
پێش ئەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان بە بڕیاری دادگەی نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس رابگیرێت، رۆژانە 450 هەزار بەرمیل لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرا. ئەوەش 0.5٪ـی هەناردەی نەوتی جیهانی پێکدەهێنا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق