یاساى پشووەکانى عێراق رەوانەى سەرۆکایەتیى کۆمار کرا

ليست هناك تعليقات



پەرلەمانى عێراق یاسای پشووە فەرمییەکانى رەوانەى سەرۆکایەتیی کۆمار کرد بۆ پەسندکردنى، ئەوەش بەر لە مانگێک لە جەژنى غەدیرى شیعەکان دێت کە یەکەمجارە بکرێتە پشووى فەرمى.

ئەو یاسايە رۆژی 26ى ئایار لە ئەمیندارێتیى گشتیى پەرلەمانى عێراقەوە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار نێردراوە بە مەبەستی پەسندکردنی.

یاساى پشووە فەرمییەکان لە 22ى ئایار لە پەرلەمانی عێراق دەنگى لەسەر درا و 16 رۆژ لە عێراق کراونەتە پشووی سەرتاسەری، ئەوەش جگە لە 24 پشووی نێو پێکهاتەکان. بەگوێرەى مادەى 6ى یاساکە، دواى بڵاوکردنەوەى لە رۆژنامەى فەرمى دەکەوێتە وارى جێبەجێکردنەوە.

دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە  رایگەیاند، "ئەگەر لە ماوەى 15 رۆژ لە ناردنى، یاساکە بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار واژۆ نەکرا، بە پەسندکراو هەژمار دەکرێت."

دواى پەسندکردنى یاساکە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە، دەنێردرێت بۆ رۆژنامەى وەقائیعى عێراق تاوەکو بڵاوبکرێتەوە و بە فەرمى بکەوێتە وارى جێبەجێکردنەوە. دارا سێکانیانى گوتى، "دواى بڵاوکردنەوەى یاساکە لەو رۆژنامەیە، هەر رۆژێک دواى ئەوە کرابێت بە پشوو، پشووەکەى بەسەردا جێبەجێ دەبێت."

یەکەمجارە جەژنى غەدیرى شیعەکان لەنێو ئەو یاسایە دابنرێت وەکو پشووى فەرمى، کە 24ى حوزەیرانى داهاتووە. ئەو هەنگاوە ناکۆکى لەگەڵ سوننەکان بۆ دروستکردن.

ناکۆکییەکە لەسەر ئەوەیە شیعەکان بڕوایان وایە لەو رۆژەدا پرسی جێنشینى لە خەلافەتى ئیسلامى لەلایەن محەممەدی کوڕی عەبدوڵڵا، پەیامبەری ئیسلام (د.خ) دراوە بە عەلى کوڕى ئەبوتاڵیب لەبرى خەلیفەکانى دیکە کە دواتر خەلافەتیان بەڕێوەبردووە.

24 پشووى دیکەى نێو یاسایەکە تایبەتن بە پێکهاتەکان؛ کریستیانەکان دوو رۆژ، سابیئەى مەندائی شەش رۆژ و کوردانى ئێزدى 14 رۆژ پشوویان بۆ دیاریکراوە، سێ رۆژ پشوو بۆ جووەکانى عێراق دیاریکراوە کە بە "موسەوییەکان" ناوبراون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif