ئیلۆن مەسک: هەموو شەوێک مێتا زانیارییەکانی نێو وەتسئەپ دەدزێت

ليست هناك تعليقات


ئیلۆن مەسک، ملیاردێر و داهێنکاری بواری تەکنەلۆجیا، کۆمپانیای مێتای خاوەنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، وەتسئەپ و ئینستاگرام تۆمەتبار دەکات بەوەی هەموو شەوێک، زانیارییە تایبەتییەکانی بەکارهێنەرانی وەتسئەپ دەدزێت.

مەسکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کۆمپانیای مێتا کە مارک زووکەربێرگی خاوەنی فەیسبووک خاوەندارێتی دەکات، تۆمەتبار دەکات بەوەی "وەتسئەپ هەموو شەوێک زانیارییە تایبەتەکانی بەکارهێنەران دەبات".

بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی ئێکس سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لەوەی تاوەکو ئێستا بەکارهێنەرانی وەتسئەپ لەو بڕوایەدان ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە سەلامەتە و هاککردن و دزەپێکردنی زانیارییە تایبەتییەکانی ئەستەمە.

تائێستا هیچ کام لە مێتا و وەتسئەپ وەڵامی تۆمەتەکانی مەسکیان نەداوەتەوە.

وەتسئەپ هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەکات کە تەواوی پەیوەندییە تایبەتی و چات و ڤیدیۆکانی بەکارهێنەران پارێزراون و بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێت دزەیان پێبکرێت.

مەسک و زووکەربێرگ بە رکابەری سەرسەختی یەکتر ناسراون و بڕیاربوو ساڵی رابردوو یارییەکی مشتەکۆڵە لەنێوانیاندا بکرێت و بە رووبەڕووبوونەوەی سەدە ناوبرا، بەڵام ئەو پلانە سەرینەگرت.

هەژار برنجی، بەڕێوەبەری تەکنیکیی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت، تۆمەتەکانی مەسک زیاتر پەیوەندییان بە شەڕە نهێنی و میدیاییەکەی نێوان کۆمپانیاکانی مێتا و ئێکسەوە هەیە.

هەژار برنجی ئاماژە بەوەش دەکات کە مێتا بە فەرمی رایگەیاندووە: "هەر کاتێک لایەنێکی فەرمی یانیش دادگە داوایان لێبکات زانیاریی تایبەتی بەکارهێنەرانیان هاوبەش دەکەن، بەڵام هەموو زانیارییەکیش نا، بەڵکو تەنیا ناوی سیانی بەکارهێنەران و لیستی ناو و ژمارە تەلەفۆنەکانی بەکارهێنەران. ئەوەش لە لیستی رەزامەندی بەکارهێنەراندا هەیە پێش ئەوەی بەکارهێنەران هەژمار لەسەر پلاتفۆرمەکانی مێتا بکەنەوە".

بە گوێرەی یاسای ئەمریکا، هەموو کۆمپانیایەک دەبێت پابەندبێت بەوەی زانیارییەکان لەگەڵ دادگە هاوبەش بکات ئەگەر داوای لێبکرێت.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif