ئەوەى سلێمانیى پاشخستووە، فرە کوێخاییەکەیەتى

ليست هناك تعليقات


عارف قوربانی
-
لەدواى راگرتنى شەڕى چەکداریى نێوان یەکێتی و پارتى لە ساڵى 1998، مام جەلال تێزێکى داهێنا بۆ گۆڕینى شێوازى ململانێى نێوانیان لە شەڕى خوێناوییەوە بۆ شەڕى نموونەیى. لەڕووى ئاوەدانى و ئازادى و پەرەپێدانى دیموکراسییەوە، دەیویست لە سلێمانى نموونەیەکى جیاوازتر بخاتەڕوو لە دەسەڵاتى رکابەرەکەى لە هەولێر کە بەدەست پارتى دیموکراتى کوردستانەوە بوو.

لەبەر هەڵکەوتەى جوگرافیا و سرووشتى سلێمانى و ئەو ژێرخانەى وەکو پێویستى بونیاتنانى شار لە کۆنەوە هەیبوو، هەروەها ئەو فەزا ئازادەى لە بوارى سیاسی و میدیاییدا فەراهەم کرا، سلێمانى لەم شەڕى نموونەییەدا زۆر لەپێش هەولێرەوە بوو. مام جەلال زۆرجار لە کۆڕ و کۆبوونەوە و تەنانەت لە دیدارە تەلەڤیزیۆنییەکانیشیدا شانازیى بەوەوە دەکرد کە ئەو وەفدانەى دێنە لاى، پێى دەڵێن سلێمانى وەکو ئەورووپا وایە، بەڵام خەڵکەکەى بە کوردى قسە دەکەن، بە تەنزەوە ئەوەشى بۆ زیاد دەکرد و دەیگوت: دەیشڵێن هەولێر دێیەکى گەورەیە.

ئەوکات لە واقیعدا سلێمانى نەک هەر لەپێش هەولێرەوە بوو، تەنانەت بە درێژایى چەندین دەیەى سەتەى رابردوو، لە ریزبەندیى یەکەمى هەموو پارێزگاکانى عێراقیش بوو؛ بەڵام دواتر هاوڕێکانى مام جەلال کە حوکمى سیاسى و ئیداریى سلێمانییان بەدەستەوە بوو، لەم قۆناخى شەڕى نموونەییەدا سلێمانییان زۆر پاشخست، بە ئەندازەیەک نەک کەوتە دواى هەولێرەوە، رەنگە کاتى زۆر و تواناى زۆرى پێویست بێت تاوەکو بتوانێت لە رکابەریى دهۆکیشدا بمێنێتەوە.

هۆکارەکانى راگرتنى گەشە و باڵاکردنى سلێمانى لە دوو دەیەى رابردوودا، زۆرن؛ بەڵام ئەوەى لە هەموویان کاریگەریى زیاتر بوو، فرەکوێخایەتی بوو بەسەر سلێمانییەوە. ئەم فرە کوێخایەتییە سەردەمانێکى زۆر سلێمانیى کردە ناوەندى کێشمەکێشى سیاسى و ململانێیەکى ناپێویست و بەهۆیەوە کاروانى ئاوەدانیى شارەکەى راگرت.

من لێرەدا تەنها دوو حاڵەت بە نموونەى دەیانى دیکە دەهێنمەوە کە فرەکوێخایەتییەکەى سلێمانى چەند زیانى بەو شارە گەیاندووە، دواى هاتنى هاوپەیمانەکان بۆ عێراق و کوردستان، ئەمریکا داوای کرد (هێزى زەیتوونى کۆرییەکان) لە سلێمانى نیشتەجێ بکرێن و بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانى سلێمانى. پرۆژەیەکیان خستە بەردەم دەسەڵاتى سیاسى و ئیداریى شار، کە لە چەند بواردا دەتوانن کار بکەن. بەڵام دوو کارەکتەرى سیاسیى خاوەن پێگە و دەسەڵات لە سلێمانى رێگرییان لەوە کرد و دەیانگوت (کۆرییەکان چى دەزانن تاوەکو بێن خزمەتى سلێمانى بکەن). هاوپەیمانان نەخشەکەى خۆیان گۆڕی و ئەو هێزە چووە هەولێر، لەوێ دەیان قوتابخانەى نموونەیى و ناوەندى رۆشنبیری و تەلار و کتێبخانەیان دروستکرد؛ تەنانەت لە پرۆژەى ئاو و زۆر بوارى دیکەى ئاوەدانیى هەولێردا دەستیان هەبوو.

چەند ساڵێک دواى ئەوە، کە ئەمریکا بڕیاریدا گەمارۆکانى بۆ سەر ئێران فراوان بکاتەوە و مەترسیى ئەوە هەبوو کەرتەکانى پیشەسازیش بکاتە ئامانج، شاندێکى خاوەن کار و کارخانەکانى ئێران هاتنە سلێمانى و بیرۆکەى ئەوەیان خستەڕوو کە بەشێک لەو کارگە و کارخانانە کە خاوەندارێتییان بۆ سەرمایەدارەکان دەگەڕایەوە و موڵکى کەسى بوون، بهێندرێنە ناوچەکانى سلێمانى. ئەوکاتیش بە پاساو و بیانووى نالۆژیکییەوە و بەهۆى فرەکوێخایەتییەوە داواکارییەکەیان رەتکرایەوە، کە ئەگەر ژمارەیەک لەو کارگانە بهێندرانایەتە سلێمانى، لەڕووى هێزى کار و بەرهەمەوە ئێستا شارەکە لە دۆخێکى دیکەدا بوو.

لەدواى ئەوەشەوە بە درێژایى ساڵانێکى زۆر لەبەر نەبوونى ناوەندێکى بەهێزى سیاسى و ئیدارییەوە، سلێمانى کەوتە ژێر رەحمى ئیدارەى هەولێرەوە، بەشێک لەو دەسەڵاتانەى بۆ گەشە و ئاوەدانیى شار پێویست بوو، لە دەستى دەسەڵاتدارانى سلێمانى سەندرایەوە و وەکو سلێمانییەکان خۆیان دەیڵێن: هەولێریش رەحمى پێیان نەکرد.

ئەم هۆکارە روون و ئاشکرایانە و زۆر هۆکارى دیکەى نادیاریش، ساڵانێک سلێمانییان لە گەشە و باڵاکردن وەستاند. لێکەوتەکانیشى دروستبوونى شتێک بوو لە کۆنەستى سلێمانییەکاندا، کە هەست بە غەدر بکەن. بۆ رزگاربوون لەو هەستەش بەدواى رێگاى جۆراوجۆردا گەڕان، (پرسى جیابوونەوە لە هەولێر و دوو ئیدارەیى و هەرێمى سلێمانى، چوونەوە پاڵ بەغدا) لێرەوە سەریهەڵدا؛ کە هیچ کام لەمانە سەریان نەگرت و کێشەکانیش چارەسەریان بۆ نەدۆزرایەوە، دەرهاویشتەکانى دۆخێکى تازەى هێنایە ئاراوە کە لەڕووى سیاسى و ئیدارییەوە سلێمانى بەدواى خۆ خاوەنیدا بگەڕێت.

بەشێک لە کێشە سیاسى و ئیدارییەکانى ئێستاى نێوان پارتى و یەکێتیى وەکو حیزب و لە حکومەتیش، لەسەر ئەمەیە. یەکێتی نایەوێت نە لەڕووى سیاسى و نە لەڕووی ئیدارییەوە هاوشێوەى رابردوو وابەستەى هەولێر بێت. لەم چوارچێوەیەشدا سلێمانى دەستى بە جوڵە کردووەتەوە. یەکێک لە لێکەوتەکانى ئەم سیاسەتە تازەیەش، بڕیاردانە لە دەستپێکردنى زنجیرەیەک پرۆژەى وەبەرهێنان لە کەرتى خانوبەرەى گەرمیان و سلێمانى، کە نە هەولێر پێى ئاسوودەیە و نە لە سلێمانیش هەموو خەڵک لەگەڵیەتى، هەندێک بە ئاوەدانى و هەندێکیش وەکو تاڵانى ناوى دەبەن.

لە حەقیقەتیشدا هەر لە بنەڕەتەوە یاساى وەبەرهێنان، بەتایبەتى ئەوەى پەیوەندى بە کەرتى خانوبەرەوە هەبوو، زۆر لە بەرژەوەندیى خاوەن کۆمپانیاکاندایە، زەوی بێ بەرانبەر و سەردەمانێک حکومەت پارەیەکى زۆریشى پێدەدان چى وەکو قەرزى درێژخایەن یاخود وەکو سندوقى نیشتەجێبوون، کە دواتر لە کڕیارانى نیشتەجێى پرۆژەکان وەردەگیرایەوە. هەرچەند ئێستا ئیمتیازەکان کەمتر بوونەتەوە و وەکو دەوترێت، لە سلێمانى لە بەرانبەر پێدانى هەر پرۆژەیەکدا دەبێت کۆمپانیاکان چەند پرۆژەیەکى دیکەش بۆ شارەوانى ئەنجام بدەن، بەڵام هێشتاش هەر ناهاوسەنگییەک لە یاساکە و جێبەجێکردنیدا هەیە و پێویستە حکومەت و پەرلەمان بە جۆرێک رێکیبخەنەوە و رەچاوى ئەوە بکرێت بەرژەوەندیى گشتى لە سەرووى بەرژەوەندیی تایبەتەوە بێت؛ کە پێشتر لە هەندێک شوێن ئەمە لەبەرچاو نەگیراوە و بووەتە هۆکارى ئەوەى زۆرینەیەک دژى ئەم پرۆژانە بن.

بەڵام ساڵ لەدواى ساڵیش ژمارەى دانیشتووان زیاتر دەبن و قەبارەى شارەکانیش گەورەتر دەبن، بەتایبەتیش لەبەر ئەوەى لە هەرێمى کوردستان نەتوانرا کۆمەڵگەى لادێ دروستبکرێتەوە، زۆرینە لەناو شارەکانن و بەهۆى دۆخى عیراقیشەوە خەڵکێکى زۆر لە ناوەڕاست و خوارووى عێراقیشەوە چاویان لەوەیە لە هەرێمى کوردستان بژین. ئێستا هەریەک لە شارەکانى کوردستان بکەیت بە نموونە، لە دوو دەیەى رابردوودا دوو جار بە ئەندازەى شارەکە گەورەتر بووەتەوە.

هەموو گەورەبوونى شارێکیش پێویستى بە پلانە، پێویستى بە رێکخستن و رەچاوکردنى رێساو یاسایەکە کە دەستەبەرى بەرژەوەندى گشتى بکات. هەرێمى کوردستان سیاسەتێکى راست و دروستى نەبوو لەوەى بەپلان شارەکان گەورە ببنەوە. کۆمپانیاکان بۆ بەرژەوەندى خۆیان و بۆ ئەوەى کەمترین پارە خەرجبکەن لە رێکخستنەوەى زەوی پرۆژەکاندا، پەنایان بۆ ئەوە دەبرد دەشت و تەختاییەکانى شار بکەن بە پرۆژە. بەداخەوە لە کوردستان بە ملیۆنان دۆنم زەوى بەپیتى کشتوکاڵى کران بە شوقەى نیشتەجیبوون. لەکاتێکدا پێویست بوو تا زەوى بەردەڵان و گرد و تەپۆڵکەو شاخ هەبن رێگەنەدرێت زەوى کشتوکاڵى بۆ پرۆژەى نیشتەجێبوون تەرخان بکرێت. حکومەت لەمەدا هەڵەى گەورەو ستراتیژیکرد و بەهیچ شتێک قەرەبوو ناکرێتەوە.

یەکێک لەو شارانەى زۆرترین پشکى لەم هەڵەیە بەردەکەوێت پارێزگاى سلێمانییە، لەبەر ئەوەنا کە پرۆژەى زۆرى لێدروستکراوون، چونکە هەموو ئەوەى لە سلێمانى کراوە بە ئەندازەى دوو پرۆژەى نیشتەجێبوونى هەولێر زەوى کشتوکاڵى نەفەوتاندووە، بەڵکوو لەبەر ئەوەى لە سلێمانى دەرفەتى ئەوە هەبوو شارەکە بەجۆرێک گەورەبکرێتەوە بتوانرێت پارێزگارى لەو سەتان هەزار دۆنم زەوییە کشتوکاڵییە بکرێت و سلێمانى بەرەو سەر گرد و شاخەکانى هەڵکشێت. تاوانێکى گەورەیە رێگە درا پرۆژەو گەڕەک و خانوو لەسەر ئەو خاکە بەپیتەى راپەڕین بۆ تاسلوجە و تا هەزارمێرد و زڕگوێز و بەرەو عەربەت دروستبکرێن. لەکاتێکدا هەموو ئەو گەڕەک و خانووانە دەتواندرا بەقەدپاڵى چیاى ئەزمڕو گۆیژەو گرد و تەپۆڵکەکانى دیکەوە جێى بکرێتەوە. ئەگەر ئەوە کرابا هاوشێوەى بەیروت سلێمانى بۆ سەر شاخەکان سەرکەوتایا چەند جوانتر دەبوو.

ئێستا هەڵایەکى میدیایى لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دروستبووە لەسەر ئەوەى پرۆژەیەک بەقەدپاڵى گۆیژەدا دروست دەکرێت، هەرچەندە دوو گردۆڵکەى دۆڵەڕووتە، نەک گۆیژە. بەڵام بەپاساوى ئەوەى یادەوەریى و سیماى شار تێک دەچێت و ژینگە و سروشت وێران دەبێت، چەندین کەمپین و گروپ و دەستەى لەدژ دروستکراوە. هەرچەندە پێم وایە بابەتەکە لەلایەک پەیوەندى بە رەهەندەکانى کۆتایى هێنان بە فرەکوێخایى و ناوەندێتى دەسەڵاتەوە هەیە لەلایەن کوڕانى مام جەلالەوە، لەلایەکى دیکەشەوە پەیوەندى بە ناکۆکى سیاسى و ململانێى کۆمپانیا و سەرمایەدارەکانى سلێمانییەوە هەیە، زیاتر لەوەى پەیوەندى بە پاراستنى سروشت و ژینگەوە هەبێت. چونکە دروستکردنى کۆمەڵگەى نیشتەجێبوون، تەلار و هوتێل و باڵەخانەى بەرز لەسەر گرد و تەپۆڵکە بەردەڵانییەکان ئەگەر خزمەت بە ئاوەدانى و جوانکردن و ژینگە نەکات، زیانیشى پێناگەیەنێت. ئەوەى زیانى مەترسیدارو کوشندەى هەیە بۆ تەندروستى و ژینگەى سلێمانى ئەو ئاوەڕۆو پاشماوەیەى ناوچەى پیشەسازییە لە تانجەڕۆ، کە هیچ کات هەڵاى لەسەر دروست نەبووە. لە ئەرشیفى هەموو میدیاى کوردیدا چوار بابەتى ئەوانە نادۆزیتەوە کە ئێستا شین بۆ گردۆڵکەى دۆڵەڕووت دەگێڕن لەسەر ئەوە هاتبنە دەنگ کە پاشەڕۆى رۆنى سەیارە لە ناوچەى پیشەسازیى سلێمانییەوە وەک ژەهرێکى کوشندە تێکەڵ بە ئاوى سیروان دەبێت.

سێ چوار ساڵ لەمەوبەر لە راپەڕینەوە تا تاسلوجە هەموو ئەو خاکە بەپیتە کشتوکاڵییە کران بە هۆڵى چینکۆ و جەمەلۆن، مەعرەزى سەیارەى علوج و مەخزەن، ئایا ئەوانە زیانگەیاندن نەبوو بە سروشت و ژینگەى سلێمانى.

رێگا راستەکە ئەوەیە هانى دەسەڵات بدرێت لەمەودا رێگە نەدات هیچ پرۆژەیەک لەسەر زەوى کشتوکاڵى دروست بکرێت، کە ئێستا هەندێ لە کۆمپانیاکانى سلێمانى چاویان بڕیوەتە ئەو بەشە زەوییەى کەڵەوانان و پیرەمەگرن و لە رۆژهەڵاتیشەوە بەرەو خاکى بەپیتى شارەزور. سلێمانى شانسى ئەوەى هەیە ببێتە یەکێک لە شارە هەرە جوانەکانى نەک هەرێمى کوردستان و عیراق، بەڵکوو وەک ئەستێرەیەک لەناوچەکەدا بەسەر گۆیژەو ئەزمڕدا بدرەوشێتەوە. کە ئەمە خواست و خەونى لەمێژینەى شاعیرە گەورەکانیشمان بووە.

پیرەمێردى شاعیر وەک یەکێک لە سیمبوڵە گەورەکانى سلێمانى لە شیعرە ئەفسوناویەکەى (شەوێ لەگوێ شەتى بەغدا خەیاڵى کوردم ئەکرد) کە دەکرێت وەک نەخشەڕێى بونیادى دەوڵەتى کوردستانێکى گەشەکردوو وێناى بکەین لەسەر جوگرافیاى هەر چوار پارچەى نیشتمان. لەوێدا شارى سلێمانى وەک ئەستێرەیەکى درەوشاوەى ئەو دەوڵەتە سەر خستۆتە سەر گۆیژەو ئەزمڕ و قەیوان و دەڵێت:

لە گۆیژەوە سەرکەوە بۆ ئەزمڕ هەتا قەیوان
بە ریزە ئوتێل و ئەیوانى گەیوەتە کەیوان
ئەمانە من بە خەیاڵ، یا بە خەو کەوا ئەمدى
هیوام بە خوایە بۆ کورد بەڕاستى بێنێتە دى

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif