ژاپۆن دەیەوێت تاوەکو ساڵی 2050 چی بکات؟

ليست هناك تعليقات


بیهێنە پێش چاوت، لوولەکێکی گەورە و درێژ، زەوی بە بۆشایی ئاسمانەوە ببەستێتەوە، بە تێچوویەکی کەم و بە خێرایی فڕێدانی بەردێک لە دارلاستیکێکەوە بمانگەیێنتە خولگەی زەوی.

ئەوە بیرۆکەی دروستکردنی ئاسانسوارێکە لە زەوییەوە بۆ بۆشایی ئاسمان.

زانایان مەزەندە دەکەن، ئەگەر ئاسانسوارێکی لەو جۆرە دروستبکرێت، ئەوا لەبری ئەوەی بە شەش تا هەشت مانگ بگەینە مەریخ، سێ بۆ چوار مانگمان پێویست دەبێت.

بیرۆکەی دروستکردنی ئاسانسواری بۆشایی شتێکی نوێ نییە، بەڵام دروستکردنەکە لە رووی ئەندازیاری و بیناسازییەوە ئاسان نییە.

زەحمەتییەکە تەنیا لە رووی تەکنەلۆجییەوە نییە.

بۆیە زۆر نین ئەوانەی ئومێدیان بە سەرکەوتنی پڕۆژەیەکی لەم جۆرە هەیە.

بەڵام کۆمپانیای Obayashi Corporationی ژاپۆنی پێیوایە بایی ئەوە ئەزموون و لێهاتوویی هەیە دەرەقەتی سەرکێشییەکی لەم قەبارەیە بێت.

ژاپۆن دەیەوێت تاوەکو 2050 ئاسانسواری بۆشایی ئاسمان دروستبکات

کۆمپانیای ئۆبایاشی ئەو کاتە ناوبانگی دەرکرد کە بەرزترین تاوەری جیهانی بە ناوی سکایتری لە تۆکیو دروستکرد (بەرزترین باڵەخانەی جیهان بورج خەلیفەیە لە دوبەی).

کۆمپانیاکە ساڵی 2012 رایگەیاند، دەتوانێت ئاسانسوارێک لە زەوییەوە بۆ بۆشایی ئاسمان دروستبکات.

هەمان ساڵ لە راپۆرتێکدا روونیکردەوە، دروستکردنی ئاسانسوارەکە 100 ملیار دۆلاری تێدەچێت، لە ساڵی 2025 دەست بە دروستکردنی دەکات و لە ساڵی 2050 دەیخاتەکار.

بەڵام وا دیارە هەموو شتێک بە گوێرەی نەخشە بەڕێوە نەچووە. بەرپرسێکی کۆمپانیاکە بە میدیای ئەمریکی گوتووە، پێناچێت ساڵی داهاتوو دەست بە دروستکردنی بکەن، بەڵام کۆمپانیاکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوە، دیزاینی سەرەتایی و دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی لە جێبەجێکردنی پلانەکەیدا یارمەتی بدەن.

هەندێ کەس لە سەرەتاوە بڕوایان بە سەرگرتنی شتێکی لەم شێوەیە نییە.

پار فیزیاناسێک بە ناوی کریستیان جۆنسن راپۆرتێکی لە گۆڤاری Journal of Science Policy & Governance بڵاوکردەوە و گوتی: "ئەمە بیرۆکەیەکی نامۆیە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێ کەس هەن کە زانای راستەقینەن و لە دڵەوە لەمەدا بەشدارن و دەیانەوێت شتەکە بەئەنجام بگەیێنن."

رێگەیەکی هەرزانتری گەیشتن بە بۆشایی

تێچووی ناردنی مرۆڤ، مانگی دەستکرد یان رۆبۆت بۆ بۆشایی ئاسمان زۆرە. بۆ نموونە، ناسا مەزەندە دەکات، هەر گەشتێک بەرەو مانگ بکات، 4.1 ملیار دۆلاری تێدەچێت، واتە هێندەی بودجەی سێ مانگی تەواوی هەرێمی کوردستان.

هۆکارەکە ئەوەیە کە گەیشتن بە بۆشایی ئاسمان پێویستی بەوەیە مووشەکەکان سووتەمەنیی زۆریان تێبکرێت، بەڵام سووتەمەنییەکەش قورسە و بۆ ئەوەی بیگوازێتەوە، پێویستی بە سووتەمەنیی زیاترە؛ سووتەمەنیی زیاتر بۆ هەڵگرتنی سووتەمەنیی زیاتر.

بەڵام ئەگەر ئاسانسوارێک هەبێت، پێویستمان بە مووشەک و سووتەمەنی نابێت.

بەپێی هەندێ لە دیزاینەکان، دەکرێت ئاسانسواری بۆشایی لە رێگەی وزەی کارۆموگناتیسییەوە کار بکات. بۆ ئەوەش، دەکرێت لە دوورەوە وزە بەو بەشەی ئاسانسوارەکە بدرێت کە بەرزدەبێتەوە، بە دوو رێگە:

یەکەم: شانەی وەرگرتنی تیشکی خۆر لە ئاسانسوارەکە ببەسترێت بۆ ئەوەی تیشکی خۆر بگۆڕێت بۆ وزە. ئاسانسوارەکە چەند بەرزتربێتەوە، لە خۆر نزیکتر دەبێت و وزەی زیاتری دەستدەکەوێت.

دووەم: دابینکردنی وزە بۆ ئاسانسوارەکە لە رێگەی کورتە شەپۆلەوە. سەرەتا وزەی کارەبا دەگۆڕدرێت بۆ تیشکێکی کورتە شەپۆل، ئاسانسوارەکە تیشکەکە وەردەگرێت و دەیگۆڕێتەوە بۆ وزە.

راپۆرتی کۆمپانیا ژاپۆنییەکە مەزەندە دەکات، ئەگەر ئەم رێگەیە سەربگرێت، ئەوا ناردنی هەر کیلۆگرامێک بۆ بۆشایی ئاسمان، کەمتر لە 115 دۆلاری تێدەچێت.

جیاوازییەکە زۆرە لەگەڵ مووشەکەکان.

مووشەکی فاڵکۆن 9ی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک، کە بە هەرزانترین مووشەک بۆ گواستنەوەی مرۆڤ و مانگە دەستکردەکان بۆ بۆشایی دادەنرێت، هەر کیلۆیەک بە دوو هەزار و 705 دۆلار (27 گەڵا) دەگوازێتەوە.

سوودەکەی تەنیا هەرزانییەکەی نییە

مووشەکەکان مەترسیی ئەوەیان لێدەکرێت لە نیوەی رێگەدا بتەقنەوە، ئەمە جگە لەوەی گازێکی زۆر دەردەدەنە نێو بەرگە هەواوە.
ئاسانسوارەکە ئەو دووەی نییە.

کۆمپانیا ژاپۆنییەکە چاوەڕوان دەکات ئاسانسوارەکەی بە خێرایی 200 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بڕوات، واتە ناگات بە خێرایی مووشەک، بەڵام لەوەشدا سوودێکی هەیە، کە ئەویش ئەوەیە، لەرزینی کەمتر دەبێت و بۆ گواستنەوەی کەرەستەی هەستیار، زیانی نابێت.

کۆمپانیا ژاپۆنییەکە پێیوایە، ئەو کارەی دەیکات، خزمەتێکە بە تەواوی مرۆڤایەتی.

بەشی ئەوە ئاسن لە سەر زەوی نییە ئاسانسواری بۆشایی پێ دروستبکرێت

ئێستا، بەربەستی هەرە گەورەی بەدیهێنانی ئەم خەونە زانستییە ئەوەیە کە چی بەکاربێنن بۆ ئەوەی ئەو پەت و لوولەکەی پێ دروستبکەن کە زەوی بە بۆشایییەوە دەبەستێتەوە.

بیرۆکەکە ئەوەیە کە ئاسانسوارەکە بەنێو لوولەکێکدا بەرزبێتەوە.

بۆ ئەوەی بەرگەی پەستانی پشتشکێنەر بگرێت، پێویستە لوولەکەکە زۆر ئەستووربێت.

جۆنسن دەڵێت: "ئەگەر بتەوێت لە ئاسن دروستی بکەیت، ئەوا ئەو ئاسنەی لە زەویدا هەیە، بەشت ناکات."

کۆمپانیا ژاپۆنییەکە لە راپۆرتەکەیدا پێشنیازی کردووە نانۆلوولەکی کاربۆنی بەکاربێنن. نانۆلوولەک بریتییە لە چینێکی گرافیت، ئەو مادەیەی لە پێنووسی قورقشمیندا بەکاردەهێنرێت.

ماددەکە زۆر سووکترە و ئەگەری شکانی لە ژێر پەستاندا کەمترە بەراورد بە ئاسن. بەو شێوەیە، وەک جۆنسن دەڵێت، قەبارەی ئاسانسوارەکە زۆر قەبە نابێت.

بەڵام لێرەدا کێشەیەک هەیە.

ئەگەرچی نانۆلوولەکەکان زۆر بەهێزن، زۆر ورد و بچووکن، تیرەکەیان یەک نانۆ مەترە، واتە 0.000000001 مەتر. بۆیە زانایان تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە چینێکی زۆر درێژیان لێ دروستبکەن.

درێژترین چین نانۆلوولەکی کاربۆن دروستکرابێت، کەمتر لە یەک مەترە.

بۆ ئەوەی ژێرەوە و سەرەوەی ئاسانسوارەکە لەگەڵ یەکدا بسوڕێنەوە و لاربوونەوە و تێکشکان روونەدات، پێویستە ئاسانسوارەکە لانیکەم 35 هەزار کیۆمەتر درێژ بێت بۆ ئەوەی لای سەرەوەی بگاتە خولگەی زەوی. بۆچی؟

چونکە ئەو شتانەی لە خولگەی زەویدان، هاوتەریب لەگەڵ زەویدا دەسوڕێنەوە، بەو شێوەیەش ئاسانسوارەکە وەک یەک پێکهاتە، لە سەرەوە تا خوارەوە، پێکەوە دەجووڵێتەوە.

نانۆلوولەکەکان هێشتا زۆر لەوە دوورن ئەوەیان پێ دروستبکرێت.

بەڵام جۆنسن دەڵێت: "شتەکە ئەستەم نییە."

کۆمپانیا ژاپۆنییەکە دەڵێت ئەگەر ئەمانە هەموویان سەرنەکەوتن، ئەوا بیر لە مادەی دیکە دەکەنەوە.

بەربەستەکانی دیکە

تەنانەت ئەگەر مادەیەکی گونجاویش بدۆزرێتەوە، کێشەی دیکە هەیە.

بۆ نموونە، دەکرێت پەستانی هەوا و گوشارەکانی دیکە لەسەر ئاسانسوارەکە بە جۆرێک گەورە بن کە بیپسێنن، ئەمە وەک جۆنسن لێکی دەداتەوە. هەروەها دەکرێت گەردەلوول، زریان و رەشەباش کاری تێبکەن.

ئەگەر بنکەی ئاسانسوارەکەی لە ناوچەی کەمەرەیی زەوی دابنرێت، کەشوهەوا زیانی کەمتری پێدەگەیێنێت. بەڵام جۆنسن پێیوایە، بۆ ئەوەی دەستی "تیرۆریستەکان"ی پێنەگات، پێویستە لە نێو زەریادا بێت.

 

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif