دەقی نوێترین وتاری سەرۆکی هەرێم

ليست هناك تعليقات


رۆژی یەکشەممە، 2ـی حوزەیران، نێچیرڤان بارزانی لە کاتی بەشداریکردنی لە ئاهەنگی دەرچوونی گەڕی شەشەمی زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لە دهۆک گوتارێکی پێشکێش کرد.

دەقی گوتاری نێچیرڤان بارزانی:

پێش ئەوەی دەست بە قسەکانم بکەم، دەمەوێ بەخێرهاتنێکی تایبەتی سەرۆککۆمار بکەم کە ئەمڕۆ لەم مەراسیمە لەگەڵ ئێمە بەشدارە، هەروەها بەخێرهاتنی سەرۆکی پەرلەمان کاک موحسین دەکەم کە ئەویش لە بەغدادەوە تەشریفی هێناوە بۆ بەشداری. هەموو لایەکتان بەخێربێن سەرچاو.

دەرچووانی خۆشەویست، ئامادەبووانی بەڕێز، ئێوارەی هەموو لایەکتان باش

بەخۆشحاڵییەوە ئەم ئێوارەیە پێکەوە لە رێوڕەسمی شەشەمین خولی دەرچوونی زانکۆی ئەمریکی کوردستاندا بەشدارین. بە گەرمی پیرۆزبایی لە دەرچووانی ئازیز دەکەم، پیرۆزبایی و دەستخۆش لە دایک و باوک و خانەوادە و مامۆستایانی بەڕێز دەکەم کە ئەوانیش بەشێکی گرنگی سەرکەوتنی ئەمڕۆی ئێوەن. هیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بەردەوامتان بۆ دەخوازم. پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە هەموو دەرچووانی ئەمساڵی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستان و عێراق دەکەم.

دەرچوون لە زانکۆ بۆ هەر قوتابییەک رۆژێکی پڕ لە کامەرانییە، کە ساڵانێک چاوەڕێ بووە. بەڵام بێگومان کۆتایی فێربوون و پێگەیشتن نییە. تەواوکردنی زانکۆ بڕینی قۆناخێکی گرنگی ژیان و بونیادنانی کەسایەتییە، بەڵام سەرەتای رێگەیە و قۆناخێکی نوێیە، کە پڕە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی.

دڵنیام ئەم گەنجە ئازیزانە لەو ئاستەدان و دەتوانن جیاوازیی دروست بکەن. کاتێک دەست بە کار دەکەن یان لە خوێندنی باڵا بەردەوام دەبن، ئەو زانستەی وەرتان گرتووە بە ئەزموون و کردار فراوانتر و دەوڵەمەندتر دەبێت. رووانگە و کەسایەتیتان بەهێزتر دەکات تا بتوانن خزمەتێکی باشتری وڵاتەکەتان بکەن.

بەڕێزان،

چارەنووس و داهاتووی وڵات بە بوونی سیستمێکی پەروەردەیی و بیرکردنەوەی پێشکەوتوو بەندە. کوردستانێکی بەهێز نەوەیەکی زیرەک و شارەزا و لێهاتووی دەوێت، کە لە هەموو بوارەکان بە زانست و زانیاری پڕچەک کرابێت. بۆیە گرنگە و پێویستە قوتابییان ئەوپەڕی بایەخ بە خۆ پەروەردەکردن و خۆ پێکەیاندنێکی باشتر بدەن. قوتابخانە و زانکۆش هەمیشە لەگەڵ تازەترین پێشکەوتنە زانستییەکاندا خۆیان نوێ بکەنەوە.

ئەرکی زانکۆیە دەرچووانێک پێشکەش بە کۆمەڵگە بکات کە لە هەموو روویەکەوە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی کار و بازاڕ و پێشخستن و گەشەسەندنی ئابووریی ئێستا و داهاتووی وڵات بن، بتوانن بگەنە کاروانی جیهانی پێشکەوتوو. تا سەرمایەگوزاری لە پەروەردە و فێرکردندا بکەین هێشتا کەمە. دەبێ سیستمی زانکۆ و پەیمانگەکانمان بایەخی تایبەت بە لایەنی زانستە مرۆییەکان و بونیادنانی مرۆڤ و بەرەوپێشبردنی توانا و سەرچاوە مرۆییەکان بدەن. دەبێ پرۆگرامی خوێندن و پەروەردەمان نەوەیەک دروست بکات بیرکەر، دەستپێشخەر و داهێنەر بێت، بتوانێت کۆمەڵگەیەک بونیاد بنێت بەهێز ویەکگرتوو بێت، کەلتووری فرەڕەنگیمان بپارێزێت، وڵاتی خۆی خۆشبوێت و شانازی پێوە بکات، نیشتمانییانە بیر بکاتە و رەفتار بکات، نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێکییەوە بێت، بیری تووندڕەوی و تووندوتیژی رەتبکاتەوە و بە هێز و بڕواوە بەرامبەری بوەستێتەوە. برەو بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن و هاوکاری و هاوبەشی و چارەسەری ئاشتییانە بدات و بەرگریی لە ژیان و رێز و شکۆی مرۆڤ بکات.
گۆڕانی ئاو و هەوا، دەرفەت و مەترسییەکانی زیرەکی دەستکرد و دڵنیابوون لەوەی بۆ چاکەی مرۆڤ بەکاردێت، زیادبوونی رێژەی دانیشتووان، پاراستنی ئاسایشی ئاو و خۆراک و چەندانی دیکە، هەڕەشە لەسەر ئێستا و داهاتووی جیهان دەکەن. دەبێ بە تەواوەتی ئێمەش لە کوردستان و عێراق خۆمانی بۆ ئامادە بکەین.

پێویستە دەرچووانی زانکۆ توانا و بەشدارییەکی تەواویان هەبێت و یارمەتیدەربن لە دۆزینەوە و چارەسەر و رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیران و مەترسییانە. مرۆڤایەتی تەنیا بە زانست و هاوکاری و پلان و ستراتیجی هاوبەش دەتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە.

بەڕێزان،

من بڕوای تەواوم بە زیرەکی و توانای گەنجانمان هەیە، هەروەها بە خەمخۆری مامۆستایانی دڵسۆز هەیە. بۆیە بە گەشبینی و ئومێدەوە و بە دڵنیایی سبەی لە ئەمڕۆ باشتر دەبێت.

ئەمڕۆ کە دەبینم ئەم گەنجانە زانکۆ تەواو دەکەن، داهاتووی کوردستانم گەشتر و رووناکتر دێتە بەرچاو، ئەوەی زیاتر ئێمە لەم مەراسیمە دڵخۆش دەکات و وا دەکات هەموومان بە ئومێدێکی زیاترەوە لە داهاتوو بڕوانین، نموونەی یەکێک لەو 60 دەرچووانەیە کە ئەمڕۆ بڕوانامە لەم زانکۆ پێشکەوتووە وەردەگرێت، ئەو کچێکی زیرەک و لێهاتووی ئێزدییە. رزگاربووی دەستی داعشە. وێڕای هەموو نەهامەتییەکان، کۆڵی نەداوە و مکوڕ بووە کە هەر دەبێ زانکۆ تەواو بکات. بوێری و خۆڕاگریی بەردەوامی ئەو تا تەواوکردنی زانکۆ، چیرۆکی سەرکەوتنە، ئیلهامبەخشە و چرایەکی هیوایە بۆ هەموو قوتابیانی دیکەی (رزگاربوونی) دەستی داعش لە هەموو پێکهاتەکان. لێرەوە بەناوی خۆم و هەمووتانەوە بەگەرمی پیرۆزبایی و دەستخۆشیی لێدەکەم. هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە ژیان، بۆ خۆی و هەموو ئەوانی تر.

بەڕێزان،

وەک ئاگادارن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق لێکتێگەیشتن هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، خۆشبەختانە ئەمەش سەقامگیریی سیاسی دروست دەکات. ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە پەرۆشەوە لە سەرکەوتنی هەوڵەکان بۆ رێککەوتن و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان دەڕوانین، بەتایبەتی ئەوانەی کە پەیوەندییان بە ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران و خەڵکەوە هەیە.

سوپاسی رۆڵی سەرۆکوەزیرانی فیدارڵی عێراق، بەڕێز سوودانی و سەرکردە و لایەنە عێراقییەکان دەکەین کە لەمبارەوە هاوکارن. هەروەها دەستخۆشی لە سەرۆکوەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵ بە‌‌غدا و هەموو هاوکاری و پشتگیرییەکیش بۆ هەوڵەکانیان لەلایەن ئێمەوە بەردەوام دەبێت.

ئێمە دووپات لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ بەغدا دەکەینەوە، خۆشحاڵم بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هیوای چارەسەری یەکجارەکی هەموو کێشەکان دەخوازم، هەر ئەوەش خزمەتی تەواوەتی بە عێراق دەکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە. ئێمە پێکەوە دەتوانین وڵاتێکی سەقامگیر و بەهێز بونیادبنێین کە پێگەی شایستەی خۆی لە ناوچەکە وجیهاندا هەبێت. بتوانێت دەوڵەمەندییەکەی بۆ پێشخستن و گەشەسەندن و خزمەتی باشتر بقۆزێتەوە، لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەرەو پێش دەچن و هاوبەشییەکانمان لە ناکۆکییەکانمان زۆرترن.
لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان بۆ هەمیشە بە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری و پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکە دەمێنێتەوە.

دووبارە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە دەرچووانی ئازیز دەکەم، پێیان دەڵێم داهاتووی وڵات لەسەر شانی ئێوەیە، سبەی ئێوە ئەم وڵاتە بەڕێوە دەبەن و کاردەکەن بۆ ئەوەی هەموو شتێک بۆ نەوەکانی داهاتوو باشتر بکەن. ئومێدمان بە ئێوەیە و سەرکەوتن و پیرۆزبایی و پشتگیریی لە دامەزراندنی دەستەی متمانە بەخش و پرۆگرام و دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان دەکەم.

هەروەها پیرۆزباییەکی گەرم لە بەرنامەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێز کاک مەسرور دەکەم بۆ پێشخستنی سیستمی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا.

 
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif