37 کەس خۆیان بۆ شوێنگرتنەوەی ئیبراهیم رەئیسی بەربژێر کردووە

ليست هناك تعليقات


ئەمڕۆ چوارەمین رۆژی تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران. بەپێی دەستەی هەڵبژاردنەکان، تائێستا 37 کەس ناوی خۆیان تۆمار کردووە. دیارترینیان، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، عەلی لاریجانی، سەعید جەلیلی و عەبدولناسر هیمەتی-ن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی حوزەیرانی 2024، موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاند: "ئەمڕۆ 57 کەس سەردانی دەستەی هەڵبژاردنیان کرد کە حەوت کەسیان ژن و 50 کەسیان پیاو بوون، لەو 57 کەسانەش ناوی 20 کەس بۆ بەربژێربوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تۆمار کرا."

موحسین ئیسلامی گوتی، لە ماوەی چوار رۆژدا 137 کەس سەردانکەریان هەبووە کە 15 کەسیان ژن و 122یان پیاو بوون، لەو کەسانەش تائێستا 37 کەس توانیویانە ناوی خۆیان وەک بەربژێری پۆستی سەرۆککۆماری تۆمار بکەن.

بە گوتەی موحسین ئیسلامی، مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران یەکێک لەو کەسانەیە کە ئەمڕۆ لە بارەگای دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە ئامادە بووە و ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تۆمار کردووە.

بەپێی گوتەبێژی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران، ئەو کەسانەی دیکە کە لە چوارەمین رۆژی تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکاندا ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە تۆمار کردووە، بریتین لە:

- محەممەد مەهدی ئیسماعیلی، وەزیری کولتووری کابینەی رەئیسی
- مەسعود زەریبافان، سەرۆکی پێشووی فەرمانگەی شەهیدان و نزیک لە ئەحمەدی نەژاد
- حەسەن محەممەدیاری، نوێنەری خولی یانزەیەمی پەرلەمان
- ئیرەج سوفلا شاهڤێردی، فەرماندەی پێشووی ئاسایشی هەواڵگریی هێزی زەوینیی سوپای ئێران
- محەممەدحەسەن قەدیری ئەبیانە، باڵیۆزی پێشووی ئێران لە مەکسیک و ئۆسترالیا
- محەممەد موقیمی، سەرۆکی زانکۆی تاران. سادق خەلیلیان، وەزیری پێشووی کشتوکاڵ
- عەلی سوفی، وەزیری هەرەوزی (تەعاون) لە کابینەی دووەمی محەممەد خاتەمی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران
- مەحموود سادقی، نوێنەری پێشووی پەرلەمان
- حوسێنقولی قاسمزادە، نوێنەری خولی هەفتەمی پەرلەمان.
- حوسێن ئەفشارزادە، ئەفسەری خانەنشین
- شەهریار حەیدەری، نوێنەری چەند خولی پەرلەمان
- حەسەن محەممەدیاری. موجتەبا مەحفوزی
- محەممەڕەزا پوورئیبراهیمی. حوسێن میرزایی
- غولامحوسێن رزوانی. سەیدغەنی نەزەری و جەلیل جەعفەری

دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران رایگەیاندووە، لە سێ رۆژی یەکەمی تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکاندا 17 کەس ناوی خۆیان تۆمار کرد.

لە رۆژی یەکەمدا، سەعید جەلیلی (سەر بە بەرەی نەریتخوازە تووندرۆکانە)، قودرەتعەلی حشمەتیان، موستەفا کەواکبیان (کەسایەتی ریفورمخواز)، عەباس موقتەدایی ناوی خۆیان تۆمار کرد.

لە رۆژی دووەمدا عەلی لاریجانی، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی ئێران و راوێژکاری ئێستای عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، مەحموود ئەحمەدی بیغەش، محەممەد خوش چهرە، عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئێران لە کابینەی حەسەن روحانی، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران ناویان تۆمار کرا.

هەروەها لە رۆژی سێیەمیشدا، عەلیڕەزا زاکانی، سەرۆکی شارەوانیی تاران، ئەحمەد ڕەسولی نەژاد، وەحید حەقانیان، مەسعود پزشکیان، نوێنەری تەورێز لە پەرلەمان، حەبیبوڵڵا دێهموردێ، زوهرە ئیلاهیان (تاکە بەربژێری ژن)، محەممەدڕەزا میرتاجەدینی، نوێنەری تەورێز لە پەرلەمان، فەداحوسێن مالکی توانیویانە ناوی خۆیان وەک بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران لە دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە تۆمار بکەن.

بە پێی میدیای ئێران، تائێستا مەحمود ئەحمەدی نەژاد، عەلی لاریجانی، سەعید جەلیلی، عەبدولناسر هیمەتی دیارترینی ئەو کەسانەی کە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران بەربژێر کردووە.

هەروەها تائێستا یەک ژن خۆی بەربژێر کردووە کە ئەویش زوهرە ئیلاهیان، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی ئێران لە بازنەی تارانە.

زوهرە ئیلاهیان لە دایکبووی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، خوێندنی لە زانکۆی تاران تەواو کردووە و دکتۆرای هەیە لە بواری نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو.

ئیلاهیان لە دوو خولی هەشتەم و یانزەیەمدا، نوێنەری تاران بووە لە پەرلەمانی ئێران و سەر بە لایەنی نەریتخوازانە.

بەپێی ئەو خشتەیەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئیران دانراوە، دوای کۆتایی هاتنی وادەی تۆمارکردنی ناوی بەربژێران، لە ماوەی حەوت رۆژدا لە لایەن ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوورەوە لێکۆڵینەوە لەبارەی شیاوبوونی بەربژێرەکان دەکرێت، 14 رۆژ بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دانراوە و لە رۆژی 28ی حوزەیرانیش هەڵبژاردن دەکرێت.

تۆمارکردنی ناوی بەربژێران بۆ چواردەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران، پێنجشەممە، 30ی ئایاری 2024 دەستیپێکرد و تاوەکو سبەی دووشەممە، 3ی حوزەیرانی 2024 بەردەوام دەبێت.

بەپێی مادەی 35 لە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری ئێران، مەرجە سەرەکییەکانی بەربژێربوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بریتین لە:

- کەسایەتی مەزهەبی، سیاسی بێت
- بە رەچەڵەک ئێرانی بێت
- نیشتەجێی ئێران بێت
- باوەڕی بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامیی و مەزهەبی شیعەی 12 ئیمامی هەبێت
- توانای بەڕێوەبردنی هەبێت
- لانیکەم چوار ساڵ بەرپرسیارییەتی لە دامودەزگاکانی دەسەڵاتدا هەبێت
- پێشینەی تاوانی نەبێت و سزا نەدرابێت
- تەمەنی لەنێوان 40 بۆ 75 ساڵ بێت
- بڕوانامەی ماستەر بە سەرەوەی هەبێت
- سەر بە گرووپ و رێکخراوی نایاسایی نەبێت

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif