دەیەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا؛ کام وڵات زۆرترین کورسیی بەردەکەوێت؟

ليست هناك تعليقات


ئەمڕۆ شەممە 08-06-2024 سێیەم رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپایە. هەڵبژاردنی ئەمڕۆ لە چێک، لاتڤیا، ماڵتا و سلۆڤاکیا بەڕێوەدەچێت.

بڕیارە سبەی یەکشەممە دوایین رۆژ و گرنگترین رۆژی هەڵبژاردنەکە بێت؛ کە لە 20 وڵات هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا دەکرێت.

یەکێتیی ئەورووپا چییە و چەند ئەندامی هەیە؟

یەکێتیی ئەورووپا یەکێتییەکی سیاسی و ئابوورییە کە لە 27 وڵاتی ئەورووپی پێکدێت. ئەندامەکانی بریتیین لە نەمسا، بەلجیکا، بولگاریا، کرواتیا، قوبرس، چیک، دانیمارک، ئیستۆنیا، فینلاند، فەرەنسا، ئەڵمانیا، یۆنان، هەنگاریا، ئایرلاند، ئیتالیا، لاتڤیا، لیتوانیا، لوکسەمبۆرگ، ماڵتا، هۆڵەندا، پۆڵاند، پۆرتوگال، رۆمانیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، ئیسپانیا و سوێد.

پایتەختی یەکێتیی ئەورووپا شاری برۆکسلە کە لە هەمان کات پایتەختی بەلجیکایە و بارەگای پەرلەمانەکەی لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسایە.

زمان و ئایین

یەکێتییەکە 24 زمانی فەرمیی هەیە، لەوانەش فەرەنسی، ئەڵمانی، ئینگلیزی، ئیتاڵی و ئیسپانی. 71.6%ی دانیشتووانی یەکێتییەکە کریستیان، 24%ی بێ ئایین، 1.8% موسڵمان و 2.6%یش ئایینی دیکەیان هەیە.

دانیشتووان و رووبەر

رووبەری تەواوی یەکێتیی ئەورووپا چوار ملیۆن و 233 هەزار و 262 کیلۆمەتر دووجایە و 448 ملیۆن و 387 هەزار و 872 کەسی لێ دەژی.

ئابووری و دراو

کۆی بەرهەمی نێوخۆی یەکێتییەکە 17 تریلیۆن و 818 ملیار دۆلارە؛ رێژەی بێکاریی یەکێتیی ئەورووپا 6%ـە.

دراوی سەرەکیی یەکێتییەکە یۆرۆیە و 20 وڵاتی ئەو یەکێتییە بەکاری دەهێنن. ئەو 20 وڵاتە ناوچەی (یۆرۆزۆن) پێکدەهێنن.

جگە لە یۆرۆ، هەریەک لە دراوەکانی لێڤی بولگاری، کرۆنی دانیمارکی، فۆرینتی هەنگاری، لێوی رۆمانی، کرۆنی سوێدی و کرۆنی چێکی بەکاردێن.

رێژەی هەڵاوسان لە یەکێتییەکە 2.6%ـە؛ بەرزترین مووچەی ساڵانە لە لوکسەمبۆرگە کە 73 هەزار یۆرۆیە.

قەبارەی ئەندامان

ئەڵمانیا لەڕووی دانیشتووانەوە گەورەترین ئەندامی یەکێتییەکە و 83 ملیۆن کەسی لێ دەژی. ماڵتا بچووکترین ئەندامە و نیو ملیۆن هاووڵاتی هەیە. فەرەنسا گەورەترین ئەندامی یەکێتییەکە لەڕووی رووبەرەوە و ماڵتا بچووکترینە.

حکومەت و پەرلەمان

یەکێتیی ئەورووپا لە ئەنجوومەن و کۆمیسیۆنی ئەورووپا پێکدێت.

ئەنجوومەنی ئەورووپا خۆی لە سەرکردەی ئەندامەکانی یەکێتییەکە دەبینێتەوە، رێنوێنیی گشتی دەدەن و لەسەر بڕیارە زۆر گرنگەکان رێکدەکەون. چارلز میشێل سەرۆکی ئەنجوومەنەکەیە.

کۆمیسیۆنی ئەورووپا یاسا پێشنیاز دەکات، سەرپەرشتیی کاری رۆژانە دەکات و لە دەرەوە نوێنەرایەتیی یەکێتییەکە دەکات. ئورسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکییەتی.

پەرلەمانی ئەورووپا لە ساڵی 1952 دامەزراوە و 720 کورسی هەیە، لە 18-01-2022ەوە رۆبێرتا مێتسۆلا سەرۆکی پەرلەمانە.

پەرلەمانەکە 22 لیژنەی هەیە لەوانەش بودجە، کاروباری ئابووری، ژینگە، تەندروستی، وزە، پیشەسازی، گەشتوگوزار، پەروەردە و مافی مرۆڤ.

هەر خولێکی پەرلەمانی ئەورووپا پێنج ساڵە و مووچەی مانگانەی ئەندامەکانی 8932 یۆرۆیە.

یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە ساڵی 1979 بەڕێوەچوو، دوایین هەڵبژاردن لە 2019 و ئەم ساڵیش هەڵبژاردنی دەیەمی پەرلەمانەکە بەڕێوەدەچێت و رۆژی 09-06-2024 کۆتایی دێت.

دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکان بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانە. ئەڵمانیا زۆرترین کورسیی پەرلەمانی هەیە کە 96 کورسییە. فەرەنسا 81 کورسی، ئیتاڵیا 76، ئیسپانیا 61، پۆڵاند 53 و هەریەک لە ماڵتا و لوکسەمبۆرگ و قوبرس شەش کورسیان بەردەکەوێت.

 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif