عێراق پشتیوانی لە ئاگربەستی غەززە دەکات

ليست هناك تعليقات


وەزارەتی دەرەوەی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە و کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچەیەی فەلەستین راگەیاند.

بەیانیی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2024) وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستپێشخەریی نوێی تایبەت بە راگەیاندنی ئاگربەست بڵاوکردەوە.

وەزارەتەکە دەڵێ "لە کاتێکدا پشتیوانی لەو دەستپێشخەرییەی سەرۆکی ئەمریکا بە هاوئاهەنگیی قەتەر، میسر و چەند وڵاتێکی دیکەی عەرەبی بۆ راگرتنی شەڕ و پێکدادان لە غەززە دەکەین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەین هەوڵەکانی بۆ راگرتنی هەوڵە دوژمنکارییەکان چڕبکاتەوە."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەرپرسیاریێتییەکانی بەجێبگەیێنێت و رێگری لە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی مافەکانی مرۆڤ بکات، داواش لە "فەلەستینییەکانیش دەکەین وەڵامی ئەرێنییان بۆ دەستپێشخەرییەکان هەبێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی مافەکانیان، گەیشتن بە خواستە رەواکانیان، کەمکردنەوەی ئازار و نەهامەتییەکانی گەلی فەلەستین."

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، پێویستە هێزەکانی ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە بکشێنەوە بۆ ئەوەی ئاوەدانکردنەوە دەستپێبکات، ئاماژە بەوەش دەکات عێراق لەگەڵ وڵاتە دۆست و هاوبەشەکانی کاردەکات بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییە پێویستەکان و، هەوڵەکانیشی چڕدەکاتەوە "بۆ راگرتنی ئەو ستەمەی لە گەلی فەلەستینی خۆڕاگر دەکرێت."

رۆژی هەینی، 31-05-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاند "ئیسرائیل پێشنیازێکی نوێ و تێروتەسەلی بۆ راگرتنی جەنگی غەززە کردووە. ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی حەماس بیسەلمێنێت ئاگربەستی دەوێت."

بایدن لەکاتی روونکردنەوەی هێڵە گشتییەکانی ئەو پێشنیازەی ئیسرائیل کە بە گوتەی خۆی لە رێگەی قەتەرەوە بۆ حەماس نێردراوە، گوتی "پێشنیازەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت. قۆناخی یەکەم شەش هەفتەیە، تێیدا ئاگربەستێکی کاتی رادەگەیێنرێت و هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی غەززەی لێ نیشتەجێن، دەکشێنەوە."

هەر لە قۆناخی یەکەمی ئەو پێشنیازە، هەروەک بایدن رایگەیاند، ئەو بارمتانە ئازاد دەکرێن کە ژن، بەساڵاچوون و بریندارن؛ بارمتەکان لەگەڵ سەتان بەندکراوی فەلەستینی ئاڵوگۆڕ دەکرێن.

سەرۆکە 81 ساڵییەکە گوتیشی "لەماوەی ئەو شەش هەفتەیەی قۆناخی یەکەم، ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بچنە قۆناخی دووەم. ئەگەر گفتوگۆکان کاتی زیاتریان ویست، ئاگربەستی کاتی هەر بەردەوام دەبێت."

بایدن داوای لە حەماس کرد پێشنیازەکە پەسندبکات و بچێتە سەر مێزی گفتوگۆ و، گوتی "ئێستا کاتی ئەوەیە جەنگەکە بووەستێت. ئەگەر حەماس پابەندیی خۆی بپارێزێت، ئاگربەستە کاتییەکە دەبێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی."

ئەوەی لەبارەی دوو قۆناخەکەی دیکەی پێشنیازەکەیە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی "لە قۆناخی دووەم ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێنرێت و هەموو بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن. لە قۆناخی سێیەمیش، پلانی بنیادنانەوەی غەززە بە هاوکاریی وڵاتە عەرەبییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەنرێت."

ئەوەی لەبارەی حەماسە، بایدن گوتی "ئێستا حەماس توانای دووبارەکردنەوەی هێرشێکی هاوشێوەی 7ـی ئۆکتۆبەری نییە و ئیسرائیلیش دەیەوێت دڵنیابێتەوە بەرژەوەندییەکانی پارێزراون."

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif